ئەسڵ وابوو ڕێپێوانی ملیۆنی لە شارەکانی ھەرێم کرابایە

بەهار مونزیر

ئەسڵ وابوو ڕێپێوانی ملیۆنی لە شارەکانی ھەرێم کرابایە، بۆ پشتگیریی لەو خەڵکەی ھەموو جۆرە ستەمێکیان بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی بەسەردا تاقیکراوەتەوە: خەڵکی کوردستان و ئێران، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دژ بە دەسەڵاتی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی دەخرۆشێن و ڕوخانی ئەو ڕژێمە دژە ئینسانییە بووەتە کاری لە پێشینەیان، ئەمەشە ھۆکاری بەردەوامی ڕاپەڕینەکەیان، وێڕای ئەو ھەموو سەرکوتییەی ڕژێم و دەستنەپاراستنیان لە ھەر جۆرە کردەیەکی نائینسانیانە دژ بە خەڵکە ڕاپەڕیوەکە.

 

ھەر ئەوەی کە مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەوێتە مەترسییەوە، گرووپە ئیسلامییەکان و ئەو ھێزانەی کە دەزانن بە کەوتنی ڕژێم ئەمانیش باریان دەکەوێتە لێژی، بە لێدوان و ھەواڵەکانیان و ڕوماڵی ئەم ڕاپەڕینە دەرخەری ئەوەیە کە دڵیان لای ئاغاکانیانە و، ھەوڵی ئەوە دەدەن دۆخەکە بکەنە تەپوتۆز تا حەقیقەتەکان ون بن!

 

ئەوەی پێویستە و وەکو ئەرک دەکەوێتە سەر کۆمەڵگە، ئەوپەڕی ھاوپشتی ئەو ڕاپەڕینە بکرێت؛ لە هەرە بەرچاوترین ستەمەکان لەسەر ژنانە کە خۆی لە "سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ"ـدا دەبینێتەوە، کە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی زوڵم و زۆری شا، کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی باڵاپۆشی بەزۆری کچان و ژنان بوو لە ئێراندا، کە زۆرێک لە ئێمە لە ڕێگەی وێنەکان و ئەرشیڤی ئەوکاتەوە "لەسەروبەندی سەپاندنیی ئەو یاسایانەوە"، بە بەرپەرچدانەوە و ڕەتکردنەوەیەکی فراوانی جەماوەریی ئاشناین، یەکێکی تر لە یاساکانیان سزای سەر شەقامەکان بوو، هەر لە "سەنگەسار" یاخود "بەردبارانکردن"ـی ژنان و پیاوان بە پاساوی بێبنەما و ئەتککردنی چەندان کەس، سزای لە سێدارەدان بە بەرچاوی خەڵکەوە کە مەبەستیی سەرەکی لەم کارانە چاوترسێنی خەڵک بوو، تاکو لەو ڕێگەیەوە خەڵکەکە بەتەواوی ڕام بکەن و خۆشیان لە دەسەڵات بمێننەوە.

 

لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ئێران ژیانێکی سەخت و کولەمەرگی دەگوزەرێنن، پشکی شێر لەم چەرمەسەرییەی خەڵکی کوردستان و ئێران بەر ژنان کەوتووە، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ گۆڕانکاری و وەستانەوە بەرامبەر بە زوڵـم و زۆرداری و خراپی ژیانی خەڵکی کوردستان و ئێران، ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەریهەڵدا کۆکراوەی ئەو هەموو زوڵمەیە، کە لە ئێستادا ئەوەی لێی دڵنیاین ناڕازیبوونی خەڵکە بە گشتیی؛ بەو سیستمەی کە مرۆڤەکان ساڵانێکە تێدا خنکاون و بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕان بۆ ڕزگارییان، دۆخی ئێستا ئەو دەرچەیەیە، بۆیە ڕاپەڕیوان دەست دەبەن بۆ تەواوی ڕەمز و موقەدەساتیی کۆماری ئیسلامیی.

 

ئێمەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، گرنگە وێڕای پشتگیریی و ھاوپشتی لەم شۆڕشەی خەڵکی کوردستان و ئێران، دەتوانیین گوشاریش بخەینە سەر دەسەڵاتدارێتی ھەرێم کە لەو دەستنەپاراستنەی کۆماری ئیسلامی کە ھەرجارە و بە بیانوویەک ھەم بۆردوومانی بارەگاکانی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات و ھەمیش تیرۆری سەرکردە و کادیرانیان، ئەم کارە بووە بە نەریتی کۆماری ئیسلامی و ھەرجارێک بییەوێت دەیکات، دەسەڵاتی ھەرێمیش بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە "ئەگەر ئەمەش بکەن"، ئیدانەیەکی سەرپێیی دەکەن! ھاتنە مەیدانی گەنجانی زانکۆکان و خەڵکی ناڕازی لە ھەموو توێژەکان کە پێوستییەکی پلە یەکە، تا پێکەوە ھەم گوشار لەسەر دەسەڵاتیی ھەرێم بکرێت بەھۆی وابەستەییانەوە بە "کۆماری ئیسلامیی"، چاودانەخەن لە ئاست ئەو دەستدرێژییانەیان کە دەیکەنە سەر ھێز و کەسانی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتدارێتی ئێران کە نیشتەجێی ھەرێمن، ھەم ھاوپشتییەکی باشی ڕاپەڕیوانی کوردستان و ئێرانیش بن.

 

بەداخەوە بڵاوکردنەوەی نائومێدی کەسانێکی خوێنەوار لە ئاست ئەم پرسە گرنگەدا، زیانی بە ھاوپشتیی بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران گەیاندووە؛ ئەو جۆرە گوتارانە خەڵکی ڕەشبین درووستدەکات، کە خۆی لە "ھیچ نەکردن"ـدا دەبینێتەوە!

ئەسڵ وابوو ڕێپێوانیی ملیۆنی لە شارەکانی ھەرێم کرابایە، بۆ پشتگیریی لەو خەڵکەی ھەموو جۆرە ستەمێکیان بە درێژایی مێژووی "کۆماری ئیسلامیی"، بەسەردا تاقیکراوەتەوە.