بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی نائومێدی
کاتی ئاسییا- ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە ئیتالیا
لە سەردەمی شەڕ، جینۆساید و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، سیستەم جگە لە چەک، هەروەها ئامرازەکانی "شەڕی تایبەت"یش بەکاردەهێنێت؛ بەتایبەت ئەو ئامرازانەی مەبەستیانە بێئومێدمان بکەن و بەرەو نیهیلیزم (هیچگەرایی)مان بەرن. شەڕی دەروونی تایبەت یەکێکە لەو ڕێگەیانەی کە دەوڵەتە هەژموونخوازەکان زۆرترین جار بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان، کۆمەڵگەکان و ژنان بەکاری دەهێنن. ئەم شەڕە بۆ هێرشکردنە سەر ئایدۆلۆژیا و خودی بوونی کۆمەڵگە بەکاردێت، کە ئێستا بە ڕوونی لە ڕۆژئاڤا دەیبینین.
شەڕی تایبەت گەمەکردن بە هەستەکانمان و ئاراستەکردنیانیان دەکات بەشێوەیەک؛ ئەم هەستە سروشتییانە بەپێی ئەوەی دەیبینین و ڕوودەدات، دەگۆڕێن. لە ڕۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا، هەستە گشتییەکان تەمومژاوی و خەمناک بوون. دواتر، کاتێک خەڵکی ڕۆژئاڤا ڕاپەڕین و بڕیاری خەباتیان بۆ ژیانێکی ئازاد دا، هەستەکان گۆڕان و ورە بەرزبوویەوە.
سروشتی هەستەکان وایە کە بەپێی ئەو کارلێکە دەرەکییانەی بەرکەوتەمان لەگەڵیدایە دەگۆڕێن، هەر لەبەر ئەوەشە شەڕی تایبەت کار لەسەر هەستەکان دەکات؛ چونکە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی مرۆڤ. بۆ ژنانیش، ئەمە کاریگەرترە. لە بەرامبەر کوشتنی ژنان و وێنەکانی توندوتیژی و ئەشکەنجەدا، ئێمە هاوسۆزی دەنوێنین و بە جۆرێک "قەتیس" دەبین – ئازار دەچێژین و توڕە دەبین – بەڵام ئەمە هەمیشە نابێتە هۆی ڕێکخستن و کارکردن.
شەڕی تایبەت ڕێک کار بۆ بێدەنگکردن و سستکردنی خەڵک دەکات؛ بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکدا کە پێویستی بە خەبات، ئیرادە و بەرخودانە، بێچارەیان بکات. دەسەڵاتی هەژموونخواز کە هەوڵی تێکدانی هەموو جۆرە ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەدات، گەمە بە وێنەکان دەکات و لەو ڕێگەیەوە هەستێک دروست دەکات کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و شڵەژان. پێموانییە کەسێک هەبێت پەیوەندی بە ڕۆژئاڤاوە هەبێت و هەست بە شۆک، بێهێزی، یان ترس نەکات لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا.
ئەو وێنانەی پێمان دەگەن وێنەی زۆر بەهێزی ژن لەهەمان کات دا دوژمنێکی پڕ لە کین و ڕق و وێنەی دڕندەیین. ئەگەر لە لایەکەوە توڕەیی و ئازارێک دروست بکات کە بمانەوێت کار بکەین، لە لایەکی ترەوە مرۆڤ سست دەکات. زۆر کەس دەڵێن: " باشە، هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژی هەیە؛ هەموو ڕۆژێک شەڕە. ئێمە چیمان پێ دەکرێت؟" شەڕی تایبەت، شڵەژان و سەرلێشێواوی دروست دەکات و توانای ڕێکخستن و پەرچەکرداری دروست سنووردار دەکات. ئەم شڵەژانە بە دڵەڕاوکێ وامان لێدەکات هەست بکەین لەناو گێژاوێکدا گیرمانخواردووە کە زۆرجار وا لە خەڵک دەکات کار نەکەن، یان بە شێوەیەکی سەرلێشێواو و ناڕێکخراو پەرچەکردار بجوڵێنەوە و بکەونە ململانێ لەگەڵ یەکتریدا.
ئێمە ڕاهاتووین بە بینینی مردن لە تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و مۆبایلەکانماندا – ئەمە بۆردومانێکی ڕاستەقینەیە کە تەنیا لە جەستە نادات، بەڵکو لە ڕۆح دەدات. ئەمە ئامانجی شەڕی تایبەتە. وامان لێدەکات بڕوا بکەین کە لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا بێدەسەڵاتین؛ کە هیچمان پێ ناکرێت. وامان لێدەکات بڕوا بکەین کە بوونی ئەم ترس و تۆقاندنە حەتمییە و زۆر لە بوونی ئێمە وەک مرۆڤ و وەک بەرگریکار، بەهێزترە. جارێکی تر، جەستەی ژن دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە هەستە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژئاڤا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە چەندین دەیەیە ژنان تێیدا خەبات دەکەن بۆ بونیادنانی ژیانێکی دادپەروەرانە. وێنەکان بە شێوەیەکن کە دەبێت گورزی یەکەم لەوان بدرێت، لە سیمبولەکانیان و لەوانەی پشتگیرییان دەکەن و بە بەرچاوی هەمووانەوە بێت بۆ ئەوەی گەمە بە هەستەکان بکەن و وا لە ژنان بکەن هەست بکەن هەرچییەک بکەن سەرکەوتوو نابن و وا لە پیاوان بکەن هەست بە بێدەسەڵاتی بکەن لە بەرامبەر هێرش بۆ سەر هەڤاڵەکانیان و شەرم لە پیاوبوونی خۆیان بکەن. ئەمە گەمەیە کە دەست لە هەستەکان دەدات و چەمکەکانی باوکسالاری و نەژادپەرستی بەهێز دەکات.
یەکێک لە شێوازەکانی بەرخودان دەبێت ڕێک لە بواری هەستەکاندا بێت: "سیاسیی کردن"ی هەستەکان، ڕێکخستنیان و کۆمەڵایەتی کردنیان. هەستەکان نیشانەی زیندووێتین، هەستی نەرێنی و ئەرێنی نییە، چونکە هەموویان کار و بیرکردنەوەمان ئاراستە دەکەن. بۆ نموونە، تەنانەت توڕەییەکی توند یان خەمۆکیەکی قووڵیش دەکرێت سیاسی بکرێن، کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەو ئامانجێک ئاراستە بکرێن. کاتێک ئەم هەستانە دەبنە هەستێکی بێ کۆنتڕۆڵ، ئەوا سستمان دەکەن و شەڕی دەروونی سەرکەوتوو دەبێت. هەموو هەستەکان بەهادارن، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت بمانوەستێنن یان بمانخەنە ناو حاڵەتی ناکاراییەوە. با هەوڵ بدەین تیشک بخەینە سەر ژیان نەک مردن؛ لەسەر ئەو خۆشییەی کە لە یەکگرتوویی و خەباتەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لەسەر ئەو بەختەوەرییەی کە دەتوانین ئومێد بدەین بەوانەی دەیناڵێنن. بینینی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات دەکرێت بمانگرێنێت، بەڵام ئەم گریانە دەکرێت ببێتە گریانێکی ڕێکخراو و هاوبەش بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین چۆن کار بکەین. سەرکوتکردنی هەستەکان و خۆنیشاندان بەوەی بوونیان نییە، بە واتای سیاسیی کردنیان نایەت، بەڵکو کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەی کە شەڕی تایبەت بۆی داناوین، کە دەیەوێت ئێمە بێدەنگ، بێباک و سارد بکاتەوە. شۆڕش کۆتایی نەهاتووە، چونکە شۆڕش شتێک نییە دەست پێبکات و تەواو بێت؛ شتێکە لە گۆڕانی بەردەوامدایە. شۆڕشی ڕۆژئاڤا لەناو خاکەکەدایە کە بە خوێنی هەزاران شەهید ئاودراوە.
بۆ قسەکردن لەسەر ڕۆژئاڤا، دەبێت باس لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکیش بکەین. باس لەوەی چۆن بۆ ماوەی ١٢ ساڵ پێکهاتە جیاوازەکان "کورد، ئەرمەن، عەرەب، چیچان، تورکمان، ئاشووری" بە ئایینە جیاوازەکانەوە "کریستیان، موسڵمان، ئێزدی، زەردەشتی"، پێکەوە ژیانێک لەسەر بنەمای ئازادی ژن، دیموکراسی ڕاستەوخۆ و ئیکۆلۆژی بونیاد دەنێن. چونکە شەڕی تایبەت پێویستی بە دابەشکردن هەیە نەک یەکگرتن، هانی ناسیۆنالیزم دەدات بۆ تێکدانی پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک. لەم سۆنگەیەوە، قسە لەسەر ئەوەی چۆن جیاوازییەکان بەیەک دەگەن، چ وزەیەک دەخەنە گەڕ و چ هەستێک لە بنەمایاندایە، ڕێگەیەکە بۆ بەرخودان و پشتگیریکردنی ئەم پڕۆژەیە.
لێرەدا دەبینین کە یادەوەری ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. یادەوەری بەکۆمەڵ و مێژوویی. هەڤاڵی ئازیزمان ناگیهان ئاکارسەل فێری کردین کە یادەوەری چ ئامرازێکی گەورەی خەبات و بەرخودانە و ژنان تا چەند نوێنەرایەتی یادەوەری مێژوویی کۆمەڵگە دەکەن. دەبێت باس لە ڕۆژئاڤا و ژیانەکەی بکەین، مێژووەکەی، خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەو خاکە و ئەو گەلانە، هەروەها ژیانی ڕۆژانەی ژنان. هەر کەسێک چووەتە ڕۆژئاڤا، پێویستە باس لە ژیانی ئەوێ بکات، بۆ ئەوەی ئەو هەرێمە تەنیا وەک پنتێکی ڕۆمانسی نەمێنێتەوە.
من ئەم دەقە لە خاکێکەوە دەنووسم کە تێیدا ژیان هاواتای بەرخودانە. بەرخودان: وشەیەک کە هەموو واتاکانی خاکەکەت لەباوەش دەگرێت. خودی ژیان... مانیفێستۆی گەورەترین بزووتنەوەی ئازادیخوازی سەردەمی ئێمە کە بە ڕستەی "بەرخودان ژیانە" دەست پێدەکات. فۆرمۆڵەی ڕێکخستنێکی هۆشیار کە بە گرتنەبەری ئەم ڕستەیە بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێت و دەیپارێزێت. شێوازێکی بوون کە بە دەنگێکی تەواو وەسفی وتەکەی "دۆلۆز" دەکات: " کاتێک دەسەڵات ژیان دەکاتە ئامانج، ژیان خۆی دەبێتە بەرخودان لە دژی دەسەڵات"... نووسینی ئەوەی ئەزموونی دەکەیت، کارێکی سەختە.
دەربڕینی واتای ئەوەی ژیاویت لەو ڕوانگەیەی کە شایستەیەتی، هێشتا سەختترە. چونکە تۆ خۆت لە سەردەمێکدا دەبینیتەوە کە دەست دەکەیت بە ژماردنی لێدانی دڵی ئەوانەی واتای بەرخودانیان لە ئامێز گرتووە. ئەوانەی بەرخودان دەکەن و جەستەیان خانە بە خانە پێشکەش بە هەموو ئازارەکانی خاکەکەیان دەکەن... جوانترین مرۆڤەکانی سەردەمی ئێمە کە بە ژیانی خۆیان واتای بەرخودان نیشان دەدەن.