ئەو ژنەی کە دەبێت بە سەرۆک وەزیران لە بەریتانیا

د.ساماڵ مانی – توێژەری بواری فەلسەفە

 

لە بەریتانیا دەپرسن: ئایا مێری ئیلیزابیت ترەس' دەبێت بە 'ژنە ئاسنینەکە'ی پێشتر سەرۆک وەزیران بووە لە بەریتانیا؟

 

'ترەس' لە هەمان حزبەکەی مارگرێت تاتچەرە کە یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو و بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا ناوبانگی دەرکرد و لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٥ هەتا ١٩٩٠) پانزە ساڵ سەرۆکی حزبەکەی بوو، لە (١٩٧٩ هەتا ١٩٩٠) یانزە ساڵیش سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو.

 

ئەو حزبەی ئەم دوو ژنەی تیایدا بوون بە سەرۆک و سەرۆک وەزیران، حزبی کۆنەپارێز/موحافزین، کۆنسێرڤاتیڤ/تۆری‌یە لە بەریتانیا کە لە ساڵی ١٨٣٤ لە سەدەی نۆزدەدا دامەزراوە، ١٨٨ ساڵ لەمەوبەر، لەو کاتەدا تەنها دوو حزبی سەرەکی دژە پرەنسیپی یەکتری لە بەریتانیا هەبوون: حزبی کرێکاران/لەیبەر کە لە ساڵی ١٩٠٠ سەرەتا ساڵی سەدەی بیستدا دامەزرا، بەرامبەر بە حزبی خاوەن سەرمایەکان/تۆری یا کۆنەپارێزەکان کە (٦٦) ساڵ پێشتر دروستببوون و سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان لە بن دەستدا بوو، ئەم دوو حزبە هەتا ئێستاش ڕکابەری یەکترن، بەڵام پرەنسیپ و سیاسەتیان وەک کاتی دروستبوون و مێژووی خەباتیان نییە، کۆنەپارێزەکان بە لای چەپدا کشاون و کرێکارەکان بەرەو سەنتەر.

 

مارگرێت تاتچەر ئەو ساڵەی من پاش دایکم لە کوردستان چوومە ناو سیاسەتەوە، ئەو چەند ساڵێک بوو سەرۆکی حزبەکەی بوو و یەکەم ساڵی بوون بە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بوو لە بەریتانیا، ئەو ساڵەش کە من وەک پەنابەری سیاسی گەیشتمە بەریتانیا ئەو هێشتا هەر سەرۆکی حزبەکەی و سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام نازناوی ژنە ئاسنینەکەی لێنرابوو، ئەو نازناوەی چەند لەبەر بەهێزبوونی پێی بەخشرا بوو، هێندەش لەبەر خراپی و توندیی سیاسەتەکەی بوو، من خۆمم دێتەوە بەرچاو لە چەندین خۆپیشاندانی ناو بەریتانیادا دژ بە سیاسەتی تاتچەر.

 

یەکێک لەو خۆپیشاندانانەم دژ بە تاتچەر، لەگەڵ زۆر لە ئەندام پەرلەمانەکان و سەرانی حزبەکان و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و نووسەران و خوێندکاران و مامۆستاکان و ژنان و میدیاکاران و هەموو ئەوەی کە ناویان هەبوو لە بەریتانیا، دژ بە سەپاندنی یاسای نوێی کاونسڵ تەکس/زەریبەی سەرانە بوو لەلایەن تاتچەرەوە، کە هەتا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی بەریتانیا پێوەی دەناڵێن و هەموو کەسێک کە لە بەریتانیا دەژی ساڵانە لە هەزار پاوەند زیاتر سەرانە دەدات بە حکومەتی بەریتانیا سەرەڕای زەریبەکانی تر.

 

ئیلیزابیت ترەس نابێت بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا، سیاسەتی حزبەکەشی ئەو سیاسەتەی ئەوسا نییە، بەڵام دەبێت بە سەرۆکی حزبەکەی و سەرۆک وەزیران لە بەریتانیا، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە پەنجە ڕادەکێشن، بە تایبەتی ئەوەی ترەس دەکات بە سەرۆک وەزیران ئەو پەیمانەیە کە بە هاوڵاتیان و حزبەکەی خۆی داوە لە ئێستادا، داڕشتنی پلانێک کە تاکس/زەریبە کەم بکاتەوە لەسەر خەڵک، داڕشتنی پلانی ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی گاز لەسەر هاوڵاتیان کە ئەمساڵ گیرفان هەڵدەتەکێنێت لەبەر بەردەوامی شەڕی نێوان ئەوروپا/ ئۆکراینا و ڕووسیا.

 

ترەس سەرکەوتوو دەبێت یان نا، نادیارە، بەڵام ئەمە ئەو پەیمانەیە کە پێی دەبێت بە سەرۆکی حزبەکەی و بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.