دانیشتنێك، بە یادی موسا عەنتەر

هەریار جەمیل رەنجبەر- نووسەر

مێژووی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، خاوەن چەندین کەسایەتی رۆشنبیر  و شۆڕشگێڕە، کە لەپێناوی مافی رەوای نەتەوەکەیان وەك قەڵایەکی پۆڵایین بەوپەڕی ورە بەرزییەوە رووبەڕووی ستەمی دوژمنان  بوونەتەوە، یەکێك لەم ناوە دیارانەی باکووری کوردستان "شەهید موسا عەنتەرە"، کە بە کۆڵەگەیەکی بەهێزی هەڵسوڕاندنی بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا دادەنرا.  ئەم مرۆڤە مەزنە چەندین جار بەندکراوە وئەشکەنجە دراوە لەسەر دەستبەردار نەبوونی بیروڕا پیرۆزەکانی.


موسا عەنتەر لە ساڵی ١٩١٨ لە ماردین لەدایك بووە و کۆلێژی یاسا و رامیاری لە ئیستەنبۆڵ تەواو کردووە، پیاویکی سادە و بەلیمەت و میرخاس بووە، لە قۆناغێکی زۆر سەخت و هەستیاردا توانی بووی لە روانگەی وتارە گاڵتە ئامێزەکانییەوە، رەخنە لە سیاسیەتی ئەوسای تورکیا بگرێتت و تیشك بخاتە سەر ماف و زمان و ناسنامەی میللەتی کوردی، لە کاتێكدا دانپێدانان بە ناسنامەی کوردی و زمانی کوردی بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دەدرا و بە پێی یاسا سزا دەدران و دادگایی دەکران.


 هەمووجارێ خوالێخۆشبوو (مام جەمیل لەتیف) لەگەڵما دادەنیشت و بیرەورییەکانی خۆی لە سەردەمی خوێندکارییدا لە ئیستانبوڵ لەگەڵ هاوبیرانی خۆی بۆ دەگێڕامەوە، مام جمیل یەکیك بوو لەگەڵ ئازاد سایب برای خوالێخۆشبوو شازاد سایب کە یەکەم دەستەی خوێندکارە نێردراوەکانی کورد بوون بۆخویندن لە ئیستانبوڵ لەساڵی ١٩٥٦-١٩٦١، لەم سەردەمە بزووتنەوەی خەباتی کوردایەتی بە شێوەیەکی نهێنی و ژێرزەمینی دەکراو و موسا عەنتەر رۆڵی کارا و سەرەکیی هەبوو لە سەرپەرشتیکردنی ئەم خەباتە، هاوکات لەگەڵ جۆشدانی هەستی نەتەوایەتییان و کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی.


 لەبەرئەوەی  باری گوزرەرانی ئابووریی ئەم قارەمانە مامناوەند بوو، لە داهاتی ساڵانەی ئەو رەز و باخانەی کە بە میرات بۆی مابۆوە، بەشی ناوخۆیی بە خۆڕایی بۆ خۆێندکارە کوردەکانی  ئیستانبوڵ دابیندەکرد، پشتگیریی دەکردن بۆ تەواو کردنی خۆێندن و خۆرۆشنبیرکردن، چونکە دەیگوت تاکە رێگەێک بۆ سەلماندنی بوونی کورد و وەرگرتنەوەی مافەڕەواکان بە وریاکردنی هزر و بیروباوەڕ دەبێت.


توانی لەگەڵ کۆمەڵێك خوێندکارە کوردەکان کە بە چالاکیی نەتەوایەتی خۆیان هەڵدەستان   رێکخراوی هێڤی رۆشنبیریی دابەمەزرێنن، جگە لەمەش خاوەن رۆژنامەی "دیجلە" بوو. لێرەوە رەخنەی لە دەسەڵاتی تورک و بیری شۆڤێنیزمی دەگرت و هەوڵی زیاتر ناساندنی زمانی کوردی دەدا.


 مام جەمیل بەوپەڕی شانازییەوە گێڕایەوە و وتی: رۆژێکیان موسا بابەتێك لە رۆژنامەکەی خۆێ بڵاودەکاتەوە تەنها بۆ ئەوەی وشەی کوردی لە رۆژنامە بەکاربهێنێت، لەبڕگەێکی بابەتەکەی نوسیبووی "دەگێڕنەوە جارێکیان کابرایەك لە چەقی رێگا لەنێوان دوو گوندی باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا کەوتبوو، هێواش هێواش لێی چوونە پێش، سەیریان کرد مردبوو و نان و پیازییشی بەدەستەوە بوو، وتیان (نانە هەنە، پیڤازێ هەنە، چاڤا مردنە)".  

 

لە یەكکێک لە دادگاییکردنەکانی موسا عەنتەر کە بە تۆمەتی بەکار‌هێنانی زمانی کوردی تاوانبار کرا بوو، داوکاری گشتی پێیگوت تۆ دان بە بوونی زمانێكدا دەنێی کە لە چەند وشەیەكی فارسی و عەرەبی و تورکیت دروستکردوە بەناوی زمانی کوردی. 


ئەویش زۆر لەسەرخۆ و بە گاڵتەپێکردن بە قسەکانی داوکاری گشتی بلیمەتانە هاتە وەڵام: ئاشکرایە بۆ ئێوە، من ماوەیەکە لەژێر مانەوەی بەزۆردام "ئیقامەی جبری" و مافی هیچ چالاکییەکەم نەبووە، بۆیە خۆم بە بەخێوکردنی مریشك و جوچکەوە خەریک کردبوو، ئەوەندە لەم ئاژەڵە ماڵییانە نزیک بوومەتەوە تا شارەزای زمانیان بووم، بە جریوە جریویاندا دەمزانی کەی برسییانە و کەی تینوویانە و کەی نەخۆشن؟ 
 ئەی کوردیش کە نەتەوەیەکە، قابیلە هێندەی ئەم جووچکانە زمانی نەبێت! ئامادەبووانی هۆلی دادگا، دایانە قاقای پێکەنین و دادگاش هیچ قسەی نەما بیڵێت.


مام جمیل بە زەردەخەنەیەکەوە بەردەوام بوو گوتی دوای بەربوونی لە بەندیخانە هەر بەبەردەوامی لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریدا بوو، جارێکیان لە ئیستەنبوڵ بەشی ئەوروپاکەی. بە کەشتی دەپەڕێتەوە بۆ (قادی کۆی) لە بەشی ئاسیا، چەندین عەلاگەی بەدەستەوە بوو هەستی کرد دوو کەس بە دواوەیەتی، لە نیوەی رێگا دوەستێ و بۆ دوو کەسەکە دەڕوات و پێیان دەڵی: (ئەگەر ئەزیەت نەبێت دەتوانن یارمەتیم بدەن لە هەڵگرتنی هەندێك عەلاگە، چونکە دەزانم ئێوەش تا ماڵەوە لەگەڵم دەبن). 


کابرایەکی قۆشمەچی پەیڤ خۆش بوو، لەگەڵ ئەوەش خاوەن ئیرادەیەکی بەرز و بە توانا بوو، توانی بووی بە پێنوسی دەستی تورکیا بهەژێنێت، 


بەڵام مەخابن لەساڵی ١٩٩٢ بەدەستی جاشێکی خۆفرۆشی کوردی تورکیا بە ناوی (عبدلقادر ئیکان) شەهید دەکرێت.
شایەنی باسە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە ساڵی ١٩٩٤-١٩٩٥ لە هەولێری پایتەخت بەرامبەر هوتێل شیراتۆن پەیکەرێکیان بۆ موسا عەنتەر دروستکردبوو وەك رێزلێنانێك لە شەهیدانی قەڵەم، بەڵام بەداخەوە ١٩٩٦ بەبێ هیچ هۆکارێك ئەم پەیکەرە هەڵگیرا.


لە جیهاندا، مرۆڤی هاوشێوەی موسا عەنتەر و دەیان سەرکردەی تێکۆشەر و رۆشنبیر پیرۆز دەکرێن، کەچی ئێمەی کورد بەدەستی خۆمان دەیان کوژین و پەیکەریشیان لادەبەین و لە مێژووشدا باسیان ناکەین، لێرەدا بۆم دەرکەوت ئەوەندەی سەرکردەکانمان بەدەستی جاشەکان و سیخۆڕە کوردەکان کوژراون بەدەستی دوژمنەکانمان نەکوژراون، هەزار سڵاو بۆ شەهیدە مەزنەکانمان کە ئەمڕۆیان داهێناوە ئێمەش دەبێت لەم هەل و مەرجەدا، ئەمڕۆ  چەشنی بیلبیلەی چاومان بیانپارێزین.