توندوتیژی بەرامبەر ژنان و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی شەرمنانە
شادی نەوزاد – ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
کاتێک هەرێمێک یاخود دەوڵەتێک دەیەوێت ڕووبەڕووی دیاردەیەکی کۆمەڵگه ببێتەوە، هەنگاوی یەکەمی ڕووبەڕووبونەوەکە ئەوەیە کە بەتەواوەتی و بە ڕاستی ئەو کێشەیە بخاتە ڕوو کە هەیەتی دواتر دەتوانێت لە چوارچێوەکانی کێشەکە تێبگات و کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بکات.
هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا و بە هەموو هەوڵەکانیەوە لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا شەرمنانە و لەبەر خاتری خاتران لە بەرامبەر کێشەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەستاوەتەوە.
کاربەدەستانی هەرێم (لە هەموو پلە و پۆستەکاندا) تا ئێستا نەیانتوانییوە تێگەیشتنێکی گشتگیریان هەبێت بۆ کێشەی توندوتیژی(جا توندوتیژی بێت بەرامبەر ژنان، خێزان یاخود منداڵان)، ئەمە وای کردووە کە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئەوەندە هێواش و سەرپێیی بێت هەندێک جار شەرمیش بکەین لە باسکردنی.
توندوتیژی(بە تایبەت توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان) هەموو چەند ساڵ جارێک دەبێت پێداچوونەوە بۆ یاسا و ڕێکارەکانی بکرێت، چونکە لەو جۆرە ئاکارانەیە کە چەند ساڵ جارێک خۆی دەگۆڕێت و لە جۆری نوێدا دێتەوە ناو کۆمەڵگه، هەموارکردنی یاساکان یەکێکن لەو کارانەی دەبێت بکرێت (کە ئێستا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە پرۆسەی هەمواردایە لە پەرلەمانی کوردستان و بە دەیان جۆر تەگەرە و کۆسپدا تێپەڕیوە هەر لە بەکارهێنانی زاراوەکان و دانانی پێشنیارەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان و باوەڕ بوون و نەبوون بە چەمکە بەکارهاتووەکان لە ناو هەموارەکەدا)، بەڵام هەموو کارەکە تەنیا هەمواری یاساگەلێک نیین کە تا ئێستا بەشی زۆری جێبەجێ نەکراوە و بەرچاوڕون نین لەوەی چەند لە هەموارەکەش جێبەجێ دەکرێت، بەڵکو کاری سەرەکی لە پێکهاتەی ئەو لایەنانەدایە کە دەبێت یاساکە جێبەجێ بکەن.
بەشی زۆری لایەنی جێبەجێکار دەکەوێتە ئەستۆی یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، کە تاکو ئێستا نە بودجەی پێویست کە بابەتی سەرەکییە لە دەستڕاگەیشتن بە هەموو ئەو کەیسانەی دەبێت بگەنە سەریان لە کاتی پێویستدا، نە ئیمکانیاتی مرۆیی پێویست کە زۆربەی جار کەیسەکان ئەوەندە کاتێکی زۆریان پێ دەچێت کار لە کار دەترازێت لە کێشەکاندا، نە ڕوئیایەکی ڕوون و ئاشکرا (لە دوای ڕێکارەکانی کەرەنتین لە هەرێمی کوردستان و چەند ڕۆژ دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی یوئێن ومێن و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە تێیدا باس لەوە دەکەن هیچ جۆرە دیکۆمێنتکردنێک و بەداتا وەرگرتنێکی توندوتیژی پێش سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس بۆ سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس ناگونجێن و دەبێ بیر لە ڕێگەی نوێ بکەینەوە، بەوپێیەی ڕێژەکانی توندوتیژی ڕوویان لە زیادبوون کردوە و بەربەستی سەرەکی پێکەوە بوونی هەموو خێزان و کەسانی توندوتیژکارە لەگەڵ کەسی توندوتیژیلێکراو، دوان لە بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە جێبەجێکارەی هەرێم پێیان وابوو گەڕانەوەی پیاوان بۆ ناوخێزان و پێکەوەبوونی کاتێکی زۆری خێزان هۆکار بوون بۆ کەم بوونەوەی ڕێژەکانی توندوتیژی، کە بۆ من مایەی شۆک بوون بوو لەو کاتەدا و تا ئێستاش کە ئەو ڕوئیایە لە ترۆپکی ئەو دەسەڵاتە جێبەجێکارەدابن).
یەکێکی دیکە لەو لایەنانەی دەسەڵاتی گەورەی هەیە لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دادگاکانن، کە ئەمانیش زۆر جاران نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی ئەو داواکارییە زۆرانە بن کە لێیان دەکرێت بە یەکلاکردنەوەی چی زووە داواکانە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە وتارێکدا ئاماژەم بە قۆناغێکی ترسناک کرد کە ڕەنگە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی ببێتەوە، ئەویش زۆری داواکانی دادگای توندوتیژییە و لە بەرامبەردا کەمی یەکلابوونەوەی سکاڵاکانە، کە ئەمەش وادەکات لە دورمەودادا باوەڕ بە دادگاکان کەم ببنەوە وەک ئەو شوێنەی پارێزگاری کەسی توندوتیژلێکراو بێت و ڕێژەی نوسینی داواکان بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن، ئەم کەمبونەوەیەش بە واتای تەواوبوون یاخود چارەسەری کێشەکان نایەت، بەڵکوو کێشەکە دەچێتەوە دۆخی متبوون و شاراوەیی لەنێو کۆمەڵگهدا.
لە ڕویەکی دیکەوە ئەنجومەنی دادوەری دەبێت زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ پەیمانگای دادوەری بکات بە بوونی پەیڕەوی تایبەت بە کارەکەیان و چوارچێوەی فراوانی توندوتیژی لەسەر هەموو ئاستەکان.
هەموان نا، بەڵام لە چەند کەیسێکی دیاریکراودا چەند حاڵەتێکی نامۆ بینراوە لە باوەڕ نەبوون بە جۆری توندوتیژییەکان لەسەروو هەمویانەوە کوشتن و هەڕەشەی کوشتن (بەڕێوبەری یەک لە ماڵی داڵدەدانەکانی هەرێم بۆی گێڕامەوە و وتی کە یەک لە دادوەرەکان پێی وتوە کە ئەو کەیسە مەهێنە ژورەوە و وەرەقەی بەڵێندانی کەسوکارەکەی بێنە با ئیمزای بکەم و بابیبەنەوە، بە واتایەکی تر هیچ پرسیارێکی لە کەیسەکە نەکردووە کە ئایا هەست بە دڵنیایی دەکات بڕواتەوە ناو خێزانەکەی یاخود نا، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە چەند کەیسمان دوای ئەوەی چەند جار لە ماڵەکانی داڵدەدان بوون و دوای ئەو بەڵێننامەیە دراونەتەوە بە خێزانەکانیان و ژیانیان بە کۆتا گەیشتووە لەلایەن کەسی پلە یەکی خۆیانەوە، کەیسی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەنمونە) ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێویستمان بە پێداچونەوەی گشتی هەیە بۆ تێگەیشتن لە مانای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دادگاکاندا.
یەکێکی دیکە لەو وێستگانەی ژنانی توندوتیژیلێکراوی پێدا تێپەڕ دەبێت، ماڵی داڵدەدانەکانە لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی ئەم ماڵانەی خستۆتە ئەستۆی خۆی بەڵام ئەم ماڵانە تەواوی ئیمکانیاتیان نییە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، زۆربەی جارەکان ئەم ماڵانە بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست و بینای گونجاو ناتوانن جۆری کەیسەکان جیابکەنەوە، بەدەر لەوەش توانای مرۆیی و دارایی ئەوتۆیان نییە بۆ پڕکردنەوەی بچوکترین پێداویستییەکان کە خۆی لە جل و بەرگ و دەرمانی پێویستدا دەبینێتەوە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی هەیانە، هەندێک کات ماڵی داڵدەدانەکان توانای دابینکردنی ئۆتۆمبێلی گونجاویان نییە بۆ گواستنەوەی کەیسەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوەتی نەتوانراوە ئەو کەسانەی لەو ماڵانە دادەنرێن بەتەواوەتی ڕابهێنرێن بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ کەیسەکاندا (لە بەسەرکردنەوەیەکی دەوری لیژنەی پەرلەمانیدا یەک لە فەرمانبەرەکانی یەک لەو ماڵی داڵدەدانانە بە ئەندامێکی پەرلەمانی وتبوو لە وەڵامی پرسیارێکی ئەندامەکەدا کە ئەو کچە بە خێزانی خراپن، دایکیشی لای خۆمان بوو لێرە دوو ساڵ دەبێ دەرچووە).
ئەم کێشانە و دەیانی تر کە تەنیا و تەنیا لەناو حزبە سیاسییە باڵادەستەکانەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی ئەو کەسانەی کە سەرۆکایەتی ترۆپکی هەڕەمەکەی دەسەڵات دەکەن بە هەموو بەشەکانییەوە لە حزبەکانەوە دێن، ئەوانەش کە لە حزبەکانەوە دێن بەدەگمەن دەنا بەدرێژایی کاری حزبی و سیاسییان خولێکی تێروتەسەلیان لەسەر کێشەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری و شێوازەکانی ڕووبەڕووبونەوەی دیاردە باوەکانی کۆمەڵگه نەبینیوە، بێگومان کاتێک دێنە ناو دەسەڵاتی حکومی ناتوانن بە ماوەیەکی کەم ئەو ڕوئیایەیە دروست بکەن کە خولی بەردەوام و فێربوون لەسەر کرۆکی کێشەکە چەند پێویستە، بەڵام ئەم داوایە بۆ گۆڕانکارییەکی وەها گەورە لە کێ بکەین؟ (لە یەکێک لەو چالاکییە گەورانەی لەم ساڵانەدا لە هەرێم ئەنجام درا بۆ کێشەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، یەکێک لە گەورەتین دەسەڵاتەکانی هەرێم لە وتارەکەیدا بە دەق وتی کە تەنیا پیاوان نیین کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن، بەڵکوو بەشێک لە ئافرەتانیش توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن، بێئاگا لەوەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئێمە لەسەنگەردا نیین بەرامبەر پیاوان بەڵکوو ئێمە دەبێ ڕووبەڕووی ئەو فکرە ببینەوە کە پێی وایە توندوتیژی دژی ژنان کارێکی ئاساییە، بێگومان ئەم فکرە کە ئێستاکە لەبەشێکی هەرێم و لەناو کۆمەڵگهکەی هەیە، چەندە پیاوان بەرکەوتەی بوون ئەوەندەش ژنان بەرکەوتەی بوون و کاریگەری لەسەریان داناوە، بۆیە ناکرێت دەسەڵاتدارێکی گەورەی هەرێم کە ناوێکی دیارە لە ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژیدا بکەوێتە هەڵەیەکی وا گەورەوە).
چەکی گەورەی دەستی ئێمە لە ئێستا و داهاتوشدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی دەبێت هۆشیاری بێت، هۆشداری دەربارەی جۆرەکان و ڕێژەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگهدا و بە لەبەرچاوگرتنی پلە و پۆستە جیاوازەکان و ئەو شوێنانەی توندوتیژییە جیاوازەکانی تێدا ڕو دەدەن.
پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە هەمیشە ڕوبەڕومان دەبێتەوە کە ئایا هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ کێ بکرێت؟
دەستپێکی هەرە گرنگ ئەوەیە کە حزبە سیاسییەکان بێ دوودڵی دەست بە هەڵمەتی هۆشیاری بکەن لەناو کادیران و ئۆرگانە جیاوازەکانیاندا، بە گرنگی دان بەوەی کە کێ هەڵمەتەکە بەڕێوە دەبات و تا کوێ دەتوانێت بۆ هەر ئۆرگانێک بەجیاواز لەوانی دیکە ئەو بابەتانە بوروژێنێت و باس بکات کە دەبێ باس بکرێن.
دواتر دەسەڵاتە جیاوازەکان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بە لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی هەڵمەتەکان و چەندێتییان، بێگومان هەڵمەتەکان نابێ بەدەر بێت لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی و میدیا.
هیچکات نەنگی نییە کە بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی هۆشیاری گەورە و لەسەر ئاستی هەموو کۆمەڵگه لە سەرۆکایەتیەکانەوە تا دوا فەرمانبەری دەسەڵاتەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵکوو سەربەرزییە چوونکە لە کۆتاییدا ئەوەی لە پێناوی بەدیهێنانی ژیانێکی شایستەیە بۆ مرۆڤ لە کۆمەڵگهدا.
سەرچاوە: درەو میدیا