٤ی نیسان؛ جەژنی ژیانەوە

بێریڤان شاهۆ-ڕۆژنامەنووس

٤ی نیسان، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری ئازادیخوازان ڕێبەر ئاپۆ، بۆ گەلی کورد بە واتای جەژنی ژیانەوە و ژیانێکی نوێ و گەشانەوەی هیوا و ئاواتە دامرکاوەکانە.


بە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد سەرلەنوێ چرۆی کرد. ژنان بە هزر و فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، گەیشتنە هۆشیاری و ئاگایی لە بوونی خۆیان و خۆیان ناسییەوە و بوون بە خاوەن بڕیاری خۆیان؛ گەنجانیش دیسانەوە گەڕانەوە سەر ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان و بوون بە پێشەنگی تێکۆشانەکان و بەم تێکۆشانەش توانیان ناسنامە و شۆناسی هەزاران ساڵەی گەلی کورد بپارێزن.


هەرچەندە هەزاران ساڵە داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی پاکتاوکاری و لەناوبردنی گەلی کورد دەدەن، بەڵام بە دەرکەوتنی فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، کۆتایی بەو عەقڵییەتە هێنرا کە دەیویست گەلی کورد بسڕێتەوە. ڕۆژی ٤ی نیسان بوو بە ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای تێکۆشان و بووژانەوەی هزر و کەسایەتیی مرۆڤی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان؛ بەتایبەت چرۆی هیوا و ئازادی لە ناخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە دوای چەندین دەیە لە بێهیوایی، گەشاندەوە و بوو بە بنەمای هەڵگیرسانی هزرێکی نوێ لە پێناو ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک.


لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٤دا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" دامەزرا؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەلسەفەیەکی نوێ چاوی بە دنیا هەڵبێنێت و بە ڕێکخستنێکی نوێوە بێتە گۆڕەپانی سیاسی و بە هێز و ئیرادەیەکی نەبەز و تێکۆشانێکی بێوچان، هەوڵ بۆ داڕشتنی ژیانێکی نوێ بدات. واتا بە ڕۆح و فەلسەفەی ٤ی نیسان و دامەزراندنی پەژاک، هزر و ڕامانی دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری لە ناوچەکەدا گەشاوەتر کرا و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشت بەو حەقیقەتەی کە تا ئەو کاتە لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە لێیان زەوت کرابوو؛ لە پێناو گەیشتن بەو حەقیقەتەشدا بە هەزاران کەس پەیوەستی ڕیزەکانی گەریلا بوون.


پەیوەستبوونی ژنان و گەنجان بە ڕیزەکانی پەژاک، سەلمێنەری ئەوەیە کە هەرچەندە لە حەقیقەت نزیک ببیتەوە، ئەوەندە هێزی بەڕێکخستنبوون و پاراستنت پتەوتر و فراوانتر دەبێت؛ هەرچەندە خاوەن هێزی خۆپاراستن بیت، ئەوەندەش دەتوانیت هەبوون و ناسنامەی خۆت لە چنگی قڕکەران و داگیرکەران بپارێزیت.


هەرچەندە گەیشتن بەم حەقیقەتە بۆ گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسان نەبوو و ڕووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری بوونەوە، بەڵام ئەو تێکۆشانەی کە بە هزری ڕێبەر ئاپۆ چرۆی کرد و بووە هێز و باوەڕ بۆ گەنجان و ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە. ئەو تێکۆشانەش گەیشتووەتە ئاستێک کە پێشەنگایەتی دەکات لە پێناو داڕشتنەوەی ژیانێکی نوێ و شایستە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا. ژنان و گەنجانیش ئاڵاهەڵگری ئەم تێکۆشانە نوێیەن؛ هەڵگیرسانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە بوو بە هۆکاری لەرزینی تەختی دیکتاتۆریی سەردەم و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دەوڵەتێکی خوێنڕێژ و دژە ژن لە ئێراندا.