بڵاوکردنەوەی رق

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی- نووسەر

لە دوورەوە دیارنەبوو هاوسەرن یان نا، بە قەراغی شەقامەکەدا دەڕۆیشتن، ژنەکە لە دیوی شەقامەکەدا بوو، هەر لایتی ئۆتۆمبێلەکە لێیان نزیک بووەوە کوڕەکە ژنەکەی گرت و هێنایە ئەودیوی خۆیەوە، هەستێکی جوان دایگرتم، چونکە پێش ئەوەی لە نزیکەوە بیانبینم زانیم دایک و کوڕن. ئەوە سادەترین دەربڕینی خۆشەویستی و خەمخۆری کوڕێک بوو بۆ دایکی. کەس لە دەرەوەی ئەو وێنەیە نازانێت ئەو دایکە چی دەگەیەنێت بۆ کوڕەکەی و چۆن ئەو کوڕەی گەورە کردووە، وەک ئەو ڤیدیۆیەی دایکێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەیدا بەشداریی لە سەمای کوڕ و بووکەکەیدا دەکات، ئەو رێژە زۆرە لە قسەی ناشیرین کە بۆ ئەو دایکە چووبوو تووشی شۆکی کردم، لەوەش شۆکتر بێژەر و کەناڵێک وەک ئەوەی بابەت قاتی بووبێت، نمایشی ئەو ڤیدیۆیە بکەن و زیاتر بڵاویبکەنەوە و ئابڕووی ئەو دایکە و خێزانە بەرن و رقێکی زیاتر لە رێی سۆشیال میدیاوە لەبەرامبەر هەندێک لایک و کۆمێنت و ڤیودا بۆ ئەو ژنە کۆبکەنەوە.

 

ئەمە ئەو لایەنە ناشیرینەی سۆشیال میدیایە کە نەک هەموو مێینەیەک دەبێت خۆی لێ بپارێزێت نەبادا بەناو کەناڵێکی میدیایی و بەناو میدیاکارێک بابەتێکی بەتەواوەتی خێزانیی بکات بە بنێشتە خۆشەی کەناڵەکانیان و بەرنامەکانیانی پێ پڕبکەنەوە. لە دەرەوەی وێنەکە کەس نازانێت چ چیرۆکێک لە پشت گەورەکردن و پێگەیاندنی ئەو کوڕەوە هەیە. راستە ئەو رەفتارە بۆ ئەو بۆنەیە گونجاو نییە، بەڵام هەموو کەسێک لە دۆخە جۆراوجۆرەکاندا ناتوانێت بە گونجاویی رەفتار بکات. ئایا گریانی دایک و نەنک و پورەکانم لە هەموو ئاهەنگێکی شووکردن و ژنهێناندا، مایەی تانە لێگرتنە بەوەی ئاهەنگ جێی گریان نییە، بەڵام دواجار چی لە دڵی دایکێک دەکەیت لەو رۆژەدا نەمانی ئازیزانی بیردەکەوێتەوە، کە نەیانتوانیووە لەو خۆشییەدا بەشدار بن، ئەگەر لەو کاتەدا ڤیدیۆیان بگیرابایە بێگومان سۆشیال میدیا زۆر بێ رەحمانە دەیتوانی بابەتەکان بشێوێنێت و رێژەیەکی زۆر رقی لە دژ کۆبکردنایەتەوە.

 

چەندی دیکە دەبێت ژنان و کچان ببنە قوربانیی رق و کینەی کەسانی غەریب و پاڵەوانانی پشت شاشەکانی مۆبایل؟ کێ و چۆن دەتوانرێت بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی کەسیی لەنێو کەناڵەکانی سۆشیال میدیا و بەشێک لە کەناڵەکاندا کۆنترۆڵ بکرێت و سانسۆریان بۆ دابنرێت؟ هەروەها کاتی ئەوەیە خەڵکی هوشیاربنەوە لەوەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی لەو جۆرە، دەکرێت بکرێتە داوایەکی یاسایی دژی ئەو کەس و کەناڵانەی بێ رەزامەندی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە.