گوتاری سیاسی، گوتارێکی بێ جەوهەر و لەرزۆک لە مێژووی ئەم هەرێمە

مژدە عەلی – نووسەر

ســــاڵانێکە، گوتاری سیاسی لەم هەرێمە لەپاڵ نەخشەی بڕۆدێڵدا بۆ مێژوو، توشی ئفلیجی و بێ ئاگاییەکی زۆر بووە، هەم لە بارودۆخی جیهان، ناوخۆی، هەرێمی......

خەڵکی ئێمە بە گشتی و هێزە سیاسییەکان لە بەشێکی زۆری یادەوەرییەکانیاندا، سیاسەت و گوتاری سیاسی، بگرە ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئاین، فەرهەنگ، کۆی جومگەکان بەم شێوەی ئێستا بەناو یەکدانەچوون و تووشی بوچێتی و بێ جەوهەری نەبوونەتەوە، لە هەفتاو هەشتاکاندا گوتاری سیاسی لای زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و بگرە ڕۆشنبیرانیش، بە پلەو ڕادەی جیاواز گوتاری بەناویەکداچوونی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم بوو..!

 

تەنانەت ئەوکاتیش قسە لەسەر چارەسەرێکی دیموکراسیانە بۆ چارەسەرکردنی کیشە ناوخۆی و دەرەکییەکان دەکرا، بێ ئاگا لەوەی نەک پڕۆژەی چارەسەریان بێ جەوهەر بوو، خۆشیان و گوتارەکانیان سەریان لە خۆیان دەرنەدەکرد....خۆشیان لەخۆشیان تێنەدەگەشتن، چ جای بگات بەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکانی ڕۆژەڤ بدەن...!، هەر وەک ئەو دۆخەی ئێستا دروستیان کردووە.

 

هەر لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژووی ساڵانی حەفتاو هەشتاکاندا دەبینین بەدەگمەن هەبوو جەوهەریەتی گوتاری سیاسی و تەنانەت کۆمەڵگا و مێژووی ئێمە بڵێت شەڕ لەگەڵ داگیرکەران لەسەر سەپاندنی مافە دیموکراسییەکان و سەلماندنی مافە نەتەوەییەکان تەنانەت ڕووکەشانە بوو، لە دوای ئەو قۆناغەش، چونە دۆخی خەڵەفاوی، چونە دۆخی گومڕابوون، و هەڵبەی من بۆخۆم و تۆش بۆخۆت لە جەوهەریەتی ئەواندا بوو، نەک کارکردن لەپێناو پرسە گرنگەکان کە کلیلی کردنەوەی هەموو دەرگا داخراوەکانی ئایندە بوو لەم وڵاتە.

 

بێگومان بەخشینی جەوهەرێک بە گوتاری سیاسی، مانای بەخشی شەرعییەت بە مانایەک لە ماناکانی باڵادەستی ڕایەک لە ڕاکان و ســـپاندنی ڕاڤەکردنێک لە ڕاڤەکردنەکان بەسەر ماناو ڕاڤەکانی دیکە لە کۆمەڵگادا نایەت، ئەگەر خودی کۆمەڵگا جەوهەرێکی تایبەتی هەبێت، دواجار خودی گوتاری سیاسیش خۆی لەو جەوهەرەدا ببینێتەوە، بێگومان نییە....

 

چونکە ئەوکات ئەو کەسەی تەعبیر لەو جەوهەرە دەکات هەڵگری هەقیقەتە، پێیوایە ئەوانی دیکە هەمووان هەڵەن. تەماشاکەن ئەم لۆژیکە ساڵانێک بەرهەمی خوێناوی وتارێک و ڕووڕەشی سیاسیەکانی ئەم هەرێمەی پێوەبوو، شەڕی ناوخۆ بوو، هەر ئەم لۆژیکە بێ جەوهەرە لە گوتارەکانیاندا وێنایەکی بێ دەنگە و هاوار دەکات، کە ناتوانێت، یان نایەوێت، چ کۆمەڵگا، چ سەرزەمینی بەیەکدادانی کۆمەڵێک هێزی واقع بین، شرۆڤە کار، کار بەڕێخەرو و بەتوانای کۆمەڵگایی و سیاسی جیاواز لە خۆیان، قازانجی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی هەقیقەتی جیاوازو سود ئامێز بەو قۆناغە دەربخەن و ببینرێت.

 

هەڵبەت کۆمەڵگا هەرچ شتێکی هەبێت جیا لە چوارچێوەدانی جەوهەرییە، جەوهەر بەمانا نەگۆڕی، مانای شتێک کە هەمیشــە وەک خۆی نەمێنێتەوە، شتێک تێپەڕینی کات و شوێن لە جەوهەریەتی ڕاستەقینەی خۆی داینەبڕێت، بەڵکو شتە دروستکراو و لە ڕێلادەرەکان خەوش بکرێت، ئەمە جیا لەو پرسەی کە کۆمەڵگا بوونەوەرێکە بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەردەوام ناکۆکی تازە و کێشەی تــــازە، مۆڕاڵی تازە، ماناو شێوەی ژیانی تازە بەرهەمدەهێنێت.. هتد.

 

تەنانەت لە دوای مۆدێرنیتەش کە دێت و دەرگای دونیایەک دەکاتەوە وادەکات وردە وردە و زۆر لەسەرخۆ هیچ مێژوویەک نەتوانێت بە داخراوی بمێنێتەوە، مۆدێرنیتە لە سەرێک لە سەرەکانەوە دەتوانین بە کردنەوەی هەموو دەرگا داخراوەکانی ئەو مێژووانەی تا هاتنی ئەو بەداخراوی مابونەوە، لێرەشدا ئەگەر سیاسەت و سەرزەمینی جیاواز و فرەڕەنگ بێت، ئەوا لەناو ئەم جیاکارییە گەورەدا مێژوویەکی هاوشێوەی گەشـــەکردن و گۆڕان و گواستنەوە هەیە، لێرەشدا و لەم هەرێمەدا گەشەکردنێکی وا نەهاتە ئاراوە چ لەلایەنی کۆمەڵایەتی، کە خۆی بە کۆمەڵێک دابوو نەریتی خێڵەکی و دۆگمای و پوچێتی، گرێدراو بە کلتوری هاوردەی بیابان نشین، و هۆزە غوزییەکان...! و شێواندنی جوانیەکانی کۆمەڵگای ماناو، میتانی و ڕەسەنایەتی و دەرکردن و بێکاریگەرکردنی ناسنامەی ڕەسەنایەتی کە تالێواری مەرگ هاتوە....

 

لە ڕووی گوتاری سیاسیش نەمان بینی و ناشی بینین، ڕەشبینی نییە، ئەوەی دەگوزەرێ و دەکرێ و دەبینرێ هەر ئەوە دێنینە زمان و نوسین، کاتێک پێویست بوو هاوتەریب بەو گۆڕانانەی مۆدێرنیتە لەگەڵ خۆی هێنای، گۆڕانی چوارچێوەکانی ڕێکخستنی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، چوارچێوەکانی گەشەی ئـــابوری و تەکنیکی بەرزبوونەوەی ئـــاستی گوزەران و کەڵەکەبوونی مەعریفە، ببێت بە هەگبە و جەوهەریەتی گوتاری سیاسمان، بەڵام چی بینرا و چی کرا، ئەوە کە دیارە...!!

 

دیارە کە نەک نەتوانرا سود لەو هەموو پێشکەوتن و پێشوەچوونە ببینرێت کە لە ڕۆژەڤدا هاتبووە ئاراوە، بەڵکو نەشتوانرا و لاواز لاواز هاتینە پێشەوە، وا خۆدەرخرا کە ڕابەرایەتی و حوکمداری لەم هەرێمە لە لوتکەی پێشکەوتندایە.....، وا خۆ نیشاندرا کە پارێزەری هەموو ئەو دەسکەوتانەن کە بە خوێنی هەزارەها شەهید هاتە بوون، کەچی وەک گورگی برسی و نەشارەزاش لە خواردنی بوونە هۆکاری خستنێکی وای کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن کە ناتوانێت بەرگەی مانگێکی باری نائاسایی بگیرێت لەم هەرێمە.

 

ئەمەش ئەنجامی نەزانی و فاشلی نەک لە گوتاری سیاسی حزب و سەرکردە سیاسییەکان، بەڵکو هەموو ئەمانەش بەرهەمی کۆمەڵگایەکی نوستو و خەڵەفاو، کە دواجار دەسەڵاتی خۆسەپێن و دیکتاتۆرو و بێ جەوهەر و هیچ لەبارا نەبوو، بەرهەمی کۆمەڵگای ناوشیارو بێ ئاگایە....