هەڵە کوشندەکە لە تێگەشتنەکەوە سەرچاوەی گرتووە!

بێریڤان محەمەد – ڕۆژنامەنووس

 

تێگەشتن و زهنیەت شێوازی ژیان دیاری دەکات، هەڵبەت کاتێک تێگەشتن هەڵە بێت ، ڕێڕەوی ژیان بەلاڕێدا دەچێت و ژیانێکی لەسەر بنەمای هەڵە ئاوادەبێت.

 

سیستەمی ئەمڕۆی جیهانیش کە ئاین و ئایدۆڵۆژیەکانیشی قوتداوە، سیستەمێکی دەسەڵاتخواز و ناوەندگەرا و پیاوسالارە، هەربۆیە مرۆڤایەتی و گەردونیش بەهۆی سەرەڕۆیەکاتی بەرەو لەناوچوون دەبات، هۆکارە بنەڕەتییەکەشی پەیوەندی بە تێگەشتنە ناوەندگەرایەکەیەوە هەیە، بۆ نمونە:

 

١/ مرۆڤ بە ناوەندی بونەوەرەکانی گەردون دادەنێت و هەموو بوونەوەرەکان لەپێناو ئارەزوو پێداویستی مرۆڤ دروستبوون، مرۆڤ بە خاوەنی هەموو مافەکانە بەسەریانەوە، ئەمەش بووەتە سەرچاوەی سەرەڕۆی و بێ ئەخلاقی مرۆڤەکان بەرامبەر سروشت و بوونەوەرەکانی دەوروبەریان.

 

٢/ پیاو ناوەندی مرۆڤەکانە و ژنان لەپێناو تێرکردنی ئازەوەکانیدا خوڵقاون. هەرئەمەشە وای کردووە لە هەموو جیهان پیاو بەرەو دڕندەیی دەبات و ژنیش وەک نێچیرێک، ژینێک لەسەر بنەمای ستەمکاری لەسەر ژنان دروستبکرێت، کە دواجار لە کەسایەتی ژناندا کۆمەڵگەش بێ ڕۆڵ و ئیرادە کراوە.

 

هەردوو تێگەشتنە هەڵەکە بوونەتە هۆی بەلاڕێدابردنی مرۆڤایەتی و ژیان و ژینگە، هەر ئەمەشە گەردوون بەرەو وێرانکاری دەچێت.

 

سیستەمی پیاوسالاری جیهان لەسەر بنەمای ئەم تێگەشتنە دروستکراوە و کۆمەڵێکی کەم  پیاو لەسەر هەموو گەردوون حوکم دەکەن و بڕیاردەدەن، ژنان  قوربانیە یەکەمەکەن، کۆمەڵکوژی لەسەر کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، ئاژەڵ بێ سنور قەتڵ و عام دەکرێت، ژینگە بە جۆرەها چەک و کارگە و  بەندا و شاری دەیان ملیۆنی و درەخت و سەوزایی لەناودەبرێن، ئەم تاوانانە لە هەموو کۆمەڵگەکان بەتایبەت کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ئیسلام کە کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا لاوازە، بێ سنورە.

 

هەڵبەت بەردەوامیدان بەم بەلاڕێدا چوونە، گەردوون لەناودەبات، لە بەرامبەریشدا ژیانە ڕاستەکە  تێگەشتنە لە هاوسەنگی سروشت، هاوسەنگی نێوان مرۆڤ، ئاژەڵ و سەرجەم بوونەوەرەکان، هاوسەنگی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە، دەتوانن تەواوکاری ژیانی یەکتر بن، بێ دەسەڵاتدار و ژێردەست، بە ڕێزگرتن لە یەکتر دەتوانرێت ژیانێکی واتادار، بێ زوڵم و ستەم و دوور لە مەترسی ئاوابکرێت.