بە جیهانیبوونی ژن

شیرین تاهیر – نووسەر

 

چەندین مشتومڕی بەردەوام هەن بە گشتی لە بارەی بەجیهانیبوونەوە، بە شێوەیەک کە ئەم چەمکە ڕایەڵی هەیە بە چەندین ڕەهەند و کایەی ترەوە. لە دوای ئەوەی کۆمۆنیزم جیهانی دابەشکرد بۆ دوو توێژ (سەرمایەداری و پڕۆلیتاریا) دواتر بە هۆی گەشەکردنی سەرمایەدارییەوە؛ بەجیهانیبوون وەک تاکە جەمسەریی خۆرئاوا شوێنی فیکری مارکسی گرتەوە؛ بە ڕادەیەیەک کە دەلکێ بە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی هەمووتاکێکی کۆمەڵگاکانەوە. زۆرێک هۆکاری بە جیهانیبوون دەگەڕێننەوە زیاتر بۆ پەیوەندی و پەرەسەندن و بوژاندنەوەی ئابوری و بازاڕی ئازاد و تۆڕەکان و زانیاری گەیاندن و تەکنەلۆژیا، لە کاتێکدا بە جیهانیبوون پەیوەندی بە هەموو ئاستەکانی ژیانی گەشەکردووی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیەوە هەیە، ڕاستەوخۆ بە فۆرمێکی جیهانیانە چەمکەکانی دیموکراتی و سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش دەسەپێنێت و لەگەڵ خۆیدا چەندەها ڕیتمی تر دەکاتە پێوەر بۆ ئازادی تاک و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە.

 

سەبارەت بە جیهانیبوون و ڕێکخستنی پرسی ژن؛ لە دەرەوەی حکومەتەکانەوە گەیشتووە بە کۆمەڵگەکان؛ بە شێوەیەک تەنانەت پێڕەو و ئامانجەکانی ئەم بە جیهانیبوونەی پرسی ژن دەوڵەتان و کیشوەرەکانیش تێپەڕاندووە. هەرچەندە ژنانی کۆمەڵگە دوا کەوتووەکان “ بەجیهانیبوون” یان بە فۆرمێکی تایبەت بە خۆیان وەرگرتوە و قبولیان کردووە؛ لەگەڵئەوەشدا جیهانی ئیسلامی بە جیهانیبوونی ژن وەک “ئایدۆلۆژیای فێمینیزمی نوێ” سەیردەکات، ڕەنگە هەوڵی سەرەکی زۆربەی موفەکیرە ئاینیەکان ئەوە بێت کە ئەم بە (جیهانیبوونەی پرسی ژن) وەک جەنگێکی تری ساردی پەیڕەوکراو لێکدەدەنەوەو تەفسیری بۆ دەکەن، لە حەقیقەتی واقیعەکە گومان دەکەن سەبارەت بەوەی کە ئایدۆلۆژیای فیمێنیزمی نوێ؛ فیکرەی نێرینە و مێینە ڕەت دەکاتەوە و ئەڵتەرناتیڤی چەمکی “جێندەر” شوێنی دەگرێتەوە؛ لە ڕێی ئەم تێگەیشتنە بۆ چەمکی چێندەر ئایدیالدستە فێمینستەکان گوزرشت لە تەواوی ڕەگەزی مرۆیی دەکەن.

 

ڕەنگە شتێکی هەڵە لە ناو ئەم بۆچوون و ڕەشبینیەی ئەم تێفکرینەدا هەبێت! دیارە کارکردن لەسەر چەمکی جێندەر لەژێر ڕۆشنایی تێۆروفیکردا وەک چەمک لێکدراوەتەوە؛ وەک تاکە ئامانجێکی فێمێنیستی لە هەموو جیهاندا کاربۆ بەرەوپێش بردنی دەکرێ؛ بە گویرەی پێوەرەکانی دیموکراسی و ژیانی ئیمڕۆی کۆمەڵگەکان بەدەر لە ئامراز و کەرەسەکانی مۆدێرنە کار لەسەر چەمکی “جێندەر” دەکرێ؛ ئەم چەمکە بەگشتی و هەمووەکیانە دەیەوێ کار لەسەر بونیادە ئەنتۆلۆژیەکەی مرۆڤ و لایەنە کۆمەڵایەتیەکەی بکات.

 

جیهانی ئیسلامی لە ڕوانگەی دینگەرایی و ئایدۆلۆژی ئاینییەوە لە چەمکی جێندەر دەڕوانێت؛ بۆیە بە مەترسیەکی گەورەی دەزانێت و جێندەر وەک ئایدۆلۆژیا پێناسە دەکات؛ ئایدۆلۆژیا دەکاتە کارکرد بۆ وەسفی جێندەر و دەیخاتە پاڵ ئامانجی فێمینیزمەکان لە جیهانی نوێدا، سەرتر لەوەش جێندەر بە خولقاوی سیستەمی جیهانی نوێ ناودەبات؛ لەو باوەڕەدایە کە (سیستمی جیهانی نوێ) سەرکەوتوو بووە لە داهێنانی چەمکی “جێندەر”، هەرگیز نایەوێ لە ڕووە ئەزموونیەکەوە قبووڵی بکات.

 

ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم پێناسەیەی موفەکیرە ئیسلامیەکان بۆ جێندەر لە پای پوختی کۆمەڵگەکەوە بێت لە هەر جۆرە لادانێک؛ بە پێچەوانەوە وەک ئاکار کۆمەڵگەی ئیسلامی لە پڕاکتیزدا ڕوخسارێکی بزڕکاوی جێندەریی هەیە، پڕە لە نشوزی سێکسی و خوی لادەرانە. بە گشتی ترسی کۆمەڵگەی کوردی و جیهانی ئیسلامی لە جێندەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم چەمکە وەک تاکە مەرجەعێکی کەونی و تاک جیهانی مرۆیی دەیبینن، کە هەموو سنورو بەربەست و پاریزبەندییەک بوونی نامێنێ لە بەرامبەر ئەم هێزە جیهانیە نوێیەدا؛ بە شیوەیەک هەموان ئیرادە و ئارەزو و بەرژەوەندییەکانیان تەسلیمی ئەم هێزە دەکەن و پێشوازی لە هاتنی ئەم ئایدۆلۆژیایە دەکەن؛ بە بێ هیچ بەربەستێکی دینی یان زمان یان ڕەنگ یاخود ڕەگەز ونەتەوەو کەڵچەرەکان…هتد.

 

 سەبارەت بە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان؛ ژنانێکی ڕادیکاڵ لە ناو ئەم ڕێکخراوانەدا چاودێرن و هەژموونیان هەیە بەسەر لیژنە بەرپرسەکانەوە لەڕێی سیاغە کردن و جیبەجێکردنی دیکۆمێنت و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئیمزا کراون لە جیهاندا، کە خۆی لە ڕاسپاردەی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینیتەوە، بە تایبەتی سیاغەکردنی ئەو دیکۆمێنت و پەیماننامە و ڕێکەوتنامە نێو دەوڵەتیانەی پەیوەندی بە ژن و خێزان و دانیشتوانەوە هەیە، حکومەتەکان ئیلزام دەکەن بە جێبەجێکردنی ئەم پەیماننامانە.