سیاسەت وەک تەرازوو، خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ سیاسەت
نیشتمان عەبدولقادر - شاعیر و نووسەر
مەبەست لەم وتارە، نرخاندنی سیاسەت نییە، ھێندەی وەبیرھێنانەوەیە کە مرۆڤ بوونیادێکی سیاسەتکارە، بەئاگاییانە بێت یان بێئاگاییانە، بەجیاوازی ڕەگەز و تەمەن و کات و شوێن و ھەموو سیفاتە بۆماوەیی و بەدیھێنراوەکانیەوە چونکە ھەموو کردەیەکی مرۆڤ بە ڕەھایی لەپێناو گەیشتن و دەرککردنی شادی و ئاسوودەییە، هەر لە ڕەفتاری منداڵێکەوە کە فێڵ بەکاردەھێنێت بۆ ئەوەی سەرنجی چواردەورەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشێت ھەتا دەگات بە بەرنامەدانان و پلاندانان و ھەموو ھەوڵێکی مرۆڤەکان لە بەکارھێنانی توانا و بەھرەکانیان. ھەموو ئەوانەش پاش لێکدانەوە و ھەڵبژاردن کاریان لەسەر دەکرێت، لێکدانەوە و ھەڵبژاردنیش کردەیەکی تەواو سیاسییانەیە چونکە لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بە میکانیزمی جیاواز ئەنجام دەدرێت کە بنەماکانی “بەرژەوەندی” و “مانەوە”یە.
کۆمەڵێک چەمک ھەن بەپێی جیاوازی مرۆڤەکان ڕۆڵی تەرازوو دەبینن لە ھاوسەنگ کردنی ئەوەی کە لە دنیای تایبەتی و گشتی لە “تا”کانی ئەو تەرازووەدا ھەیە کە ھەر مرۆڤێک وەک ئاڕاستەی بیرکردنەوە، میکانیزمی کارکردن و ھاوکات پێوەری یەکلاکەرەوەی بەھاکان و خۆشی و ناخۆشییەکان دایناوە. بەھەمان شێوەش تەرازووەکە بۆ ھەموو ئەو پرس و بەھا و پێوەر و پێداویستییانەی کە جووڵێنەر و ئاراستەکەری شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنی باقی مرۆڤەکانی دیکەشن، کە دواجار سیمای کەسەکان و ژیانیشیان لە ئینتیمایان بۆ مێژوو یان پێگەیەکی جوگرافی یا شارستانیەتییەکی دیاریکراو دەنەخشێنێت. بە واتایەکی دیکە ئەو تەرازووە نەخشەسازی دەکات لە ھەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە واقیعدا دەگوزەرێت، جا لە ھەڵبژاردنی کەسەکانەوە سەرچاوەی گرتبێ یان لە خۆبەدەستەوەدانیان بێت بەوەی کە ھەیە بە شێوە و ڕادەی جیاواز کە بە بنەما لەسەر ئەحکامی داب و نەریت یان فەرزکراوەکانەوەیە یان قبوڵکردنی وەژێرکەوتنی تەواوەتی جۆرێک لە ژیانکردن بێت، کە کەسەکە خۆی بە موسەیەری تەواو بزانێت.
بەپێی جیاوازی تایپی کەسەکان ئەو چەمکانەی کە ڕۆڵی تەرازوو دەبینن، دەکرێت وەک نموونەی دیار ئاماژە بە ھەندێکیان بدرێت. بۆ نموونە، چەمکی خۆشەویستی، لای خەڵکانێک کە ھەم ئازادن لە ئایدۆلۆجیا و لە بەرگریکاری لە ڕێباز یان ئینتیمایان بۆ ھەر پێکھاتە یان پێگەیەک، بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکان دەکەن، جا بەرامبەرەکان مرۆڤ بن، یان دەزگا بن، یان کایەی جیا جیا بن. ئەوانە ھەم بە ئاگان لەوەی لە ھەموو کایەکاندا، کەم تا زۆر، دوور یان نزیک، دەگوزەرێت، بەرکەوتنی بەردەوامیان ھەیە، بەڵام لە ڕوانگەی ئاشتیخوازی و پێڕەوایەتی ژیانێکی ئاسوودە بۆ ھەمووان وەک بنەمای سەرەکی تێکەڵاوبوون لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک، ھەڵسوکەوت دەکەن و ھەڵوێست وەردەگرن و کەناڵەکانی پیادەکردنی بیروبۆچوونەکانیان دیاری دەکەن، ئەم جۆرە لە کەسایەتی پاڵپشت بە سروشت وەک ڕاستی ڕەھا ژیان دەگوزەرێنێت و بەشداری لە ژیانکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەکات لەگەڵ بەھەند وەرگرتنی مەسەلەکانی وەک شوناس و ناسنامە و نیشتیمان و ئایدیا تا دەگات بە وردەکارییەکانی مامەڵەی ڕۆژانە، بەپێی سروشتی کەس و واقیع و گۆڕانکاریەکان ھەوڵی سازاندن دەدات لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ھەموو ئەو بەھایانەی کە کۆکاری و کۆویستی دەگرێتەوە.
نموونەیەکی دیکە، ئەوانەی کە ماددە (پارە) تەرازووە لەلایان. ئەم جۆرە لە ڕوانگە و دنیابینی، دەشێت لەو مەسەلانەی پارە ڕۆڵی نییە لە دروستبوون یان بەردەوامیدا چەمکی دیکە حزوری ھەبێت لە یەکلاکاری و ھەڵوێست وەرگرتن و تێگەیشتن و تەفسیرکردنی ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرێت. بەڵام کە دەگاتە ئەوەی پارە ڕۆڵی ھەبێت ئیتر پارە دەبێتە تەرازووی پێواندن و ھاوسەنگکردنی ھەموو ئەوەی کە ھەیە لە مرۆڤ و شتی دیکەی ماددی و ناماددی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ماددییەکانی خودی کەسەکە بە ڕەھایی.
چەمکی ئایین، یەکێکە لەو چەمکانەی ھەم ڕەھاییانە بەکاردێ وەک تەرازوو ھەم ڕێژەییانە بەکاردێ وەک تەرازوو، بە پاڵپشت بە ڕادەی تێگەیشتن لە ئایین و توانای پەیوەستبوون بە پرنسیب و بنەما فەرزکراوەکان و ڕێساکانی ژیانکردن وەک ئیماندار، چونکە لە دیدی ئیماندارەوە تەرازووی ئایین لەپێناو ھاوسەنگکردنی موفرەداتی تەنھا ژیانێک نییە کە لە واقیعدا دەگوزەرێت بەڵکو بۆ ھاوسەنگکردنی ژیانی دنیای فانی و دنیای باقییشە لە دیدی ئەوانەوە کە ناکرێت واز لە ھیچیان بهێنرێت.
کاتێک سیاسەت وەک تەرازوو بوونی ھەبوو ئەوا دەکرێت ئەو چەمکانەی باسکران و چەمکگەلێکی دیکەش کە بەپێی کەسەکان و کۆمەڵگەکان و زەمەنی جیاواز دێنەکایەوە و کاریان پێدەکرێت لە داڕشتنی تیورە زانستی و فەلسەفییەکان و لە بنیاتنانی شارستانییەتەکانیشدا کۆڵەکە و پایە بوون، ھەموو ئەوانە لە “تا”کانی تەرازووەکەدا جێگە و پێگە و بەھایان بۆ دیاری کرابێت. لە ھاوسەنگکردنی ھاوکێشەکانیشدا کە سیاسەت تەبەنیان دەکات بەپێی کاریگەریی ھەنووکەییان ڕۆڵ دەبینن، کە دواجار تەرازووی سیاسەت تا ھاوسەنگ بێت، دەبێتە سەرچاوە بۆ ھاوسەنگبوون یان ھاوسەنگکردنی ھەموو ئەو تێگەیشتن و داڕشتن و حوکم و یەکلاکارییانەی کە لە چەمکەکانی دیکەوە دەکەونەوە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ورد و درشتی ژیانی یەکبەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگە ھەیە، بەجیاوازی چین و توێژ و کۆمەڵ و گرووپی چوارچێوەداریشەوە.
لە دیدێکی دیکەوە، سیاسەت وەک تەرازوو، دەتوانێت کار لەسەر ھاوسەنگکردنی ئێستای سیستەمی بەڕێوەبردن بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ڕابردوودا ئەزموون کراوە، جا لە ھەر ئاستێک و بەھەر شێوەیەک بووبێت، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە بۆ داھاتوو وەدیبھێنرێت. سیاسەت تەنیا کایەیە کە ڕەوایەتی تێکەڵبوونی ھەیە ھەم بە ھەموو کایەکانی دیکە ھەم بە ھەموو لایەنەکانی ژیانی تاکی کۆمەڵگەوە، لەسەر ئاستی خودی کەسەکان. بیرکردنەوە لە ھەر شتێک و بۆ ھەر مەبەستێک بێت خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەکە سیاسەت وەک شێوازی بیرکردنەوە ڕۆڵی تێدا ھەیە، لە مامەڵەی کەسێکی دیاریکراودا وەک خاڵی ناوەڕاستی تیرەی بازنەیە کە لە کێشانی نزیکترین بازنە بە دەوری خۆیدا تا دەگات بە بازنە گەورەکە. دەکرێت بڵێین ھەموو گەردوونی تیا دەسوڕێت، ئەو بۆشاییەشە کە وەک پانتاییەکە بۆ جووڵەکردن، وەک ئەو زەمینەیەی کە مرۆڤەکان بە پێی تواناکانیان دەیڕەخسێنن بۆ جووڵەکردن و ژیانکردن و بەردەوامیدان بە ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی.
دواجار مرۆڤ ئازادە چ چەمکێک دەکاتە تەرازوو و “تا”کانی تەرازووەکەشی بە چی پڕ دەکات، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا ھاوسەنگکردن مەبەستێکە ھەمووان تێیدا بەشدارن و سیفەتێکە بە ویستی خۆت بێت یان نا ئامادەیی ھەیە و ڕۆڵی سەرەکی لە ھەموو جووڵەیەکی مرۆڤدا دەبینێت. ھاوسەنگکارییش بە دیوێکدا سیاسەتکارییە، گەر ئەم بنەمایە وەک خۆی وەرگیرێت، دەکرێت سیاسەت وەک تەرازوو ھێمای “ڕاستە”ی وەک قبوڵکردن لێ بدرێت.