بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت؟

 گەرمیان خالید گڕاوی - ملازمی مافپەروەر

 

سەرەتای ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم، لە وڵاتی بەریتانیا، ئینگلیزەکان بۆ یەکەمجار ماددەی (تلیاک)یان بۆ چین گواستووەتەوە، لەوکاتەدا ھیرۆین، کۆکاین و تلیاک وەک ئامرازێکی سیاسی لە دەستی دەوڵەتدا بوو، وەک چەکێکی سیاسی دژی چینیەکان بەکاریان دەھێنا، ئەمە بوو بە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بەشێوەیەکی خێرا و دروستبوونی ڕێکخراو و گروپی گەورەی تاوانکاری، لەوێوە بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر بوو بە دیاردەیەکی جیھانی.

 

 ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تا ئێستاش باجی فراوانی بڵاوبونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەدات لە وڵاتەکەی، کە ئەمەش لە مێژوویەکی دووروەوە دەستپێدەکات، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم سەربازی ئەمریکی لە ڤێتنام ئاڵوودەی ھیرۆین بوو، ساڵێک دواتر لە گووتارێکی مێژوویدا، ٣٧مین سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن، شەڕی دژ بە ماددەی ھۆشبەر ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستاش ئەمریکا گەورەترین بازاڕی ماددەی ھۆشبەرە بە جۆرێک ڕێژەی بازرگانان لە دکتۆری ددان زیاترە لەو وڵاتەدا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە ئەمریکادا لە ھەڵکشاندایە بە شێوەیەک بە پێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و نەھێشتنی نەخۆشیەکان لە ئەمریکا-CDC تێکڕای مردن بە ھۆی ماددەی ھۆشبەر لە ساڵی ٢٠٠٠-٢٠١٦ بە نزیکەی ٪‏١٣٦ زیادیکردووە.

 

ئەمڕۆ بازرگانیی ماددەی ھۆشبەر یەکێکە لە گەورەترین بازرگانیە جیھانیەکان، وەک گەورەترین کێشەش دەبینرێت بۆ کۆمەڵگەکان، لە جیھاندا تێکڕای سەرماییەی بەگەڕخراو لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەردا دەگاتە نزیکەی چوارسەد ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٪‏٨ی کۆی گشتی بازرگانی لە جیھان و تێکرای بەکارھێنەرانیشی دەگاتە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا.

 

کوردستانیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە لە بابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بە جۆرێک چینێک بەکاریدەھێنن کە ئاستی ھۆشیاری و پەروەردەیان لە ئاستێی ھێندە نزم دایە نازانن لێکەوەتە خراپەکانی چین و کاریگەریان چیە؟ جیا لەوەش درکیان بە قەدەغە و ترسناکی ماددە ھۆشبەرەکان نەکردووە، ئاشناییان نییە بەوەی گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر وەڵامدانەوەی فیزیۆلۆژیکی جەستەیە بە کەڵک وەرگرتنی دووبارە لە ماددە ھۆشبەرەکان.

 

ئەمەش چەندین ھۆکار لەخۆی دەگرێت:

کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە بڵاونەکردنەوەی ھۆشیاری، نەگەیاندنی پەیامی ترسناکی ماددەی ھۆشبەر بە کۆمەڵگە و ھۆشیار نەبوونی خێزان و پەروەردەی ناتەندروست، ئاسانی لە بەدەستھێنان و بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی گروپی جۆراوجۆر لە ژێر ناونیشانی نەمانی خەمۆکی و چوونە جیھانی مەستی.

 

پێش ئەوەی کەسی بەکارھێنەر پێوەی ئالودە بێت، دەبێت بزانێت دوای ئاڵوودەبوون نە خێزان نە ژیان نە خواردن و خواردنەوە، تەنانەت خەو و بیرکردنەوەش وەک خۆی نامێنێت، بەڵکو تەواو ژیانی پێچەوانە دەبێتەوە، لە نیشانە دیارەکانی دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی کێش، خەمۆکی زۆر، کەمی خواستی جنسی، ڕەشبوونی ڕەنگی پێست بە تایبەت ژێرچاو، تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی جۆراوجۆر، تێکچوون و نەمانی خەو، توشبوون بە نەخۆشی لە دڵ و سیەکان، توشبوون بە ئایدز و ھێپاتیت، لە ناوچوون و مردن.

 

لەگەڵ تەواوی لایەنە خراپەکانی ماددەی ھۆشبەر، بەڵام بوونە دیاردە لە بابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبینرێت لە کوردستان، بەجۆرێک لە دادگا، کەیسە ھەرە زۆرەکان بازرگانی و کێشانی ماددەی ھۆشبەرە، بووەتە عادەت لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار بەرەو ڕووی تۆمەتبار، کە زۆرجار گوێبیست دەبم لە دادوەر لە کاتی دادگایکردن، یەکەم پرسیاری دەیکات و دەڵێت (بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت)، ئەمە بۆمان پشتڕاست دەکاتەوە ماددەی ھۆشبەر لە چ ئاستێکی بەرزدایە.

 

بۆ ھەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەش ڕووبەڕوو بوونەوەی مادەی هۆشبەر قورس نییە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لە ئاست بەربڵاوی دیاردەکە و مەترسیەکانی تێبگەن و کاری جدی بکەن بۆ نەھێشتنی، پشتگوێخستنی لەلایەن بەرپرسانی ھەرێم و بە ئاسانی داخڵبوونی بە ڕێگەی قاچاغ و لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەگەر ڕووبەڕوو بوونەوەکان لە ئاستێکی پێویستدا نەبێت کار لە کاران دەترازێت.!

 

چارەسەریش گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی قورسە لە سنوورەکان بۆ کۆنتڕۆڵی سنووری بازرگانیی نایاسایی، بەتایبەت ماددەی ھۆشبەر، وە سەپاندی سزای تووند و غرامە کردن (پێبژاردن) بە بڕێکی زۆر کە لە توانای ماددەی بەکارھێنەر یاخود کەسی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر زۆر زیاتر بێت.