چ شانازییە کوردبوونێک کە سەرتاپای جوانییە

نەجیبە قەرەداغی - ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

پێکەوەژیان لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیەوە بناغەی کۆمەڵگەبوونە. بێ تێگەیشتن لە پێکەوەژیان، خودی ژیان خۆی مەحاڵە. کۆمەڵگەبوون بە تێکشکاندنی پێکەوەژیان، لە ڕەوتی مێژووی سروشتی خۆی لایدا و لەسەر بنەمای ئەو پارچەبوونە، کۆمەڵگە بەرەو پلەداری، دەسەڵاتدارێتی، دواتر دەوڵەت و سەرمایەداری هەڵکشا. یەکەمین زەبری تێکشاندنی کۆمەڵگەبوون، لە ژن درا.

 

ئەوانەی کە تا سەر ئێسقان لە دژی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ڕەنگە جیاوازییەکانی کۆمەڵگەن، لە هەر دەرفەتێک بۆیان بڕەخسێت، یەکەمین هێرشییان کردۆتە سەر ژن. ژن بۆتە کاڵای شەڕەکان، غەنیمەی گوایە براوەکان و بۆتە کەرەستەی گۆڕینەوە بۆ دامرکاندنەوەی شەڕە خوێناوییەکان.

 

پێکەوەژیان تەنیا ئۆلگوویەتی ئێتنیکی نییە بۆ پێکەوەژیانی دوو نەتەوەی جیاواز بە تەنیا، چ جا ئەگەر لایەکیان بە کاریگەری دەسەڵاتدارێتی شۆڤێنی بە هەستی نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی و ئایینگەرێتی بارکرابێت. خودی تێگەیشتن و چەمکی پێکەوەژیان، بناغەییە تەنانەت بۆ پێکهێنانی هاوسەنگانەی دوو مرۆڤی هەمان نەتەوە، دوو بنەماڵە یان چەند کولتووری جیاواز لەگەڵ یەک. ئەگەر بانگەشەی یەکڕەنگی بکەین، ئەوە بە دڵنیایەوە لەوە قوورتار نابین کە نەخلیسکێینە نێو کەندەڵانی فاشیزم و یەکڕەنگکردنەوە کە بناغەی هەموو ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە. 

 

ئەم ڕۆژانە ڕابوونێکی نەتەوەیی هێندە واتادار هەیە لە دژی چەتەکانی جۆلانی، چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا، سعودیە و قەتەر کە بە ئەرێکردنی هێزی نێونەتەوەیی پەلاماری ڕۆژئاڤایان دا. ئەم ڕابوونە نەتەوەییە هەر لە شەقام، مەیدانی سەربازی، دیبلۆماسی، میدیایی، هونەریی و هتد لە هەر چواربەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات وەک سێلاو خرۆشا. جەوهەری ئەم ڕابوونە نەتەوەییە و ئەم کوردبوونە هەمەڕەنگەی دونیای لە دەوری خۆی کۆکردەوە لە تێگەیشتنی ڕاستی پێکەوەژیاندایە کە پێماندەڵێت؛  ئەوە شکستی هێناوە پێکەوەژیان نییە کە هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانە و دەستنیشانکردنی هێڵەسوورەکانێتی، پێداگرییکردنە لەسەر پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان. ئەم ڕابوونە نەتەوەییە پێمان دەڵێت؛ ئەگەر پێکەوەژیانێک ببێت ئەوە دەبێ لە چوارچێوەی ئازادی کورد، ئازادی ژن، ژیانێکی ڕێزدار و هاوسەنگ، عەدالەت و ئازادی، یەکسانی و دیموکراسیدا بێت. ئەوانەی لە دژی ئەمەن و بە مشتی فاشیزم و  نەژادپەرستی و دڕەندەیی ئاینگەرێتی ڕووبەڕوو دەبنەوە، ئەوەیان نیشان دەدرێت کە هێزی پێکەوەژیان لە دەوری کوردبوونی ئازاد چییە؟ پێیان نیشان دەدرێت کە کوردبوون تەنیا دیاردەیەکی ئەتنیکی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو کوردبوون ڕیشەکەی لە کولتووری خوداوەندی زاگرۆس، لە بەرخودانی هوورییەکان، قارەمانێتی مەدەکان و بەرخودانی کۆبانێ دایە و ئەو بەهایانەی خوڵقاندوویەتی بەهای نەتەوەیی، هەرێمیی و بەهای گەردوونییان هەیە.

 

پێکەوە ژیان، نەک هەر شکستی نەهێناوە بەڵکو ئیدی ئەخلاق، ڕێسای و یاسای ژیانە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە پرەنسیپی؛ خۆت بەرێوەببە و خۆت بپارێزە، باوەڕت بە خۆت بێت، باوەڕت بە هێزی گەل و هێزی چیاکان بێت، باوەڕت بەو ڕەنگانە هەبێ کە گەلان ڕادەستی فاشیزم نابن، ڕادەستی بەرژەوەندپەرستی سیاسی و ئابووری دەسەڵاتدارێتی و سەرمایەدارەکان نابن.  کوردبوون ڕاچەنینێکە کە خەو و خۆراکت لە بیر دەباتەوە و جوانییەکە کە ڕەنگ بە ژیان و سروشتیش دەبەخشێت. ئەم کوردبوونە باوشە هەموو ئازادیخوازانی جیهان لە ئامێز دەگرێت. ئەم کوردبوونە سێلاوێکە هەموو ناشیرینیەکان ڕادەماڵێت، ناشیرینی نەژادپەرستی، ئاینگەرێتی دەسەڵاتدارو دڕندە، بەرژەوەندپەرستی.

 

کێ لە دژی پێکەوەژیان ڕاوەستێت، ئەوە لە دژی ڕیشەی کۆمەڵگەبوونی خۆی ڕادەوەستێت کە ڕیشەی مرۆڤایەتییە لە کەوانی زاگرۆسدا. پێکەوەژیانی گەلان، ڕەگەزەکان و پێکەوەژیانی ئایین و ئایینزاکان، کولتوور و جیاواز و ڕەنگەکان تێگەیشتنێکی پەرچەکردار نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی خۆبوونە، خۆبوونیادنانە، لەخۆبێداربوونەوە و گەڕانەوەیە بۆ هێزی خود.

 

یەکەم جارە لە مێژووی کورد دا پێکەوەیی گەلی کورد لە سەر چەمکی نەتەوەیی و کوردبوونێکی دیموکراتیانە، بە گژ نائەخلاقیەکی زەقی بەرژەوەندپەرستیدا هەڵدەچێت، بەڵام هەڵچوونێک کە دامرکانەوەی نییە. هەرکەس لەو ڕەنگینییەدا دەیەوێ شتێک بکات، هەنگاوێک بنێت کە ویژدانی ئاسوودە بکات لە ئاست ئەو هەموو بێویژدانییەی بە گەلی کورد کرا، پێوەری ئەخلاق نیشان دەدات لە لەبەرامبەر ئەو بێئەخلاقییەی سیاسەتی داگیرکەر و بڕیاربەدەستەکانی دونیادا لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیاندا  و جارێکی تریش لە مێژووی هاوچەرخ دا بەپێکەوەییەکی ڕەنگاوڕەنگەوە دەڵێت؛ " ئەگەر ژیانێک هەبێت لەو پێکەوەییەدایە کە پێوەرەکەی ئازادی، دیموکراسی و عەدالەت"ە. هەر کەس بە هاتنە سەر شەقام، بە هۆنینەوەی کەزییەکانی، بە کۆکردنەوەی کۆمەک، بە ڕووکردنە رۆژئاڤا بۆ بەرەنگاریی و نیشاندانی ڕۆحی هەرەوەزی و پێکەوەیی، لە کوردستان و هەموو جیهانەوە، لە ڕاڕەوەکانی دیبلۆماسی بە مایکەکانیان، بە کامێراکانیان و بە وەگەڕخستنی شایستەترین هەڵمەتی سەرتاسەری نیشانیاندا پێکەوەبوون واتای چییە؟

 

بۆ ئەوەیە لە کۆتایی دا دەڵێم: چ شانازییە کوردبوونێک کە سەرتاپای جوانییە و ڕیشەکەی لە قووڵایی مرۆڤایەتیدایە.