شاردنەوەی حەقیقەت، گەڕان بە دوای ڕاستییەکان

پەخشان عەزیزی لەناو زیندانی ئەڤینەوە ئەم نامەیەی نووسیوە

 

لە بەرانبەر دەرمانەکانی لەباربردن، خۆڕاگری دەکردو بە دەستەکانی، خۆی بە مناڵدانی دایکییەوە راگرتبوو، بۆ ئەوەی نەکەوێت. هەر لە منداڵییەوە بە دەنگی دایکە ئازارچەشتووەکەی، وانەی بەرخۆدان و ژیان فێر دەبوو و لەگەڵ حەقیقەتی «مانەوە» و «چۆن مانەوە» باڵای دەکرد.

»بۆیەت دەبەستم تا خووی پێ بگری، نەک تا من ماوم لە بەندا بمری«، لە نێوان ژیان و زەمان دا شەڕێک لە ئارادایە!

بە دەستەکانی، خۆی بە دیواری ژوورە تاکەکەسییەکەی بەندیخانەوە گرتبوو، بۆ ئەوەی نەکەوێت. ماوەیەکی زۆر بوو بە شوێن رێگەیەک بۆ «هەبوون»، لەوەش گرنگتر بۆ «چۆن بوون» شەو و رۆژی سەریەک خستبوو.

لە سەر رێچکەی ترساندن و تۆقاندنی دەوڵەت، بیست چەکیان لەسەر راگرتبوون، بە هەموو هێزی خۆیان وەک ئەوەی تیرۆریستیان دەور دابێت (ئەو تیرۆریزمەی کە هۆڤبوون و دڕندایەتیکردن یەکێکە لە بنەماکانی). کوڕێکی لاوی حەڤدە ساڵان کە دوای ساڵانێک چاوی بە پووری کەوتبووەوە، لەگەڵ باوک و خوشک و زاواکەی بە سەر زەویدا درابوون. بنەماڵەیەکی پیرۆزیان (بنەماڵە! ئەو پیرۆزییەی کە پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای ئەو دامەزرابوو!)، بە دەست بەستراوی و چەک لەسەر سەر، کۆت و دیل گرت. بە بزەیەک لە سەر لێو کە ئاماژەیە بە دەسەڵات و سەرکەوتنی « دەوڵەت - بنەماڵە»، سەرکەوتنی چالاکییەکەیان راگەیاند.

 

بەرەو ژوور دەڕۆن و ژوورتر

دیمەنی کوشتن و لێکترازانی هەزاران بنەماڵە، بە وێنەی فیلمێکی کارەساتبارو ناخهەژێن لەبەر چاوی تێپەڕ دەبوون. لەوپەڕی بێ هێزی و لاوازبوونی جەستەیی دا، بە دەستەکانی خۆی بە دیواری ژووری ٣٣ی بەندیخانەی «ئەوین»دا رادەگرێ. هەمان ژوور کە لە ساڵی ٨٨ (هەتاوی)یش دا بە تۆمەتی «کوردبوون» و «ژنبوون» و تێکۆشان بۆ «خۆبوون»، تێیدا بە دیل گیرابوو. دەنگی کۆکەکانی باوکی دەگاتە گوێی. باوکی کە سێ جار تووشی سەکتە بووەو بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە نەشتەرگەری بۆ کراوەو جەستەی ئاسەواری فیشەکەکانی دەیەی ٦٠ی پێوە دیارە. ئەم دەنگە لە ژووی ٤ی بەندیخانەکە دەگاتە گوێی! لە ژووەکانی دیکەش دەنگی هاواری خوشکی دەبیستێ کە خوازیاری بینینی تەنیا منداڵە تۆقیوەکەیەتی.

 

لە یەکەم رۆژی لێپرسینەوەدا پێشنیاری پێدەکەن کە دۆسیەکەی نەدەنە دادگاو هەموو شت بە نهێنی و بێ دەنگ کۆتایی پێ بهێنن! پێشنیارێک کە ناگاتە ئەنجام.

لە کاتی لێپرسینەوەکان دا بە جاران هەڵدەواسراو لێیان دەدا. بە قووڵایی دە میتر دەیانخستە ژێر زەوی و هەڵیاندەکێشاوەو وەک کەسێکی لادەرو دۆڕاوی کۆمەڵایەتی پێناسەیان دەکرد.

یادگەیەکی مێژوویی کە تەژییە لەم چەشنە رووداوانە! وێژەیەک، کە هەر لە سەرەتای منداڵی‌ و ژیان لە کوردستان دا، لەگەڵی ئاشنا بوو. هەر بە منداڵی مۆرکی جوداخوازی و رەگەزی پاشکۆو هاوڵاتینەبوونی لێدرابوو. بۆ دەربازبوون لەم مۆرک و پێناسانەو سەلماندنی ئەم ناڕاستییە، یان دەبوو پەنای بۆ «ئەویتر» بردایە (کە پێشتر وەک هاوسنووربوون، ناوەند، بۆخۆی پێناسەی کردبوو) یان دەبوو سەربەرزانە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک رێگای بگرتایە پێش. بەڵێ، ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەند بچووکین و نایێینە ئەژمار، بەڵام بۆ سەپاندنی سزا قورسەکان، گەورەترینەکانین.

 

عەقڵییەتی دەوڵەت - نەتەوە کە بۆ بەردەوامبوونی خۆی لە هیچ کردەوەیەکی هۆڤانە و رێبازی توندوتیژی سڵ ناکات، بەرهەمهێنەوەی توندوتیژی و دەسەڵاتە

ئۆریانتالیسم شوێن ناناسێت! هەر جۆرە عەقڵییەتێکی ناوەندگەراو دەسەڵاتگەرا کە لە نێوان خۆی و ئەویتردا جیاوازی و سنوور دادەنێ و بۆ پەراوێزخستن و بچوککردنەوەی (پێکهاتە - سروشت) لە گرتنەبەری هیچ جۆرە سیاسەت و توندوتیژیێک خۆ نابوێرێت.

رەفتاری ماتریالیستی و ئۆبژێکتیڤیستی (نەک ریالیستی) بۆ حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان (ئەو حەقیقەتەی کە بە درێژایی مێژوو وەلانراوەو سیاسەتی لەناوبردنی لە بەرانبەر پەیڕەو کراوە)، بە واتای زانستی پۆزیتیڤیستییە (نەک کۆمەڵناسی، کە زانستێکی زۆر بەربڵاوە)، بێ گومان  ئەمە بە ئاراستەی هەنگاونان و کارکردنە بەگوێرەی ستراتێژی مۆدێرنیتە سەرمایەداری (نەک دژە سەرمایەداری).

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ژێر رێنوێنی ئەم ستراتێژییەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی لە رۆژهەڵاتی ناویین، کوردستانیان بەش بەش کردو کوردەکان لەگەڵ لەدایکبوونیان مۆرکی جوداخوازییان لێدرا! کوردستان کە کۆمەڵگەیەکی چالاک و زیندووی هەیە بە درێژایی مێژوو هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێ. لە ئێستادا تایبەتمەندی سەرەکیی کۆمەڵگەی هاوچەرخی کورد، تێپەڕکردنی ناسیۆنالیزم و ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی سوسیالیستییە.

نەک بە وەلانان و دژایەتی، بەڵکوو بە رێزو بە لەبەرچاوگرتنی هەموو باوەڕی و تایبەتمەندییەکان

بەرپەرچدانەوەی جوداخوازی، گرێدراوی پێکهاتنی ستاتۆیەک و گەرەنتیکردنیەتی. هەمان شت کە مرۆڤی کورد بە ناوی جوداخوازی لەسەری تاوانبار دەکرێ و سزا دەدرێت.

 

جارێکی دیکە لە لێپرسینەوەکان دا پێناسەی دۆڕاوی کۆمەڵایەتی و کەسێکی ناکامی بە گوێدا دەدرێت.

دۆخێکی تراژیدی-کۆمیدی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی پراگماتیست و پۆزیتیڤیست! کەسانێک کە بەردەوام بەو رێبازە سیاسی و کردارییەی خۆیان مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پەرە پێدەدەن. پرسی ئێمە پرسی شوناسە نەک پرسێکی ئەمنی! لە شوێنێک کە بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، پرسی شوناس و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بن پێ دەخرێ، قەیران دەگاتە لوتکە. کارەسات لەوەدایە ئەو کەسانەی کە بڕیارە کێشەکان چارەسەر بکەن، خۆیان کێشەی کەسایەتی قووڵیان هەیەو ئەمە وادەکات کە هەموو پرسەکان بۆیان دەبێتە پرسی تاکەکەسی.

مرۆڤ بە رەگەزەکەی (یەکەم رەهەندی تێگەیشتنی)، بە زمانی، کلتوورو هونەری، بەڕێوەبردن و رێبازی ژیانی، بە ئازادییەکانی و بە گشتی بە ئیدیۆلۆژیەکەیەوە، مرۆڤە. هەر کات یەکێک لەم رەهەندانە لە ژیانی دا وەلا بنرێت، ئیتر واتای ژیانی مرۆڤ بوونی نامێنێت. ئەگەر ژن وەک مرۆڤێک، ئیرادەو خۆباوڕبوونی بن پێ بخرێ ئیتر شوێنێک بۆ ژیانی ئازاد بوونی نیەو ئەمە بە واتای بێ نرخکردنی پێوەرەکانی مرۆیی - ئەخلاقی و سیاسییە. هەر کات ژیان لە واتای راستەقینەی خۆی دوور بخەن، دەکەوێتە حاڵەتی بەرگری و بەمشێوەیە ژیان پا دەنێتە قۆناغی یاخیبوون.

 

لە بارودۆخێکی نالەباری جەستەیی دا کە دەرەنجامی مانگرتنی بەردەوام و گوشارە شوناسی- مێژووییەکانە، هەموو جۆرە بێ رێزی، سووکایەتی و هەڕەشەیەک دووبارە دەبێتەوە. بێدەنگیی ئەو چەند مانگە هاوار دەکات؛ من تیرۆریست نیم. مشتی لێکۆڵەرەکە، کە وەک پیاوی دەوڵەت هەموو جارێک دەسەڵات و هێزی خۆی نیشان دەدات، بەگرێدراوی بەرەو رووی دەڕوا. دەنگێک کە هاوار دەکا؛ بۆچی حەقیقەت دەشاریتەوە؟!

گەورەترین حەقیقەتی کۆمەڵایەتی، واتە ژن و شوناسەکەی، کوردبوون، ژیان و ئازادیتان شاردوەتەوە، باس لە کام حەقیقەت و شاردنەوەی کام حەقیقەت ئەکەی؟!

ئینکار، قڕکردن و تواندنەوە ئەو سیاسەتانەیە کە بە شێوەی سیستماتیک بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی خرابترین زیانە کۆمەڵایەتییەکان و هەر جۆرە لێگەڕینێک لە حەقیقەت وەک دژایەتیکردنی خۆی دەبینێ و شەڕی لەگەڵ دەکا. هەر بەم سیاسەتانە دیسان دەبێتەوە بە لێکۆلەڕو ئەمە پڕۆسەی سوڕان بە دەوری بازنەیەک زیاتر نیە (بازنەیەکی بەتاڵ)!

 

بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر خەڵک و بەڕێوەبردنی ئەرک و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی - ئەخلاقییەکان، لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت - نەتەوە بە تاوان ئەژمارو، سناریۆیان بۆ ساز دەکات (چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشەی شکاندنی پێگەو متمانەی ناو کۆمەڵگە لە رێگەی سناریۆی جۆراوجۆر دەبێتەوە!). بێ ئاگا لەوەی کە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت - نەتەوە، بەڕێوە دەچێت و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی - سیاسی، تێکۆشانە لە ئاراستەی راستکردنەوەو تەواوکردنی کەموکوڕییەکانی سیاسەتی ناتەواوی دەوڵەتی.

عەقڵییەتی دەسەڵاتداریەتی، رەگەزپەرەستی و ئایین پەرەستی کە هەڵقوڵاوی زێهنییەتی دەوڵەت - نەتەوە (لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوا)ـەیە، بۆ خۆی هۆکارو سەرچاوەی هەموو قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کلتوورییەکانە. بێ گومان ئەوەی هۆکار بێت، ناتوانێ ببێتە چارەسەر. ئەوە خەڵک بۆ خۆیەتی کە ئیرادەو ئاگایی پێویستی کۆمەڵایەتی - سیاسی بۆ دەربازبوون لە قەیران و کێشەکانی هەیە. حاشاکردن و شاردنەوەی حەقیقەتی کۆمەڵگەی ژنان و کورد و هەموو کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، پێکوتانە لە خۆڵەمێشی شێواندن، ئەویش شێواندنی مێژوو. ئەمە لە خۆیدا گەورەترین شێواندنی حەقیقەتە.

 

ئەمە ئینکاری مێژووە نەک چارەسەری پرسەکان. تەنانەت لە پێناسەکردنی پرسەکانیش تووشی کێشە هاتوون و لە پێشکەشکردنی رێگەچارە، بێ چارە ماون

تەنیا کورد نیە کە پرسی هەیە. پرسەکە پێوەندیدارە بەو واقعەی کە بەردەوامە. سروشتی پرسەکەیان لە بەرچاو شاردوەتەوەو لێگەرێن و لێکۆڵینەوەیان لەم پێوەندییەدا بێ واتا کردووە. بەدواداچوون لە واقعیی کۆمەڵایەتی پێویستی بە رێبازی زانستی، فەلسەفی، واقعی و کۆمەڵایەتی تر هەیە. پێویستی بە رێکاری نزیک بە حەقیقەت و راستی هەیە. لە جیاتی رێگەچارەی راستی پرسەکان، چارەسەرکردنی رواڵەتی پرسەکان ناگاتە ئەنجام. لەناوبردنی وزەی ژنان و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان لە ئەنجامی وەهم و ترس لە هەڕەشەیە، لە کاتێکدا دیموکراسی و سیاسەت نابێ لە راستییە کۆمەڵایەتییە کێشەلەسەرەکان کە یادگەیەکی مێژوویی جگە لە ژینۆساید، لەناوبردن و ئینکاری هەیە ترسی هەبێت.

سیاسەت لە پێناسەکردنی دروستی خۆی ئەو کاتە بوونی هەیە کە ئەوانەی کە لەوبەرین، تێیدا بەشدار بن. هێزی هەمووان، هێزی ئەو خەڵکەی کە هیچیان نیە، ئەو شوێنەی کە پێتوایە خەڵکەکەی بۆ سیاسەتکردن نابن، لەوێ بەدواداچوون بۆ پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێدەکات. نە جێگەی مەترسین و نە هەڕشەن، بڕیار دەگرن و ئەیسەلمێنن کە دەتوانن. قسەی حاکم پێویستە هاندەر بێ بۆ لێگەڕینی حەقیقەت و دروستکردنی ئیرادە.

 

ئەوەی کە هەم رێبازو هەم شوناس لە سەر خواستی ناوەند و دەسەڵات دابڕێژی، دیمۆکراسی نیە، ئەمە پێشێلکردنی دیمۆکراسییە. دادپەروەری، سزادان نیە بەو یاسایانە کە بۆخۆیان هۆکاری کێشەو قەیرانەکانن. چونکە «ئەویتر» دەرەنجامی هۆکارە. دادپەروەری پێگەیشتنی شتێک بەو کەسەیە کە سزاواریەتی، واتە شوناسی. ئەوەی کە مردن، برسیەتی، چەوساندنەوە، سەروەربوون و دووڕوویی بڵاو دەکاتەوە هەر ئەویش سزا دیاری دەکاو دواتر بڵێین کە دادپەروەری لە ئارادایەو حەقیقەت ئاشکرایەو ئەوە ئەویترە کە حەقیقەت پەردەپۆش دەکا! ئەمە چ واتایەکی هەیە؟! (مرکز) ناوەند و (مرز)پەراوێز جیاوازییان لە پیتێکدایە، «ک»، بە واتای (کتمان) شاردنەوەی حەقیقەتە، کە ئەویش لە (مرکز) ناوەند خۆی حەشار داوە.

 

ئەو ژوورە تاکەکەسییەی کە چەندين مانگە هاوڕێی تەنیایی یەتی.

بێ کتێب، بێ پێوەندی و دوور لە چاوپێکەوتن، خوێنبەربوونی بەردەوام و لە مانگرتن دا، دۆخی نالەباری تەندروستی لە ئاستێک کە تەنانەت توانای رێگەڕۆیشتنی نیە. لێپێچینەوەی بەردەوام و گوشار بۆ دانپێدانان بەو شتانەی کە بوونیان نیەو وەرگرتنی ئەو زانیارییانەی کە بە خەیاڵی خۆیان زۆر گرنگن و دەیکاتە مرۆڤی «ئەویتر». ئەرکیان چیە جگە لە بەفیڕۆدانی وزەوەو هێز بۆ لایەنگریەتی؟ لەبەرخۆیەوەو بە دەنگی بەرز دووبارەی دەکاتەوە؛ دڵۆپێکی بچووک لە دەریایێکی مەزن کە بەردەوامبوونی حاشا هەڵنەگرە.

 

دەست بە پاکانی دا دێنی و دەیانشێلێت بۆ ئەوەی دیسان بتوانێ لەسەر پێ بوەستێ، هەڵدەستێتە سەر پێ ، دەکەوێ. لەم پێنج مانگەدا چەند جار تا سنووری «نەمان» رۆیشتووە. چاوەڕواننەکراو نەبوو، رێگەمان بەم بەرزی و نشێوییەوە گرتە بەر، واتای ژیان ئەمەیە، ئازارێک کە نەتکوژێ بەهێزت دەکا. هەر لە منداڵییەوەو بە  ژیانکردن لە سنوور، بە چیرۆک و هۆنراوەو گۆرانییەکانی منداڵیمان، بە خیانەت و قارەمانیەتی، خۆشەویستی و رق، مردن و ژیانمان بە جیاوازییەوە تێپەڕ کرد. لە لێواری هەبوون و نەبوون دا هەستمان بە ژیان کردو لەگەڵی بەردەوام بووین. ئیتر تەنیا چەندە نا، بەڵکوو چۆن ژیانکردنە کە دەبێتە پرس.

کاتێک کە تاوانبار لەدایک دەبین ئیتر دەبێ هەموو ژیانمان بۆ سەلماندنی خۆمان تەرخان بکەین، نەک ئەوەی کە خۆمان بین. بەڵام هەر دەبێ و پێویستە کە خۆمان بین.

 

بۆنی خوێن و سووتان هەموو رۆژهەڵاتی ناوینی تەنیەوە. یەکەم تەرمی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بینی. خەدیجە، کە هەموو لەشی بە دەستی هاوژین و براکەی سووتێندرابوو. بە دەستی بەستراوەوە ژیانیان سووتاندبوو. ئەو چیرۆکە راستانە کە کۆتاییان نەدەهات. دەیان نموونەی دیکەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان کە پێوەندیدار بە کارو خوێندنی زانکۆکەی بوو و راستەخۆ رووبەڕوویان دەبووەوە. ئەو زیان و کارەساتانەی کە بارودۆخی کۆمەڵگەی وێنا دەکرد. دەیان ژن و منداڵ کە لە هێرش و پەلاماری داعش دا، هاوژین، باوک و براکانیان بە بەرچاویانەوە سەر بڕان. ئەو کچانەی کە داعش رفاندنی و بەردەوام دەستدرێژی دەکرایە سەریان و هەندێکیان خۆیان دەسووتاند.

ئەو دایکە منداڵ لەبەرانەی کە شیر لە مەمکیاندا وشک بوو، سەدان منداڵی پێخاوسی کە سەریان لە سەر بەردەکان داناو گیانیان سپارد. دەیان ژنی شەڕڤان کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیە لە لایەک و داعش لە لایەکی دیکە، تەرمەکانیان سووتا. ئەو شەڕڤانانەی کە بۆ خەدیجەو منداڵ و دایکە ئازارچەشتووەکان خۆیان فیداکرد.

 

لە خەو رادەچڵەکێ، هێزی هەستانی نیە، دەڕشێتەوە

رشانەوەیەکی مێژوویی

قەیران لە رۆژهەڵاتی ناویین دا رەهەندی کارەساتیشی تێپەڕ کردووە، ژیانی کۆمەڵایەتی لەبەریەک هەڵتەکاوە. ئەم ناوچە لە ئەنجامی  ستراتێژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بە روانینێکی ئۆریانتالیستی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناتەواو و پێشێلکارییانە کە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتێژی جیهانی، نوقمی خوێن و سووتان بووە.

بە زۆر توانی لە سەر کورسییەکە دابنیشێت، هەڕشەو سووکایەتیکردنەکان سەر لە نوێ دەست پێدەکەنەوە. دەستەکانی ئاسەواری برینێکی قوڵ لە شەڕە. بۆچی رۆیشتی بۆ سوریە، بۆ نەچوویتە ئورووپا؟!

لە ناخی پرسیارەکەی دا، تام و چێژو سەرنجیان بۆ ئورووپا بە روونی هەست پێدەکرا، وەک ئەوەی باس لە خەیاڵەکانیان بکەن، بۆ ئەو شتە هانیان دەدای کە خۆیان دژایەتییان دەکرد! لەو شوێنەی کە هەین، نین و کاتێکیش کە رۆیشتین دەبێ هەبین!

دوای نائومێدی و شکست لە دۆسیەکەی ساڵی ٨٨(هەتاوی) کە خۆتان بە سەرکەوتوو دەبینی، من لە دەرەوەی سنوورە ساختەکان لە خزمەتی مرۆڤایەتی دا بووم بەڵام تۆ هێشتا هەر لێکۆڵەرەکەی ٨٨ ی و هیچ فەرقێکت نەکردووە! بە هۆی نەبوونی دەرفەت و دۆخی سیاسی - کۆمەڵایەتی تەندروست، ناچار بووم مەودایەکی زۆر لە زێدم دوور بکەومەوە. ژیان بێ واتا مابوو. دوور کەوتم تا بگەمە شوێنێک کە دیسان هی من بوو (هەر وەک ئیدعاتان کردبوو کە کوردستانی سوریە هی ئێوەیە، کوردستانی عێراق و کوردستانی تورکیەش هەر هی ئێوەیە!) کەوایە نەچوومەتە شوێنکی جیاوازتر لە هی خۆم.

 

هەڵبەت ئەگەر هی ئێوە بێت نەک هی ئێمە؟! شوێنێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناویین کە شۆڕشێکی تێدا دەکرێ. ئاواتەکان ناخنکێندرێن. سیستمێکی ئاڵترناتیو و دیموکراتیک کە بە بەرخۆدانی سەدە واتە کۆبانی گەیشتە لوتکە (کە بێگومان پرسەکە تەنیا خەباتێکی یەکلایەنە نەبوو بەڵکو خەباتێکی ئیدیۆلۆژیک بوو) و بوو بە خاڵی وەرچەرخان بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان. سەرەتای وەرزێکی نوێ لە دیموکراتیزەبوون.

سەرەڕای هەموو ئازارو زەحمەتییکان، خەبات کە کەمپی ئاوارەکانی شەڕ، خزمەتێکی گەورەی ئەخلاقی - ویژدانی لە بەرانبەر کۆمەڵگەیەک بوو کە بە ساڵانە لە ژێر سیاسەتی ئینکارو قڕکردن دا بوو. بەجێگەیاندنی ئەرکی یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتی کە بە تێپەڕکردنی سنوورەکان دەبێتە ئەرکی شۆڕشگێری!

دەنگ بەرز دەبێتەوە؛ هەرکەس کە لەوێیە ئەندامی گرووپی پەکەکە یە؟

یانی بە ملیۆنان کەس پەکەکە ین. دەی ئەگەر وایە ئیتر گرووپ واتای چیە؟ باوەڕی بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، کە وەک کۆمەڵناسێک لێکۆڵینەوەی قوڵی لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناویین و کوردستان پێشکەش کردووەو لە ئەنجامی گەلەکۆمەی نێوەدەوڵەتی ساڵی ١٩٩٩، ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسی ئیمراڵی راگیراوە، رێبازی یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی سیستمی دەوڵەت - نەتەوە هەڵبژاردو ئەمە بۆ من سەربەرزییە. پێناسەی ئێوە لە ئەسڵی پرسەکە هەڵەیە.

باوەڕ بە شووڕشێکی زێهنییەتی لە سەرەتاداو دواجار شۆڕێکی پێکهاتەیی، یەکێک لە بنەماکانی شۆڕشی مۆدێرنە.

 

بێ گومان لە نێو شۆڕش دا کەسایەتییەک ئاوا دەبێ، خیانەت و فیداکاری لە سۆنگەی بەڕێوەچوونی ئەرکە کۆمەڵایەتی - سیاسییەکان زیاتر دەکەونە بەرچاو. بە هۆی ئەوەی لە قوڵایی پرسە کۆمەڵایەتییەکان جێدەگری و لە نزیکەوە دۆخەکە دەبینی، پێویستی بە رێکخستن وپێشخستنی گەل زیاتر هەست پێدەکەی و ئاشنا دەبی. گرتنەبەری رێبازی سیستماتیک و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی - سیاسی لە دۆخی شەڕدایە. ئەو شوێنەی کە ئێرانیش شەڕی داعشی لێکرد. رێگەچارەی بەرجەستەتر بە کارایی زیاترەوە فێر دەبی. تا ئەو کاتەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ئاوا نەبێت، دەربازبوون لە مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی و دەستێوەردانی ناوچەیی ئیمکانی نابێت. رۆژهەڵاتی ناویین پێویستە دووبارە رۆڵی ئەساسی خۆی لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی بگێڕێت.

 

لە مێژووی نوێی رۆژهەڵاتی ناویینی دیموکراتیک دا، هێزەکانی دەوڵەت - نەتەوەو هێزی بەڕێوەبەری دیموکراتیک بوونیان دەبێ و رێبازێکی دیالکتیک لە ئارادایە. بۆ تێگەیشتن لە کۆی پرسەکە پێویستە تایبەتمەندییە هەرێمییەکان قبوڵ بکرێن. ئەمە بە واتای جوداخوازی و پارچەکردن نیە! هەر وەک لە سوریە هێزەکانی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕی گەل توانای پێویست بۆ وەلانانی رژیمیان هەبوو، بەڵام لە جیاتی ئەوە بنیادنانی سیستمی خۆیان بە بنەما گرت و دەسەڵاتی ناوەندی ئەسەدیان بچووک کردەوە. سیستمی شۆڕش رێگەی خۆی گرتووە. دیموکراتیزەکردنی بنەماڵە بۆ تێپەڕاندنی رەگەزپەرستی، دیموکراتیزەکردنی ئایین بۆ دەربازبوون لە ئایین پەرستی نەک دژایەتیکردنی ئایین، دیموکراتیزەکردنی سەرجەم دامەزراوەکان بۆ رێگرتن لە دەسەڵاتگەرایی ناوەندی، بنیادی دەسەڵاتێکی هاوبەشە بێ ئەوەی گیرۆدەی داوی دیکتاتۆری ببێ و هەوڵی سڕینەوەی کلتوورو تایبەتمەندییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە بدات کە شوناسیانە. سیستمێک کە ژن و شوناسە پەراوێزخراوەکان لەخۆ بگرێ و ئیرادەیان پەسەند بکا، پارادیمێکی نوێیە کە دژ بە جوداخوازییە کە هەر لەسەرەتای لەدایکبوونە پێی مەحکووم کراوە. چونکە لە بنەمادا باوەڕی بە دەوڵەت و سروشتەکەی نیە کە هەڵقوڵاوی درۆ و فریوی خەڵک و تێکشاندنی رەگەزی ژنەو هەروەها بەرهەمێنەوەی دەسەڵاتە.

 

هەموو چالاکی و تێکۆشانم لە ئاراستەی خزمەتکردن و بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتی مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ ئەزموونەکانی ژیان و شوناسی مێژوویی خۆم و بۆ ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە بووە کە پێویستیی دەربازبوونی مێژووە. بێگومان ڕێگای ڕاست بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بریتییە لە گرتنەبەری رێبازی دیموکراتیک بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسی کە خەڵک بۆخۆیان بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بخەنە بەرباس و بیکەنە پرس و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، ئەمە واتای دیموکراسییە!

 

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک (هەموو نەتەوەکانی ناو جوگرافیا) بە ئاراستەی دەربازبوون لە قەیرانی رۆژهەڵاتی ناویینە، رێکخستنی خەڵک بە پێوەری سۆسیۆلۆژی ئازادی و زانستی ژنۆلۆژی لە سیاسەتی خۆی پەیڕەو دەکات.

لەو سیستمە ئەو زانستانەی کە بە شرۆڤەی قووڵی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێشکەشکردنی چارەسەر بوونیان هەیەو خەڵک بە ئیرادەی خۆیان بۆ چارەسەری کێشەو پرسەکانیان دەکەونە سەر پێ. کۆمینەکانی ئاشتی، ئابووری، پەروەردە، خزمەتگوزاری، تەندروستی، چاندو هونەر، ئایین و باوەڕی، گەنجان و ژنان ئاوا دەکەن و رۆژانە سەدان پرس و کێشە لە ژێر هێرش و دۆخی سەختی شەڕدا چارەسەر دەکەن.

 

ژن و پیاو شانبەشانی یەک بە سیستمی هاوژیانی ئازادو هاوسەرۆکایەتی، سەرلەنوێ کۆمەڵگەی زیانلێکەوتوو و قەیران لێدراو ئاوا دەکەن و واتایەکی نوێ بە ژیان دەبەخشن. ئەو ژیانەی کە لە واتای خۆی داماڵدراوە. بە باوەڕی و ئیرادەی پتەوە بەوەی کە رێگەی ئازادی دەپێون و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگ و دژوارییانەی شۆڕشی زێهنییەتی، چرکە بە چرکە لەگەڵ ئازادی دەژین. هیوایەک کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سوریە، عێراق، ئێران، تورکیە، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەو هەروەها غەزە کە لە سەر کۆمەڵکوژکردن و خوێنی هەزاران مرۆڤ سەوداو مامەڵەکرا( لە رۆژئاو تا رۆژهەڵات)، نابینێ و ئەمە کرۆکی ئازادییە.

 

ئەوانەی کە لە رێگەی حەقیقەت و ئازادی دا هەنگاویان ناوە، واتایەکی دیکەیان بە ژیان و مردن بەخشیوە. ئێمە ترسمان لە مردن نیە بەڵکوو لە ژیانێکی بێ روومەت و کۆیلانە دەترسین. ژیانی ئازاد ئەو کاتە دەستپێدەکات کە ژنان (کۆنترین بندەستی) بە ئیرادەو باوەڕییەکی وەها بۆ روومەت و هەبوونی خۆی تێکۆشان دەکەن کە مردن بۆ ژیانێکی ئازاد لە ئامێز دەگرن.

شریفە محەمەدی و من و ئەو ژنانەی کە لە ژێر حوکمی سێدارەداین، یەکەمین و دوایین ژن نین کە بە هۆکاری تێکۆشان بۆ ژیانی ئازاد مەحکووم کراوین و دەکرێین. بەڵام تا گیانبازی نەبێ ئازادیش مسۆگەر نابێت. نرخی ئازادی گرانە. تاوانمان گرێدانی ژن، ژیان، ئازادییە.

 

پەخشان عەزیزی

تەمموزی ٢٠٢٤

بەندیخانەی ژنانی ئەوین