چۆن ژن خاوەنی ڕاستەقینەی ئابوورییە؟ سەرمایەداری چۆن ئابووری و ژنی دابڕی؟
تەوار عادل - ڕۆژنامەنووس

ئابووری چییە؟
چۆن ژن خاوەنی ڕاستەقینەی ئابوورییە؟
سەرمایەداری چۆن ئابووری و ژنی دابڕی؟
ڕۆڵی ژن لە ئابووری هەرەوەزیدا چییە؟
ئەگەر پێناسەی ئابووری بکرێت، بریتییە لە بەرهەمهێنان، بەخشینەوە، گۆڕینەوە و بەکاربردنی شتومەک بە پێی ڕاژە و بڕی جیاواز، ئابووری گرێدراوی ناوچەیەکی جوگرافییە کە لەسەر بنەمای چاند، مێژوو، پەروەردە، ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی سیاسیی و سیستمی یاسایی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر یەکێک لە لقەکانی ئابووری بەرهەمهێنان و بەخشینەوە بێت، ژنیش وەک یەکەم دۆزەرەوەی کشتوکاڵ و کۆکەرەوەی بەرهەمی خۆراکی و بەخشینەوەی بە چواردەوریدا، دەکرێت وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئابووری دابنرێت، هەروەها بەشی زۆری ئامڕازەکانی ماددی لە داهێنانی ژنە، ژن بەکاربەری شتومەک بووە و لەسەر بنەمای کڵان و کۆمەڵەکان گۆڕینەوەیان کردووە، ئەگەر لە ڕووی چەمکیشەوە لێی بڕواندرێت، ئابوری لە زمانی یۆنانیدا ECONOMY پێدەوترێت، کە بە واتای "یاسای ماڵ، یان ڕێساکانی گوزەراندنی ماڵ" دێت و ئەم ئەرکەش ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ژن دایە. لە نمونەی بەرچاویشدا، دایکێک ٩ مانگ منداڵەکەی لە سکی خۆیدا بەخێو دەکات و جەستەی خۆی بەرهەم دەهێنێت و دەیبەخشێت بە کۆرپە لە گەورەیشدا تا کاتی لەسەر پێ وەستان هەر دەبەخشێتەوە، لە کۆکردنەوەی بەرهەمە خۆراکییەکانیشدا، ئەوە دایکە کە خەمخۆری قۆناغی داهاتووی خێزانە و لە زۆر بواری دیکەشدا چەرخی ئابووری بە دەستی ژن دەسووڕێنرێت.
ڕۆڵ بینینی ژن لە ئابووریدا خاسیەتێکە درکی پێدەکرێت
هەژمونگەرایی سەرمایەداری کە بە شێرپەنجەی کۆمەڵگە پێناسە دەکرێت، ڕەگێکی ژیانی بریتییە لە ئابووری. سیستمی بازرگانی قازانجویستیش کە ڕابەرایەتی سەرمایەداری دەکات، هەموو بنەماکانی خۆی لە کۆکردنەوەی ئابووری فینانسدا داڕشتووە، بۆ سەرخستنی سیستمەکەی ژنی لە ئابووری دوورخستەوە و ئابووریی کردە کێشەی کۆمەڵگە، هێز و قازانجیی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ژن بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لە دوای ژن، هەموو ئەو هێزانەی بە ئابووری ڕاستەقینەوە سەرقاڵن، وەک جوتیاران، شوانکران، پیشەگەران و بازرگانە بچووکەکان لەلایەن ئامێر و دامەزراوەی پاوانی سەرمایە و دەسەڵاتەوە هەنگاو بە هەنگاو لە ئابووری دوورخرانەوە و زەمینەی تاڵانکاری ئافرێنرا، بۆ نمونە؛ جوتیارێک کە زەوی و پێکهاتەکەی بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەکاردەهێنێت، لەسەر سیستمی پاراستنی ژینگە کاری دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ بازاڕی کاری قازانجویست، جوتیارانیشی ناچار کردووە کە بۆ بەدەستهێنانی بەرهەم و قازانجی زیاتر ماددەی کیمیایی و خۆراکی بەهێز بەکاربهێنن تا زووتر بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە، ئەم دۆخە بۆ شوانکارانیش ڕاستە، کە بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومێکی ئاژەڵی زیاتر، دەرمانی پزیشکیی بەکاردەهێنن و ئاژەڵ و پەلەوەریان لە بەرهەمهێنانی سروشتی خۆیان بەدەرخستووە.
ئابوری کە شێوەیەکە لە چالاکیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، زەوتکردنی لە دەستی ژن و ڕادەستکردنی بە سووخۆر، بازرگان، پارە، سەرمایەدار و دەسەڵات-دەوڵەت، کوشندەترین گورز بوو بەر ژیانی ئابووری کەوت، ئەمڕۆش بووەتە چەکی دەسەڵات و فاکتەری سەرەکی ململانێ، تەنگەژە، پێکدادان و شەرە سنور نەناسەکانە و بەهای کۆمەڵایەتی لەناوبردووە، ئابووریی پێکهاتەکانی کردووەتە ئامانج، لە ڕێگەی قۆرخکردنی ئابووری ژنانیشەوە زۆرترین هێرش کراوەتە سەر ژن، پیشە پیرۆزەکەی ژنی هەڵوەشاندووەتەوە و بۆ یارییەکانی نرخ و سود و بۆرسە گۆڕاوە، کە کەرەستەکانی جوانکاری و ئەو بەرهەمە زیادانە بەرهەم دەهێنێت، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤەوە نییە، لە میانەی ئامڕازەکانی هاتوچۆ و ئامێرەکانی شەڕیشەوە ژینگەی بە دۆخێک گەیاندووە کە دەرفەتی ژیانی تیادا نەماوە.
سەرباری هەوڵی بەکارهێنانی ئابووری وەک ئامڕازێکی سەرمایەداری و چەکێکی چەوسانەوەی کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی مووچە و قۆرخکردنی بازارەوە بۆ بازرگانەکان، بەڵام خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئابووری-ژن، سیستمی ئابووری کۆمیناڵ، یان ئابووری هەرەوەزی پێشنیار دەکات. چونکە ئەم ئابوورییە لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە و خزمەتی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، هەموو جومگە و توێژەکانی کۆمەڵگەش ڕۆڵی تیادا دەگێڕن، بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای پێداویستی کۆمەڵگە دەکرێت، ژن تیایدا خاوەن ئابووری سەربەخۆ دەبێت و شەڕی ئابوورییان بەرامبەر ناکرێت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکرێت، بۆیەش پێشخستنی ئابووریی هەرەوەزی مەرجی سەرەکییە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی سیستمی ئابوری قازانجویست.