دەنگی ژنان، هێزی گۆڕانکارییە
نێرگز قادر - ڕۆژنامەنووس

لە مێژووی کۆمەڵگە و وڵاتاندا، هەموو گۆڕانکارییە گەورەکان بە یەکگرتنی دەنگ و هاوپشتییەوە بەدەست هاتوون، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانیشدا، نابێت ژنان تەنیا وەک تەماشاکار بەشداربن، بەڵکو دەبێت پشت بە پشت بن بۆ نیشاندانی هێز و توانای خۆیان.
زۆرجار دەنگی ژنان بە ژمارەیەکی ئاسان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە راستیدا ئەو دەنگە قەڵەم و هێزی گۆڕانکارییە کە دەتوانێت دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگۆڕێت. هەر کاتێک ژنان پشتی یەکتربگرن و بە یەکدەنگیی بەرەو پێش بڕۆن، دەبن بە هێزی پشتیوانیکردن لە یەکتری، بەتایبەتیش بە دەنگدان بە کاندیدە ژنەکان. ژنان بەشکاندنی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکانیش، کاتێک دەنگ بە کاندیدانی ژن دەدەن، بە هەمووانی نیشاندەدەن ژنان تەنیا بەشدارێکی لاوەکی نین، بەڵکو دەتوانن رێبەر و بەرپرسیاریش بن.
هەڵبژاردن تەنیا رووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرەوپێشچوونێکی کەلتوریی و کۆمەڵایەتیشە، ئەگەر لە پرۆسەیەکی ئاوادا ژنان لە پشتی یەکتربن، هێزیان بە تەواوی نابێت، بەڵام کاتێک پشتیوانیی یەکتر دەبن، دەنگیان دەگۆڕێت بۆ هێزی گۆڕانکاری کە دەتوانێت قەدەغەکان و دەستوورە کۆنەکان وەلاوەنێن و دۆخەکە بۆ قۆناغێکی تری نوێ بگوازنەوە.
ئێستا کە هەڵبژاردنەکانی عیراق نزیکە، پێوستە ژنان هۆشیار بکرێنەوە دەنگەکانیان و یەکگرتوویی و تەباییان لە ناو خۆیاندا نەک تەنیا پێویستییەکی مێژووییە، بەڵکو پێشمەرجێکە بۆ داهاتوویەکی رووناک بۆ کوردستان و عیراقیش. ژنان دەتوانن، ئەگەر یەک بن، بە هێزەوە، گەورەترین گۆڕانکاری بکەن.