کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا

نەرمین عوسمان – نووسەر

کەش؛ بارودۆخی کەشوهەوایە لە ناوچەیەکی دیاریکراو و بۆ ماوەیەکی درێژ، کە مرۆڤ و سروشتی ناوچەکە پێی راهاتوون، گۆڕانی کەش  (climate change)، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی درێژخایەن لە پلەی گەرمی و کەشوهەوادا بەگشتی, دەکرێت ئەو گۆڕانکارییە سروشتی بێت بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە چالاکیی خۆردا، یاخود تەقینەوەی گڕکانە گەورەکان، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەمەوە چالاکییەکانی مرۆڤ بزووێنەری سەرەکین بۆ گۆڕانکاریی لە کەشوهەوادا، بە شێوەیەکی سەرەکیش، بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییەکانی ژێر خاک (سووتەمەنی بەردینی، یان سووتەمەنی فۆسیلی، وەک: خەڵووزی بەردین و نەوت و گاز) و بەکارهێنانیان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، وەک: دروستبوونی وشکەساڵیی سەخت، کەمیی ئاو، ئاگرکەوتنەوەی زۆر و بەرفراوان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و دەریاکان، لافاوی گەورە، هەڵچوونی دەریاکان، توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان، زریانی کارەساتبار و چەندین دیاردەی تر، ئەم گۆڕانکارییانەش مەترسین لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی.

 

کاریگەرییە نەرێنیی و ئەرێنییەکانی

لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە ئێکجار زۆرن، هەندێکجار ئەگەری ئەوەی هەیە لە لایەکی تر و ناوچەیەکی تر کاریگەریی ئەرێنیشی هەبێت، بۆ نموونە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و بارانبارینی زۆر، کە پەیوەندییان هەیە بە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، لە کاتێکدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەیەک درووست دەکەن، بەپێچەوانەوە لە ناوچەیەکی تر کاریگەریی ئەرێنی دروست دەکەن. دیارترین سوودیشی بریتییە لە: زیادبوونی رووپۆشی رووەکیی لە هێڵە پانەکانی باکووری گۆی زەوی، لە بەشێک لە زەریاکان رێژەی رووەکە هەڵواسراوەکان (بایۆپلانگتۆن) زۆر دەبن، واش مەزەندە دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەی ئەمازۆن هەبێت و رێژەی دارستانە باراناوییەکان زیاد ببن، ئەم ناوچەیە بە سییەکانی گۆی زەوی دادەنرێت و چەند سەوزایی زۆر بێت، بۆ مرۆڤ و زەوی بەسوودترە، بووژاندنەوەی کشتوکاڵ لە هەندێک ناوچە، بەهار زوو دەست پێ دەکات و وەزری کشتوکاڵ درێژ دەبێتەوە و ڕێژەی چاندنی بەروبووم بەرز دەبێتەوە، لە هەمانکاتدا بە زیادبوونی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوودەدات و ئێستا رێژەکەی ٠.٠٤ %ی هەوایە، Rووەک و بەرهەمەکانی کشتوکاڵ زیاتر بەرگەی وشکەساڵی دەگرن و یارمەتیان دەدات باشتر گەشە بکەن، لەگەڵ ئەوەش، توێژینەوەکان دەریانخستووە لایەنی خراپیشی هەیە، چونکە لە هەمانکاتدا گژوگیای زیانبەخشیش زۆر دەبن.

 

بەها خۆراکییەکان کەمدەبێتەوە

هەروەها بەرهەمی بەروبوومەکانی میوە، سەوزە، تۆو و دانەوێڵە زیاد دەبن و کێشی تۆوەکان بە ڕێژەی لە سەدا بیست و پێنج، ژمارەی تۆوەکان لە سەدا شازدە و ژمارەی گوڵەکانیش بە ڕێژەی لە سەدا نۆزدە زیاد دەکەن، بەڵام ڕێژەی نایترۆجین کەم دەکات و بەها خۆراکییەکەیان کەمدەبێتەوە، وەک کەمبوونەوەی پرۆتین و کانزاکان، هەربۆیە زۆربەیجار خۆزگە بە تامی جاران دەخوازین.

 

یەکێکی تر لە سوودەکان، کەمبوونەوەی رێژەی کۆچی باڵندەکانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی بەهاردا، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لەناوچوونیان لە کاتی رەوکردندا، بەڵام لەلایەکی ترەوە رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی رێژەی مردنیان لە زستانی ساردی ناوچەکانیان.

 

کەمبوونەوەی رێژەی مردن بەهۆی سەرماوە لە ناوچە ساردەکان، یەکێکی ترە لە سوودەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەڵام رەنگە لە ناوچە گەرمەکان بەپێچەوانەوە بێت، وەک ئەمساڵ لە کاتی حەجدا بینیمان.

 

لە لایەکی ترەوە، بووەتە هۆی زیادبوونی ناوچەکانی سەوزایی لە کەناراوی ئەفریقا، کە ئەو ناوچەیە وشکە و دەکەوێتە رۆژئاوا و باکووری ناوەڕاستی ئەفریقا، لە سەنیگال، مۆریتانیا، مالی، بۆرکینا فاسۆ، نەیجیریا، نەیجەر، چاد، سودان و ئەریتریا پێکهاتووە، بەو هۆیەشەوە دەتوانرێت خۆراکی ئاژەڵ دابینبکرێت و برسێتی کەم بێتەوە.

 

گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، دەبێتە هۆی تواندنەوەی سەهۆڵی زەریای جەمسەری باکوور و پێشبینی دەکرێت کەشتییە بارزگانییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بۆ هاتوچۆ سوودی لێ ببینن، بەو پێیەی رێڕەوی باکووری رۆژئاوا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ساڵەکەدا بەکراوەیی دەمێنێتەوە. ئەم رێڕەوە رێڕەوێکی کەشتیوانییە، زەریای هێمن و زەریای ئەتڵەسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بایەخەکەی لەوەدایە ماوە و تێچووی هاتوچۆی کۆمپانیا کەشتیوانییەکان کەمدەکاتەوە، لە ئاسیاوە بۆ ئەمەریکای باکوور دەڕۆن. لە هەمان کاتدا، رێڕەوە دەریاییەکانی تر، یاخود گواستنەوەی وشکانی زیانیان بەر دەکەوێت. ئەمانە و چەندین لایەنی نەرێنی و ئەرێنی هەن، بەڵام سوودەکان بەراورد بە زیانەکان هیچ نین.

 

ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە

لەبەر رۆشنایی ئەم مشتومڕەی زیانەکانی قەتیسبوونی گەرمیی و گۆڕانکاری کەشوهەوا و بەرپرسیارێتیی گشتیی وڵاتانی جیهان، دەیان ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ و بەرنامە داڕێژراون بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی دەرچەی گازەکان. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە دەوڵەتان لە هەموو دنیادا لیژنەیەکی حکومیی نێودەوڵەتییان پێکهێنا لەپێناو گۆڕانکاریی کەشوهەوادا، سەدان و هەزاران زانایان تێدا بوو، بە ئامانجی ئەوەی بگەنە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری لەسەر باشترین کار و بەرنامە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

وێرت، زانای بواری ژینگە، لەو بارەیەوە دەڵێت: تا ساڵی ٢٠٠١،  IPCC لیژنەی حکومیی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا  گەیشتبووە کۆدەنگییەکی ورد و داڕێژراو ئەستەمە هیچ پسپۆڕێک لەگەڵیدا ناکۆک بێت.

لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێشەنگی هەوڵەکاندایە بۆ رزگارکردنی هەسارەکەمان. لە ساڵی ١٩٩٢ لە رێگەی کۆنگرەی (لووتکەی زەوی)ییەوە رێککەوتننامەی (چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا) وەک هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا هاتە ئاراوە و تا ئەمڕۆ ١٩٧ وڵات ڕێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٩٧ پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ پەسەند کرا، ئێستا ١٩٢ لایەن لە پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆدا هەن

هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ساڵی ٢٠١٥ رێککەوتننامەی پاریس بەئەنجام گەیشت. ئامانجی سەرەکی رێککەوتننامەی پاریس؛ بەهێزکردنی بەدەنگەوەچوونی جیهانییە بۆ مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و لە ساڵی ٢٠١٦ دا ١٧٥ سەرکردەی جیهان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رێککەوتننامەی پاریسیان واژۆ کرد و تا ئێستا ١٩٤ وڵات ئەندامن لەو رێککەوتننامەیەدا.

 

ئەمانە و دەیان کۆنگرە و ساڵانە کۆنگرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبەسترێت لە میانەی UNFccc  ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا)، وەک کۆبوونەوەی فەرمیی لایەنەکان، کە پێی دەوترێت (کۆنگرەکانی لایەنەکان – کوب) و لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە دەستیپێکردووە، تەنانەت ئەوانەی ئەندامیش نین، وەک چاودێر بەشدار دەبن و یەکەم کۆنگرە لە ساڵی ١٩٩٥ لە بەرلین دەستیپێکرد و عیراق بەشدار و ئەندامە لە هەموو کۆنگرەکان و ڕێککەوتنەکانیدا.