ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان لە ڕۆژئاوا ئەرکێکی پیرۆزیان گرتە ئەستۆ

بە مەبەستی ڕووماڵکردنی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژنامەنووسانی میدیای ئازاد لەگەڵ کاروانەکانی گەل بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، توانیان ڕووماڵی بارودۆخی گەل و بەرخۆدان بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

دێرک- لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی جۆلانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و جیهان پشتیوانی و  هاوکارییەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی بانگەوازی سەفەربەری لە لایەن مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ''هەسەدە'' لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بەرەو بانگەوازی سەفەربەرییەکەوە چوون، لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا، کاروانی یەکەمی گەل لە شاری سلێمانییەوە بەرەو پشتیوانی کردنی رۆژئاوا بەڕێکەوتن، کە تێیدا گەنجان لە شارەکانی کوردستانەوە بەشداریان کرد، تا بەدەم سەفەربەریی و پاراستنی کورد و خاکی کورد لە ناوچەکەدا هەنگاوبنێن، گەنجان لە کاروانی یەکەمدا و لەگەڵ بەڕێکەوتنی ئۆتۆمبێلەکاندا دەنگی بەرخۆدانیان بڵندتر دەبوو، بەجۆرێک تاوەکو هەنگاوەکانیان بەرەو سنووری سێمێلکا نزیکتر دەبۆیەوە دەنگ و دروشمەکان بەرزتردەبۆیەوە، دواجار هیچ کەس و سنوورێکی دەستکرد نەیتوانی گەنجانی ئازادی خوازی باشووری کوردستان ڕابگرێت، لە کۆتایدا گەنجان ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد تاوەکو بتوانن بەرخۆدان بکەن و خاک بپارێزن، لە ئێستاشدا بەرخۆدان لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە.

 

هەروەها لە ناویاندا گروپێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد، ڕووماڵی ئەو جۆش و خرۆشەی گەنجان و ڕۆژئاوا کوردستانیان دەکرد، کە لە گروپێکی شەش کەسی رۆژنامەنووسی ئازاد پێکهاتبوون، هەریەک لە میدیا ئازادەکانی ''ژن تیڤی، ئاژانسی نوژنها، ڕۆژ نیوز، ستێرک تیڤی و ئاریان تیڤی'' پێکهاتبوون، کە بوونە چاوی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان ''نوژنها''، قسەیان کرد و باسیان لە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و مۆڕاڵی هاوڵاتیان لە ناوچەکەدا کرد، بەم شێوەیە:

 

''ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە بەرخۆدانییەکاندا هەیە''

پەرێز ڕەمەزان، ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز لە شاری سلێمانی، کە یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی بۆ کاری میدیایی ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو، وتی: لەگەڵ پۆلێک لە گەنجان لە باشووری کوردستان بەرەبەیانی ٢٠ی کانوونی دووەم، بەمەبەستی ڕووماڵکردنی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی مۆڕاڵ و بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا سەردانی دێرکی ڕۆژئاوای کوردستانمانکرد، کە لەوێدا گەنج و پیر و منداڵ و ژن، لە بەرخۆدانیدا بوون و بەوپەڕی ئیرادەوە پارێزگاریان لە گەلی خۆیان دەکرد، هەروەها ژنان سەرەڕای چەندین ئەرکی دیکە، چەکیان لە شانکرد و بەرگری لە خۆیان و خاکیان دەکرد.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە بەرخۆدانییەکاندا هەیە، لەوێدا ژنان چەکیان لەشانبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرکاری تەندروستیشبوون، لە هەمووی جوانتر کەمن بینیم. کاتێک گەیشتینە شاری دێرک لەوێ لە بەشەناوخۆیی پەیمانگاییەکدا ماینەوە، سەرەڕای قورسییەکان و ئاستەنگییەکان و بارودۆخی جەنگ، ژنان لەوێ پێشوازییەکی گەرمیان لە ئێمە کرد، هەروەها بەیانییەکەی کاتی نانخواردن دایکێک هات بۆلامان و چەکەکەی دانا و  دەستی کرد بە خواردن ئامادەکردن بۆمان، بەس لەبەر ئەوەی ئێمە بە برسێتی نەمێنینەوە، هەروەها لە هەموو خواردنە کوردەوارییەکانی خۆیانی بۆ ئێمە دانا و نەیهێشت هەست بە غەریبی بکەین، هەروەها چۆن دایکێک مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵەکانی دەکات، ئابەوشێوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکردین.

 

''گەنجان بە مەبەستی پشتیوانی و بەشداریکردن لە ڕیزەکانی شەڕڤانان ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد''

سۆزیار عەلی، ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ژن تیڤی لە شاری سلێمانی، کە لەگەڵ گروپێک لە ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان بە مەبەستی ڕووماڵکردنی دۆخی کورد و ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەشداری لە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو، وتی: لە ٢٠ی کانوونی دووەم، لەگەڵ یەکەم کاروانی گەنجانی باشووری کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کردووە، هەروەها لە ڕێگە چەندین کەسی جیاواز و گەنجی بەئیرادە و ئازامان بینی، کە هەریەکەیان لە شار و پاچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتبوون، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە گەنجان بە مەبەستی پشتیوانی و بەشداریکردن لە ڕیزەکانی شەڕڤانان ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد، هەروەها ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لە ناو پاسەکەدا ئەوەبوو کە گەنجێک وتی: " تەنها لە ناو پاسێکدا کوردستان کۆبۆتەوە، هەریەکەمان لە شارێکی کوردستانەوە هاتووین و بەرخۆدان دەکەین"، کە ئەم دیمەنە یەکێک بوو لە جوانترین دیمەنەکان، بەڕاستی ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە و تەواوی گەلی کورد کە توانیمان یەکگرتووبین و هەموو پارچەکان پشتیوانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد، هەروەها ئێمەش وەک گروپێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە ڕۆژنامەنووسانی ئاریان تیڤی، ستێرک تیڤی، ژن تیڤی، ڕۆژ نیوز و ئاژانسی نوژنهاین، توانیمان ببینە چاوی بینەر و دیمەنەکان بۆ هاوڵاتیان بگوازینەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: خەڵک لە ڕاگەیاندنەکانەوە شەڕێکی قوورس دەبینین، بەڵام ئێمە بە چاوی خۆمان شەڕڤانان و هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستانمان بینی، کە بە ڕوویەکی خۆش و پڕ لە ئیرادە و مۆڕاڵێکی بەرزەوە مامەڵەیان دەکرد، پێکەوە لەگەڵ ئێمەدا بە ڕوویەکی خۆشەوە گفتوگۆیان دەکرد، بەمەش مۆڕاڵیان بە ئێمە دەدا، ڕاستە شەڕێکی سەخت هەیە، بەڵام لە کارەکانی ئێمەدا دەبیندرێت، ژنان و گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان مۆڕاڵیان بەرزە و بەردەوامن لە بەرخۆدانی.

 

''هیوادارم بوبینە چاوی بینەر لە ڕۆژئاوای کوردستان''

هێلین ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی نوژنها، لە سەردانی کردنی لەگەڵ گروپێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: لە بەرەبەیانی ٢٠ی کانوونی دووەم، لەبەردەم هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، گەنجان و ژنان لە تەواوی شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە، لە ڕێگەی زیاتر لە شەش پاسەوە، بە ئامانجی شکاندنی سنوورەکانی سێمێلکا بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن، هەروەها لەگەڵ بەڕێکەوتنمان گەنجان بەوتنەوەی دروشمەکانیان مۆڕاڵیان بە ئێمە دەدا، لە کۆتاییدا لەدوایی چەندین زەحمەتی و بە پێداگری گەنجان توانیمان بگەینە سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، لە سەر سنووریش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هێشتینیانەوە تاوەکو ڕێکارەکانمان بۆ تەواوبکەن و  دواتر ڕێگەمان پێدرا سنوور تێپەڕێنین، هەروەها ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، ئەوەبوو  لە ناو پاسەکەدا گەنجێک وتی: '' ئەم پاسە پارچەکانی کوردستان و شارەکانی کوردستانی کۆکردوەتەوە، هەروەها بەدەم گۆرانی وتنەوە دەیانگوت، ئێمە نازانین چیمان بەسەردێت، لەوانەیە وەک شەڕڤانانی دیکە شەهید ببین یان بکەوینە دەست هێزەکانی جۆلانی و چەندین کاری ناشرینمان بەرامبەر بکەن، بەڵام ئێمە هەردەچین و بەرگری لە خاکمان دەکەین''.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ژنان ڕۆڵی کارایان هەبوو، ژنان چەکیان کردبوەیە شانیان و بەرگریان لە خۆیان و خاکیان دەکرد، کاتێک چووینە پەیمانگایی هونەر و شانۆ کە لەوێ ماینەوە، خوێندکاران پێشوازیەکی زۆر جوانیان لێکردین، هەروەها ئەو خوێندکارانە کە دەست و پەنجەیان لەگەڵ میوزیک و وێنەکێشاندا نەرمببوو یان لەسەر شانۆ کاریان کردووە، بەڵام چەکیان کردبووە شانیان و خەباتیان لە پێناو خۆیان و خاکیاندا دەکرد، دەیانگوت: پێکەوە وەکو خوێندکاران و مامۆستایان چەکمان هەڵگرتووە، ڕاستە ئێمە خوێندکاری هونەرین، بەڵام بۆ خەبات و پاراستنی خاکمان چەک هەڵدەگرین تا ژیانێکی بەشکۆوە بژین"، بۆیە هیوادارم بوبینە چاوی بینەر لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

''ئێمە هاتووین لە ڕێگەی کامێراکانمانەوە هێز و ئیرادەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەیەنین بە هەموو دونیا''

بەرهەم هەورامی، کامێرامانی ستێرک تیڤی و ئاریەن تیڤی، وتی: ئێمە هاتووین لە ڕێگەی کامێراکانمانەوە هێز و ئیرادەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەیەنین بە هەموو دونیا، تاوەکو پێیان بڵێین کورد نابەزێت و هەمیشە لە بەرخۆداندا دەمێنێتەوە، هەروەها دەمبینی ئەوانەی کە دەهاتن بەرەو سەفەربەری چەن مۆراڵێکی بەرزیان هەیە، کە ئەمە خۆی گەورەترین ئومێدە، هەروەها ئێمە لە پەیمانگایی هونەرە جوانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ماینەوە، ئەوەی من بینیم زۆر ناوازە بوو، چونکە شوێنێک کە شوێنی هونەر و  جوانیی بووە، بەڵام ئێستا بەداخەوە بۆتە شوێنی جەنگ.

 

''ئەم ئەرکە تا کۆتایی تەمەنمان شانازییە بۆ ئێمە''

بڕوا عەبدولڕەحمان، پەیامنێری ئاریەن تیڤی، وتی: ئێمە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئەرکێکی پیرۆزمان پێدرا، توانیمان ئیرادەی گەنجان و ئەوانەی بەشداری سەفەربەریان کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەمووان بگوازینەوە، هەروەها ئەوەی لە ماوەی ئەم ٢٤ کاتژمێرەدا بینیمان ئیرادە و مۆڕاڵی بەرزی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بووو، کاروانەکان و پاسەکانیش یەک لە دوای یەک بەرێگاوە بوون بۆ  پاڵپشتی و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم ئەرکە تا کۆتایی تەمەنمان شانازییە بۆ ئێمە.