چیرۆکی گۆڕستانی بێکەسان

ڕۆزا حەمە ساڵح - نوسەر

ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری تروسکەدا بڵاو کراوەتەوە.

 

"كیژۆڵە دەستگێڕەکە، ھێشتا بەھاری تەمەنی شازدەی تێنەپەراندبوو، تەمەنی دووساڵ بوو، باوک ودایکی بە ڕووداوی ھاتووچۆ گیانیان لە دەستدابوو، قەدەری وابوو لەگەڵ مام و ئامۆژنیدا ژیان بگوزەرێنێ.

لە كاتێكدا تەواوی رۆژەكەی لەسەر شەقامەكان بەسەر بردبوو، بۆ پشوویەک لە سەر یەکێک لە کورسییەکانی پارکی ناو شار دانیشت.

باران بە خوڕ دەباری، ھەموو جەستەی تەڕ ببوو، لە سەرماندا ھەڵدەلەرزی، فرمێسکیش ھۆن ھۆن لە چاوە ماندووەكانی دەھاتە خوارێ، ئاهـ و ھەنسکی، بەردی دەھێنایە جووڵە.

نیگای چاوەکانی بڕیبووە سەر وێنای ئەو دوو چۆلەکە، کە خۆیان لە جۆگەلە ئاوی بەینی درەختەکاندا، وەردەدا و ئاوازیان دەچڕی؛ خۆزگەی دەخواست ئەویش باڵندەیکی بێ لانە بوایە و بیتوانیبایە لە دەست نێرە دڕندەكان خۆی دەرباز بکردایە، کاتێک وەك گورگی برسی پەلاماریان داوە.

ھەر جارێک بیری لە ئازادی دەکردەوە تەماشای سکی خۆی دەکرد، کە چیتر لە توانایدا نەمابوو بیشارێتەوە، نەشی دەزانی کورپەلەکەی سکی لە مامە دڕندەکەیەتی كە هەر لەگەڵ پێگەیشتنی چاوی بڕیبووە لەش و لارە ناسک و جوانەكەی و بێویژدانانە دەستدرێژی دەکردە سەری، یان لە ئەو خاوەن كۆمپانیایە کە كیژۆڵەكە جار بە جار لەبەر سەرما و سۆڵەی زستان و گەرما تاقەت پڕوكێنەكەی ھاویندا بۆ پشویەک خۆی دەکرد بە كۆمپانیاكەیدا، ئەویش بێ بەزەییانە رازی کردبوو لەگەڵیدا بنوێت، یانیش لەو بەرپرس و دەوڵەمەندانەی ناو شارە، کە شەوانە بە پارەیەکی کەم هەڵیان دەگرت و دەیانخستە ناو ئۆتۆمبیلەکانیانەوە و دەیانبرد بۆ شوێنە تایبەتیەکانی خۆیان.

دواجار، لە دوای ئەوەی ھەموو شتێک ئاشکرا بوو، شەوێک لە خەودا بوو، مامی بێ شەرفی بە گولەیەک کۆتای بە ژیانی ھێنا و شەڕەفی بۆ خانەوادەکەیان كڕییەوە، ھەر ھەمان شەو لە گەڵ کۆرپەکەی سکیدا فڕێدرانە ناو گۆڕستانی بێکەسان!