بارودۆخی نالەباریی ژنان لە هەرێمی کوردستان

ھەتاو عەبدوڵایی – چالاکوان

 

بارودۆخی ژنان لە ماوەیەی چەند دەیەی ڕابردوو لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، لە حاڵێکدا هەڵاواردنی ڕەگەزی هێشتاکە لە زۆربەی وڵاتان بوونی هەیە. بارودۆخی ژنان بە تایبەتی لە وڵاتانی سەرمایەداری کە ئەبزاری پیاومەزنی و ئایین بەکاردێنێت بۆ چەوساندنەوەی تاکەکان زۆر نالەبارترە. لەو بابەتەدا هەوڵ دەدەین بپرژێینە سەر بارودۆخی نالەباری ژنان لە هەرێمی کوردستان و هەڵاواردنی رەگەزی و ئەو نابەرابەریە کە لەو ناوچەدا بەسەر رەگەزی ژنان سەپێنراوە.

 

ئامارەکان پەردەپۆش دەکرێن

لە کوردستاندا ئاماری جۆراوجۆر و زۆر جار ناراست لە پەیوەندی لەگەڵ توندوتیژی بە دژی ژنان بوونی هەیە، ئەم پارادۆکسە تەنیا ناگەرێتەوە بۆ داتاکانی رێکخراوە ناحکومی و خۆبەرێوەبەرەکان، بەڵکو پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاماری دوور لە راستی نیهادە دەوڵەتی و بەرپرسانی ئەو بەشانە هەیە. لە پەیوەندی لەگەڵ بێ مافی و توندوتیژی بە دژی ژنان، ناوەندەکانی ئاسایش ئاماری تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ شکایەتی خودی ئەو ژنانەی کە راستەوخۆ هانا بۆ ئاسایش دێنن وزۆر جاریش ئاسایش مەجبورە و ناچارە هێندێک ئامار بداتە دەرەوە، چونکە توندوتیژیەکە ئەوەندە زۆر بووە بۆتە هۆکاری سڕینەوەی جەستەی ژنان و گیانیان لەدەستداوە.

 

بە داخەوە هەر ئەو ئامارانەش بە هۆی بەرتیل دەشاردرێنەوە و بە خۆکوژی لە قەڵەم دەدرێن. لە ماوەی مانگەکانی رابردوو بە دەیان ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون و نزیکەی دە نمونە خۆکوژی ژنان لە رێگای ئاگرەوە بوونی هەیە و بە دەیان نمونە توندوتیژی جنسی و بە هەزار نمونە سکاڵای یاسایی لەلایەن خودی ژنانەوە لە بواری توندوتیژی خێزانی بوونی هەبووە، هەڵبەت ئەوانە ئامار گەلێکن کە لەلایەن ئاسایشی گەندەڵ و سیستمی دژە ژنی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، چونکە ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن و بە داخەوە پەردەپۆش دەکرێن.

 

یەقڵیەت و کۆمەڵگە هۆکاری توندوتیژییەکانن

دیاردەی توندوتیژی و بێمافی ژنان لە هەرێمی کوردستان جێگای نیگەرانی و تێڕامانە. بە سەرنج دان بە سیستمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەسیستمێکی عەشرەیی و نادیموکراتییە و پیاومەزنی و ئایین رۆڵی نەرێنی لەو پەیوەندیە دا دەگێڕێ، هەروەها بارودۆخیپیاومەزنی و سونەتی دواکەوتووی هەرێم کە خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی بنەماڵەکانەوە و بە ئامانجەوە ساڵەهایە لەلایەن هەر ئەو سیستمەوە پەیڕەو دەکرێت و هەروەها نەبوونی وشیاری ژنانی چینی کرێکار و چەوساوە لەسەر توندوتیژی ومافەکانیان و زۆرجار قبوڵکردنی توندوتیژی لەلایەن خودی ژنانەوە، هەروەها خۆلادان لە گێرانەوەی توندوتیژی جەستەیی و کوشتن و بڕینی ژنان بە هۆکاری بە قسەی کەسانی دواکەوتوو و پیاومەزن قەتڵی نامووسی، زۆرجاریش تەنانەتشاردنەوەی تەرمی قوربانیان لەلایەن بنەماڵەکانەوە دەتوانێت دەرخەریی بارودۆخی نالەبار و بێمافی ژنان لە هەرێمی کوردستان بێت.

 

نیهادە ناحکومی و سەربەخۆکانبە پێچەوانەی هەموو ستانداردە نێونەتەوەییەکان لە سیستم و حکومەتی هەرێم موچە وەردەگرن. راستییەکی حاشاهەڵنەگرە لە کۆی ئەو رێکخراوە ناحکومیەکانیەی کە ناویان واژۆکراوە و زیاتر لە سەد نیهاد لە خۆ دەگرێ، هیچکامیان بە مانای واقعی خۆی بە بەرپرسیارێتیەوە رێکخراوی خەڵکی نین و بە ئاڕاستەی سیستمی گەندەڵی حاکمەوە هەنگاو دەنێن و تەنیا رێکخراوەی رواڵەتین.

زۆربەی ژنانێک کە بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی گیانی دوای بێهیوا بوون لە دەزگای گەندەڵی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیانیان پەنا دەبەنەبەر ئەو رێکخراوانە، لە کۆتاییدا بە هاوئاهەنگی و نابەرپرسانە رادەستی بنەماڵەکان دەکرێنەوە و بەداخەوە گیانیان لەدەستدەدەن و بە دەیان و سەدان نمونەی بەو جۆرە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بینراوە.

 

دادگاکان هۆکارێکی توندوتیژییەکانن بە نەبوونیان

بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان لەناو بێ دادگاکانی ئەو وڵاتە تارادەیەک نالەبارە کە بەشیکی محامیەکانیش دۆسیەی توندوتیژی بە دژی ژنان قبوڵ ناکەن، روانگەی دادوەرەکان سەبارەت دۆسیەی توندوتیژی بەدژی ژنان بە هەموو جۆرەکانیانیەوە، زۆر نابەرپرسانە و دژە مرۆڤانەیە. زۆرجار لەزۆربەی سکالاکان دەبینرێت ژنان بە هەرەشە ناچار دەکرێن سکاڵاکەیان وەرگرنەوە و بگەرێنەوە ناو ئەو ماڵەی کە بۆتە نیهادی توندوتیژی بە دژیان.

 

لەڕاستیدا سیستمی هەرێمی کوردستان کە سیستمێکی عەشیرەیی و تاسەر ئێسقان دژ بە مافی ژنانە هەوڵیداوە بە دامەزراندنی ئەو نیهادانە و یەکیەتیەکانی ژنان کە هەموویان مۆرەی دەسەڵاتن، پەردە بەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمدا بکێشێ و لەباتی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی بە دژی ژنان لە رێگای راگەیاندن و هەموو ئەمرازاکانەوە هەوڵ بۆ پەرەسەندی توندوتیژی بە دژی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە دەدات، چونکە نانی لێ دەخوات.

 

دیاری هەرێمی کوردستان بۆ ژنان لە ماوەی ئەو چەند ساڵ حاکمیەتە گەندەڵەی بێمافی، توندوتیژی، یاسای دژە مرۆڤ، کوشتن و بڕین و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی وەکو لەش فرۆشی بووە، بەداخەوە بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ خەریکە نالەبارتر دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵەهایە هەوڵ بۆ پەرەسەندی توندوتیژی و پەسندکردنی یاسای دژە مرۆڤانە بە دژی ژنان دەدات، رێکخراوەکانی ژنان تەنیا کارتۆنی و سەربە دەسەڵاتن و لەو چوارچێوەدا چالاکی دەکەن و خۆیان مۆرەی دەسەڵاتن و هیچ پەروەردەیەک بۆ وشیاریان لەو پەیوەندیەدا بوونی نییە و ئەوە کارەساتەکە قوڵتر دەکاتەوە.

 

دەسەڵاتی هەرێم ساڵەهایە هەوڵ بۆ کپکردنی دەنگی ژنان دەدات و هەموو هەوڵەکانی خۆی لە رێگای راگەیاندن و بەرهەمهێنانی خورافە خستووەتە گەڕ، تا ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئابوری وڵات دوور بخاتەوە و بیانخاتە ناو کونجی ماڵەوە. یاسا لە پشت پیاوە و ئەوندەی پارە سەرفی مامۆستایانی ئایینی بۆ پەروەردەی ناتەندروستی دینی و خورافە دەکرێت، سەرفی نیهادەکانی سەر بە ژنان ناکرێت. هەروەها یاسا هەمیشە ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی و بێ مافی ژنان. دیارە ئەو بارودۆخە رۆژ بە رۆژ بۆ ژنان نالەبارتر دەبێت و ژنان دەبێت خۆیان بۆ نەمانی ئەو بارودۆزخە قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن، لەونێوەدا پێویستە ژنان و پیاوانی چەپ و چالاک و ئازادیخواز هەوڵی چڕوپڕتر بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی بدەن.

 

ژنان دەبێت لە کوردستان بەو راستیە بگەن کە تەنیا رێگەی نەمانی هەموو کێشە و گرفتەکان بە نەمانی ئەو سیستمە گەندەڵەوە لکاوە، ژنانی چالاک دەبێت دەنگی ژنانی سەرشەقام و چەوساوە و کرێکار بن و وشیاری چینایەتی ژنان بەرنە سەر، ژنانی کوردستان دەبێت لە ژێر چەترێکی گشتگیردا هاوتەریب بن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری، چونکە تا ئەو کاتەی مەودای چینایەتی بوونی هەبێ چاوساندنەوە لە کۆمەڵگە بنبڕ ناکرێ و ژنان پێویستە بەو وشیاریە بگەن. بێ مافی، چەوساندنەوە، توندوتیژی، لەشفرۆشی، بوونی یاسای دژە ژن و هەموو دیاردە نالەبارەکانی کۆمەڵگە کە یەخەی ژنانی گرتووە دیاری ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و عەشیرەیی و دواکەوتووەیە و تا مەودایچینایەتی بوونی هەبێ و ژنان لە بواری ئابوری پێویستیان بە پیاوان بێ بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێ. بۆیە پێویستە خەباتی ژنان هاوتەریب بێ لەگەڵ خەباتی چین و توێژەکانی تر و هەوڵ بۆ نەمانی ئەو سیستمە عەشیرەیی و گەندەڵ و دژە ژنە بدرێت.

 

ت.پ