هەڵبژاردن وەك کرۆکی سیستمی دیموکراسی

ژوان باقی - چالاکوان

 

هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسییە، لە زۆر لە بوارە جیاوازەکان ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و خزمەتی زیاتر و بەرژەوەندی هەموان.

 

وەك دەزانین چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، پێویستە گرنگی ئەم پڕۆسەیە بزانین بەتایبەت ژنان وەك چینێکی زیندوو و کاریگەری ناو کۆمەڵگە ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن، هەڵبژاردن لە پڕۆسەی سیاسیدا مافێکی یاسایی و مەدەنی هەر هاووڵاتییەکی هەرێمە، کە لە ڕێگەیەوە دەرفەتی پێدەدرێت بە ئیرادە و ویستی خۆی کەسێکی تر وەك نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان، ئەوەش بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافەکانی و دەرکردنی پڕۆژە یاسای نوێ و چاودێریکردنی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێ خەوش خۆی لە خۆیدا بنەمایەکی گرنگە و هەنگاوێکە بەرەو زیاتر سەرکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێم.

 

ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی حزب و سەرکردایەتیی خاوەن بڕیار و جێبەجێکاری بەڵێنەکان زامنی ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات دەکات و دەرگا دەکاتەوە بەڕووی ئەزموونێکی جیاوازتری حوکمڕانی و ئاسۆیەکی گەشتر کە هاووڵاتیان دەتوانن جیاوازتر ئێستا و ئایندەی خۆیانی تێدا ببینن.

 

لەم پڕۆسەیەدا بەشداریکردنی ژنان و هەڵبژاردنی ژنانی بەربژێر و متمانە بەخشینیان بە ژنان بۆ نوێنەرایەتی کردنیان گرنگی خۆی هەیە لە کۆی پڕۆسەکەدا، وەك دەزانین ژنان باشتر دەتوانن دەنگ و رەنگ و ئازارەکانی ژنان بگوازنەوە کە خۆیان پەروەردەکراوی هەمان ئەو کۆمەڵگەیەن و لەگەڵ بارودۆخە سەختەکاندا ژیاون و جەنگاون، ئەمە هۆکارێکی گرنگە کە دەتوانن کار بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان بکەن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن بە دانانی یاسای نوێی پەیوەست بە سەرجەم بوارەکانی تایبەتمەند بە ژنان.

 

بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن هەڵویستێکی نەرێنییە، نابێتە پاڵنەر بۆ هیچ گۆڕانکارییەك و دۆخی سیاسی لە باری وەستان چەقبەستوو و مەنگیدا دەهێڵێتەوە، هیوایەك بۆ باشتکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان ناهێڵێتەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ ژیانێکی ئابڕومەندانەتر دەکوژێت، هەروەها جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و خزمەتکردن بە هاووڵاتیان وەك پێویست و لە جێی خۆیدا نابێت، یەکڕیزی و یەك دەنگی پردی سەرەکی پڕۆسەکەیە لە نێوان دەنگدەران و هەڵبژێردراواندا، ژنانی بەربژێر پەیام و ئامانجی کارکردنیان لە ماوەی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن خستەڕوو، ئەوەی ماوە کاری لەسەر بکرێت ژنانی بەربژێرکراو لە دوای سەرکەوتنیان و دەرچوونیان بۆ پەرلەمان دەنگی ڕاستەقینەی ژنان بن لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکاندا.