مارە کردنی کچانی ٩ ساڵ؛ پەردەیەکی تری ڕەش بە ڕووی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی

گەشاو ڕەحیم - چالاکوان

مارە کردنی کچانی ٩ ساڵ ڕیسوایی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی و پەردەیەکی تری ڕەش بە ڕووی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی.

 

گەڕانەوەی جەهالەت و کۆنەپەرستی و کڕین و فرۆشتنی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و بە تایبەت ٩ ساڵانە تاوانێکی گەورەیە بە ڕووی دەسەڵاتی پیاوسالاری کە یاساکان و بڕگەکانی لەسەر شەریعەتی ئیسلام کار دەکات و گەڕانەوەی کار و کردەوەکانی پیغەمەرەکەتانە کە بە میرات بۆتان ماوەتەوە و ئێستاش لەم سەردەمەدا دەتانەوێت هەمان جەهالەت بگەڕێننەوە.

 

بۆرژوازی کورد بۆ مانەوەی خۆی لەسەر تەختی کۆنەپەرستی، هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر و تەنانەت لە پشت کۆنەپەرستترین و ڕەزیلترین کەسەوە دەوەستێت و نوێژ و ئیتاعەت بۆ خوا دەکات، بە بێ ئەوەی فزەی لێوە بێت کە ڕۆژانە بە دەیەها کچی منداڵ بە شوو دەدرێت و بە دەیانی تریش خەڵتانی خوێن دەکرێن، گۆڕستانی بێناونیشانی ژنان و کۆرپەلەی بە زۆر لەباربرا و لەم لایشەوە شەرعیەت بە فرە ژنی و زۆرءک شتی پوچی تریش...، چەند شەرم ئامێزە ئەو ڕیاکاریانە، چەند لاوازە ئەو دەسەڵاتە، ئەو پەرلەمانەی کە دەنگ بدات بە دەسترێژی جنسی بۆ سەر کچ و خوشک و کچەزا و دراوسێکانمان.

 

خوێنەرانی ئازیز، هەموو ئەو مرۆڤانەی کە ناتانەوێت کچەکانتان بخرێنە چوار دیوارێک و بۆ هەتا هەتایی زیندانی بکرێن، ئەگەر دەمانەوێت لە جێگای بەشوودانی کچانی ٩ ساڵ، قوتابخانە، زانست و زانیاری، سینەما و سەماکردن ، مەلەوانگەی تێکەڵ لە کچ و کوڕ و پێکەنین و دڵخۆشی بگەڕێنینەوە، ئەگەر دەمانەوێت ئینسانیەت بگەڕێنینەوە، و زۆرەملێی لە چنگی گورگە برسیەکان دەربهێنین و بۆ هەتاهەتایی توڕیان بدەین و ڕەزیلیان بکەین، ئەگەر دەمانەوێت ئینسانەکان بە یەکسانی پێکەوە سەمای ئازادی بکەین، کەواتە پێویستیمان بە پێکەوە بوونە، پێویستیمان بە ڕیزبەندییەکی پتەوە بە بێ جیاوازی، ڕزگار بوون لەم جەنگەڵستانە کە بۆمانیان دیاری کردووە، لە گرەوی ئامادەییمانە بۆ دەست لەناو دەستی یەکتر، کچانی منداڵ پێویستیان بە ئێمەیە، بۆ دنیایەکی باشتر کە شەخسەت و کەرامەتی ئینسانەکان پارێزراو بێت و ئیتر کچان دەستدرێژییان نەکرێتە سەر.

 

پێکەوە بوون و لە پاڵ یەکدا وەستان مەرگی کۆنەپەرستان و دادگا و شەریعەت و دینەکەشیان نزیک دەکاتەوە.