بۆچی کەیسی ماریا جیاوازترە یان تراژیدیترە؟

چرا چۆمانی

هەرچەند لە زۆرێک لە کەیسەکانی وەک سێوە و زۆرێک لە ژنەکانی تر کە تراژیدی دەکوژرێن زیاتر دەنگدانەوەی دەبێت، بەشێکی بەهۆی ئەوەیە کە کۆمەڵێک وشە لەناو ئاوازێک جێدەهێڵێت، بەشێکی بەهۆی ئەوەی یاخیە بەڵام ئەم هەموو نوزە ونوزەی کۆمەڵگە جگە لەدۆخێکی عاتیفی بارێکی باشتر بۆ ماریاکانی تر ساز ناکات و توانای باشتر مامەڵەکردنی کۆمەڵگە ناکاتە ئامانج، چونکە خوێندنەوە بۆ دۆخی ماریا خوێندنەوەیەکی شیکاری نیە و بەدوای چارەسەردا ناگەڕێت هێندەی بەدوای بەتایتڵ کردنی دێڕی یەکەمی سۆشیاڵ میدیا و دروستکردنی دژبەری ڕەگەزی وکۆمەڵایەتی وپیاوانی ئاینی دەگەڕێت و دۆخێکی دادگایی دروست دەکات تاوەکو لەدایکبوونی چارەسەرێک بۆ کچێک کە ئامادەبووە لەناو مەرگ بۆ ئازادی وخۆی بگەڕێت بەڵام ڕێگای گەنجینەکە نازانێت وەک مرۆڤێکی ناو جەنگەڵ ونبووە و هەرجارە و دەزگایەک قەپێک لە ڕۆحی دەگرێت.

 

 لە جیاتی گەڕان بەدوای دوانەی ئازادی و ژن بوون دا ئەم ئامانجە لەبیردەکات و دەکەوێتە دۆخی بەرەنگاری بۆیە ئێمە لە ماریا کاردانەوەی کاری خێزان وکۆمەڵگە دەبینین، ئەم ڕۆحە ئازادەی هەموو ئەوانەی بەکار پێشکەشی دەکرێت لە کاردانەوە فڕێی دەداتەوە دەرەوە.

 

 ئێمە دەکرێت لە ماریاوە بمانتوانیایە جۆرەها دەرهاوێشتە ببینین کە تاکی بێچارە لەم هەرێمە وەک ژن بەرجەستەی دەکات سەرەتا تاوەکو قبوڵ بکرێت وەک بێ گوناحێک لەکەناڵێکی ئیسلامی هەوڵی ئازادی وسەلماندنی پاکێتی دەدات ئەمە وەک یەکەم دەرچە، قۆناغی دووەم یاخی بوونە کاتێ دەزانێت بەبەری ئەم نیە دەکەوێتە بەری یاخی بوون لەو شوێنەی کۆمەڵگە هێڵی سووری بۆ ژن تێدا کێشاوە کە ڕێکخراوەکانە چونکە هێندەی شەڵتەرەکان مەترسی کوشتن زیاد دەکەن ماڵێکی باوکسالارو براسالارو پیاوسالار دروستی ناکەن، ئەم ئەو هێڵەیە کە ماریا کاتێک ڕێگای ون دەکات دەگات بە هێڵی سوور ئەگەر عاتیفی خەڵک و ئەم کۆمەڵە وشەی ناو گۆرانیەکەی نەبووایە مامەڵەیەکی خراپترمان لەگەڵ ڕۆحە هەڵفریووەکەی دەکرد.

 

وەک چۆن ئەوەی لە دادگاییەکەی ڕوودەدات کە دایکی پێی وایە کوڕەکەی بکوژ نیە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە نائاگایی و پەروەردەی دایکی وەک ژنێک و خێزان و ژینگەی کۆمەڵگە و لەهەمووان زیاتریش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە ماریا دەکوژن، بۆیە گەر هەرکەسێک خۆی بە دەروون شیکار، کۆمەڵناس یان چالاکوانێکی ژنان یان مرۆڤ دەزانێت دەکرێت لەم کەیسەی ماریا شتێک بکەن وەک چارەسەرێکی پەروەردەیی پێشکەشی بکەن بەتایبەت ئەگەر ڕێکخراوەکانی ژنان نەتوانن چارەسەرێکیان هەبێت ئەخلاقی ڕێکخراوەیی لەدەست دەدەن و ئیتر نەفی تر وبێزراوتر دەبن لەنێو واقیعەتی کۆمەڵگە، ئەگەر وانەبێت پێویستە دەم دابخەن و دۆخی ژن خراپترو ڕووچاڵتر نەکەن.