دوای ساڵێک لە دەرچوونى یاسای جەعفەری کێشەى ژنان کۆتایی پێهات؟
تەمەنى عیماد - نووسەر
دوای چەند ڕۆژێکی تر ساڵێکی تەواو بەسەر دەنگدان بە یاسای جەعفەرى تێدەپەڕێت، ساڵێکی تەواو لە دڵەڕاوکێ، پرسیار، ناڕەزایەتی و ڕشتنى فرمێسکی دایکانی عێراق بوو، چونکە چاوەڕوانیان دەکرد ئەو یاسایەی دەرکرا پارێزگاری لە خێزان بکات، نەک ببێتە سەرچاوەی ترسێکی گەورە بۆیان.
لەم ڕۆژەدا گۆڕەپانەکان پڕ بوون لە ژنان، دایکان، پارێزەران، چالاکوانان، خوێندکاران و ژنانی ماڵەوە، لەژێر گەرمای سووتێنەری بەغداد و لەبەر دەرگای پەرلەمان وەستان و داوای یەک شتیان دەکرد، ئەوەش “گوێمان لێ بگرن پێش ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن”.
بەڵام ئایا کەس گوێی لێ گرتن؟
ئایا دەوڵەت بۆ چرکەیەک وەستا تا لە خۆی بپرسێت: بۆچی ژنان هاتنە سەر شەقام؟ بۆچی دایکێکی عێراقی دەبێت لە ترسی منداڵەکانی هەڵبلەرزێت؟
ژنانی عێراقی ماندووبوون لەوەی هەمیشە یەکەم کەس بێت کە قوربانی بدات و دوا کەسیش بێت دەنگی ببیسترێت، باجی جەنگەکانی دا کاتێک کوڕ و هاوژین و براکانی لەدەستدا، باجی تیرۆری دا، بە تەنیا بەرپرسیارێتی بژێوی خێزانێکی لەئەستۆ گرت، باجی ئاوارەیی دا کاتێک لەناو خێمەکاندا دەخەوت، باجی هەژاری، پچڕانی خزمەتگوزارییەکان، بێکاری و قەیرانە ئابوورییەکانی دا، هەوڵی دەدا ماڵەکەی بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە.
هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نییە، کە دایکێک لە دوورى منداڵەکانی بژێت، دایک بیر لە دەقە یاساییەکان ناکاتەوە، بەڵکو بیر لەو شەوانە دەکاتەوە کە ڕەنگە بە دووری منداڵەکەی بەسەری ببات، کاتێک ژن دەگاتە ئەم ئاستە لە ترس، کێشەکە چیتر لە لێکدانەوەی مادەیەکی یاساییدا نییە، بەڵکو لە نەبوونی ئەو ئارامییەدایە کە دەبوو دەوڵەت بۆ هاووڵاتییانی دەستبەربکات.
حکومەتەکان تەنیا بە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و قەبارەی بودجەکەى هەڵناسەنگێندرێن؛ بەڵکو بە توانای گوێگرتن، بڕیاردانی ئازایانە لە لەخۆگرتنی ڕەخنەگران، پەرۆشییان بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتییەک هەست بکات دەوڵەت لە تەنیشتییەتی نەک لە بەرامبەری، بەمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
دادپەروەری نییە کە ژن لە هەر خولێکى یاسایدا بێتە دەنگ لە مافەکانی، لەکاتێکدا دەبوو ئەم مافانە بەپێی دەستوور و یاسا پارێزراو بن، جێی داخە کە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ گەلێک ژن بووەتە تاکە هۆکار تا هەست بکەن دەنگیان بوونی هەیە.
هێزی دەوڵەت لە توانای تێپەڕاندنی یاساکاندا نییە، بەڵکو لە توانای بنیاتنانی متمانەدایە، متمانەش بە یاساکان ناسەپێندرێت، بەڵکو بە دیالۆگ، شەفافیەت، ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی هاووڵاتییان بنیات دەنرێت.
نیشتیمانەکان بە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ بەهێزەکاندا ناپێورێن، بەڵکو بە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەوانەی هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن دەپێورێن، ئەو ژنەی ئەمڕۆ وەستاوە و داوای دڵنیایی لە داهاتووی دەکات، شایستەی ئەوە نییە ترسەکانی وەک ژاوەژاوێکی ياخود ناڕەزایەتییەکی سیاسی سەیر بپۆشرێت، بەڵکو شایستەی ئەوەیە وەک هاوڵاتییەکی خاوەن مافی تەواو و هاوبەشێک لە دروستکردنی داهاتووی ئەم وڵاتەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ڕەنگە عێراقییەکان لە بۆچوونەکانیاندا جیاواز بن، ڕەنگە ئاراستە یاسایی و ئاینییەکانیان فرەچەشن بێت، بەڵام نابێت لەسەر یەک ڕاستی جیاواز بن کە شکۆی ژن، ئاسایشی خێزان و سەقامگیری منداڵان دۆسییەی لاوەکی بن، بەڵکو بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکن کە بیەوێت داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بنیات بنێت.
دوای ساڵێک لە پەسەندکردنی یاسای جەعفەری، هێشتا پرسیارەکە لە یادەوەری هەر دایکێکدا ماوە، کە لەبەر پەرلەمان وەستابوو و لە لافیتەی گەورە نوسیبوویان، تا کەی ژنی عێراقی بەردەوام دەبێت لەوەی لە دەوڵەت بپاڕێتەوە تا گوێی لێ بگرێت؟ تا کەی گفتوگۆ لەگەڵ ژنان دوای دەرچوونی یاساکان دەست پێدەکات؟
خۆزگە ئەم یادە ئەمجارەیان نەبێتە بۆنەیەک بۆ گەڕاندنەوەی دووبەرەکی، بەڵکو ببێتە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوەیەکی ئازایانە کە ڕێز بۆ گفتوگۆ بگەڕێنێتەوە، جەخت لەوە بکاتەوە هێزی دەوڵەت بەوە ناپێورێت چی لە یاساکان تێدەپەڕێنێت، بەڵکو بەوە دەپێورێت چی لە دادپەروەری دەچێنێت و چی لە هەستی ئاسایش و متمانە بە هاووڵاتییانی دەبەخشێت.