٢٣ ساڵ پیلانگێڕی، ٢٣ ساڵ بەرخۆدان

بێریڤان محەمەد – ڕۆژنامەنووس

 

هەڵبەت مێژووی پیلانگێڕی لەسەر گەلی کورد مێژوویەکی زۆر درێژترە و بەرخودانی گەلەکەشمان لەبەرامبەر هێرشەکان مێژووییە، بەڵام پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە تێدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەستگیرکرا، گەورەترین و فراوانترین و ئاشکرا ترین پیلانگێڕیەک بوو کە بە ڕۆژی ڕوناک و بەبەشداری دەیان دەوڵەتی هەرێمی و جیهانی و تەنانەت هێزی ناوخۆیی ئەنجامدرابێت و تا ئێستاکەش قۆناغەکانی تری ئەم پیلانگێڕیە شومە بەردەوامە.

 

خوێندنەوەی دروست و تێگەشتن لەم پیلانگێڕیە بەئاستێک گرنگە، هەر هێز و لایەنێک باش پیلانگێڕی و ئامانجەکانی ئەم پیلانگێڕیە تێنەگات، ناتوانی لەدۆخی گەلی کورد و ئێستا و داهاتوی تێبگات.

هەڵە گەورەکە ئەوەیە کە پیلانگێڕی ١٥ی شوبات تەنها لە بەرامبەر کەسایەتی رێبەر یان بەرامبەر پەکەکە یاخود باکوری کوردستان ببینین. حەجمی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی شوباتی ١٩٩٩ هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنێت، ئایندەی تەواوی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

 

بەشداربووانی پیلانگێڕیەکە لە ئەوروپا تا ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا و بەشێک لە دەوڵەتانی عەرەبی، تا دەگاتە هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان بەم پیلانگێڕیە هیوایان وابوو ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادی لەناو دەبەن، بەمەش ئاستەنگ لەپێشیان لادەچێت، بە دیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لەئاستی نێودەوڵەتی، ستارتی دەستوەردانێکی نوێ بوو لە ناوچەکەدا، کە دواتر ئەفغانستان و عێراق و وڵاتانی تری عەرەبی گرتەوە و ئێستاش بە قوڵی لە سوریا و عێراق بەردەوامی هەیە.

 

خواستی گەلی کورد و گەلانی ژێردەست بۆ ئازادی لەلایەک و گێژاوێک سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە دروستیکردووە و کۆتایی هاتنی پەیمانی لۆزان و ناچاربوون بە دیزاینی نوێ و پەیمانی نوێ، ئەو دۆخە چاوەڕوانکراوەی ئەوکات بوو کە ئێستا بە قوڵی تێیدا دەژین، کە هێزی هەژمنگەرا و داگیرکار بەرامبەر هێزی ئازادی و خواستی خۆبەڕێوەبەری گەلان ڕودەدات، ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال بۆتە ناوەندی ئەو شەڕی ئازادیە.

 

وا پێدەنێینە ٢٣هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی، ڕاستیەک ئاشکرابوو کە مەرج نیە ئەوەی دەوڵەت و زلهێزان بڕیاریان لێدا پێکبێت، بەڵکو ئیرادە و بەرخۆدان دەتوانیت گەورەترین پیلانگێڕی تێکبشکێنێت، هەروەک چۆن بەرخودانی ڕێبەر ئاپۆ و گەل و گەریلا توانی پیلانگێڕیەکە تێک بشکێنێت، لە جێگەی لەناوچوون تێکۆشان بەرفراونتر و مەزنتر ببێت.

هاوکات ڕێبەر ئۆجەلان لە ئیمراڵیشەوە هێزی بەرەنگاری گەلی کورد و تەنانەت نەتەوە ژێردەستەکانیشی لە بەرامبەریاندا پێشخست، بە نەخشە ڕێگایەک سەرجەم حساباتەکانی تێکدان.

 

واتە پیلانگێڕی چەندە قوڵ و فراوان و بەردەوام بوو، بەرخودانێک ڕێبەر ئۆجەلان لە ئیمراڵیش پێشی خست بەقەد بەهێزی پیلانگێڕان مەزن و فراوان و قوڵە. مانەوەی پەکەکە و فراوانبوونی تێکۆشانی بۆ ئاستێکی جیهانی، پێشکەوتنی شۆڕشی ژن بە هەموو ڕەهەندەکانی، بەرهەمهێنانی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا و شەنگال و سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆرستان و هاوکارەکانیان و ئاواکردنی بناغەی پێکەوەژیانێکی دیموکراتیانەی گەلی کورد لەگەڵ گەلانی ناوچەکە.

 

لە هەمووشی گرنتر بەخشینی پێناسەیە و ڕوئیایەکی نوێی گەلی کوردە لەناو گەلانی جیهان بەتایبەت هێزە ئازاد و دیموکراتەکان، کە هەموو ئەمانەش سەرچاوەی لە پارادایم و فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلانەوە سەرچاوەی گرتوە.

 

ئەوەی ڕونە هێرش و پیلانگێڕی لەلایەک و بەرخۆدانی مەزنی کوردی ئازاد بە ڕێبەرایەتی ئیمرالی ئێستا لە هەرکات زیاتر مەزنتر و فراوانتر بووە،  لە بەرامبەر داگیرکاری و هەژمونخوازی جیهانی، بەرامبەر هێزە شەڕخواز و تیرۆرستیەکانی وەک داعش کە هەڕەشەن لەسەر هەموو ئازادیخوازێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، تەنانەت بەرامبەر خیانەتکاری ناوخۆی کورد و هێزە دژە دیموکرات و دژە ئازادەکان. ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفە و شۆڕشەکەی بۆتە هیوای ژیان و هێزی ڕوناکی.

 

پرسی ئازادی و ئاشتی بۆ گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر گرێدراو بە ئیمراڵی دەبێت و کردنەوەی دەرگای ئیمراڵی بڕیاری کردنەوەی دەرگای ئازادی گەلی کورد و ئاشتی ناوچەکەیە و پێچەوانەکەشی ڕاستە، هەردوو دۆخەکەش پەیوەستە بە ئاستی بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ئازادی.