٢٥ی نـۆڤـەمبەرێکی جـیـاواز

نەرمین عوسمان محەمەد -نووسەر

ساڵی ١٩٩٩ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وەک رێزێک بۆ یادی خوشکانی میراباڵ کە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆماری دۆمێنیکان بەهۆی خەباتیانەوە دژی ستەم و چەوسانەوە تیرۆرکران، ئیتر ئەم رۆژە بووە رۆژێکی جیهانی بۆ بەبیرهێنانەوەی هەموو جیهان، بەوەی توندوتیژیی دژی ژنان رووداوێکی تاکە کەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی گشتی و دانانی یاسای دادپەروەرانە و ستراتیژ هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی، لەپاڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و رۆشنبیریی و شارەزایی یاساییدا.

بەرەنگاربوونەوە بە یاسا
هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا هەڵمەتێکی ١٦رۆژی رادەگەیەنرێت بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە کە ئێستا توندوتیژی ئەلیکترۆنی بەربڵاوترینیانە، لەم رۆژانەدا هەڵمەتەکانی هۆشیاریی چڕتر دەکرێنەوە لەلایەن کەسانی بەرپرس لە حکومەت و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و کۆمەڵی مەدەنییەوە.


لە هەرێمی کوردستان، یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠١١ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی هەیە، تێیدا پێناسەی توندوتیژی و جۆرەکانی دەستنیشانکراوە، لەگەڵ دیاریکردنی سزا بۆ ئەو کەسانەی توندوتیژی دەکەن. لە پاڵ ئەم یاسایەدا ساڵانە رێکخراوەکانی ژنان چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە ساز دەکەن تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەپێناو هۆشیارکردنەوە و پەنابردن بۆ یاسا لەکاتی روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا.


ئەوەی ئەمساڵ جێگەی سەرنجە یادکردنەوەی ئەو رۆژە لە شاری سلێمانی، لە سەکۆی ٢٥ی نۆڤەمبەر لە هەواری شار بوو، ئەم هەنگاوە دەکرێت دەستپێکێک بێت بۆ دیاریکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وەک بۆنەیەکی گرنگ لەپێناو بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژدا، دەکرێت وەک نەریتێکی لێبێت و ساڵانە کۆی چالاکییەکانی بۆنەکە لەو شوێنەدا چڕبکرێنەوە. 

 

سەکۆیەک بۆ چالاکییەکان
رائید راز فریا بەرپرسی هۆشیاریی و راهێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی وتی: ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئەو سەکۆیە بەکارهات بۆ چالاکییەکانی یادکردنەوەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەو ئامانجەی ببێتە جێگەیەکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی هەموو بۆنەکانی تایبەت بە ژنان.


هاوکات هانا شوان سەرۆکی رێکخراوی راگەیاندن و روناکبیریی ژنان دەڵێت: سەکۆی ٢٥5ی نۆڤەمبەر، ساڵی ٢٠١٨ لە پارکی هەواری شار دروستکراوە، بەڵام ساڵانی رابردوو زۆریی چالاکییەکانی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رێگر بووە لە بەکارهێنانی ئەو سەکۆیە وەک پێویست، بەو هیوایەین لەمساڵەوە بتوانین هەموو چالاکییەکان لەوێ کۆبکەینەوە، بەو ئامانجەی بتوانین باشترین پێشکەش بە هەمووان بکەین.


ماوەتەوە بڵێین دەستنیشانکردنی سەکۆیەکی تایبەت بە بەرەنگارەبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارێکی وەک سلێمانی، کارێکی دڵخۆشکەرە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە و یادکردنەوەیەکی جیاواز، لەپێناو پاراستنی ژن و خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، بەوهیوایەی چیدیکە دیاردەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەمێنێت و ژنان نەبنە قوربانی توندوتیژی.