" ژن، ژیان، ئازادی" گێڕانەوەیەکی نوێی ژنان کە هەرێم دادەڕێژێتەوە

دینا تائی، چالاکوانی عێراقی جەختی لەوە کردەوە: کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی ڕادیکاڵ پێشنیار دەکات کە خەباتی ژنان و چینایەتی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ژنان لە پێشەنگی گۆڕانکارییەکان دادەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، سێ ساڵ لەمەوبەر، ساتێکی سەرکوتکردن بوو بە پریشکی شۆڕش، کە کوشتنی ژینا ئەمینی تەنها ڕووداوێک نەبوو، بەڵکو قوڵای دژایەتییە پێکهاتەییەکانی ناو ڕژێمی ئێرانی ئاشکرا کرد و شەپۆلێکی توڕەیی ژنانی هەڵدا کە لە تارانەوە تا بەغدا، لە کوردستانەوە تا بەیروت بڵاوبووەوە.

 

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دروشمێکی سەر شەقام تێپەڕی، بوو بە فەلسەفەی بەرخۆدان و گێڕانەوەیەکی نوێی ژنانی کە خەباتی چینایەتی بە ڕزگاربوون لە هەژموونی پیاوسالارییەوە دەبەستێتەوە.

 

ئەمڕۆ سێیەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێنین کە تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوو، بەڵکو ساتێکی گرینگ بوو لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانی ناوچەکەدا، چۆن سەیری ئەم یادە دەکەن؟

لەگەڵ هەموو ڕێزێکی شایستە بۆ ڕۆحی ژینا ئەمینی، و سڵاوێکی دڵسۆزانە بۆ سەرجەم ژنانی تێکۆشەران لە سێهەمین ساڵڕۆژی ئەم شۆڕشەدا کە ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو ساتێک بوو کە قوڵای دژایەتییە پێکهاتەییەکانی ناو دەوڵەتی ئێرانی ئاشکرا کرد، کاتێک باس لە دژایەتییەکان دەکەم، مەبەستم تەنها جیاوازییە ڕووکەشەکان نییە، بەڵکو مەبەستم پێکهاتەیەکی ڕەگداکوتاوی قوڵە کە دەسەڵاتی پیاوسالاری و ئایینی دەپارێزێت، هەروەها بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییە چینایەتییە ڕوونەکان.

 

کوشتنی ژینا ئەمینی بەتەنها لە پرسی باڵاپۆشیدا کورت ناکرێتەوە، ئەگەرچی باڵاپۆشی بۆ هەندێک کەس وەک وردەکارییەکی پەراوێزی دەرکەوێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئێراندا ئەرکێکی ئایدیۆلۆژی قوڵی هەڵگرتووە، کە دەتوانرێت وەک ئامرازێکی هەژموونی کولتووری لێی تێبگەین، کە بۆ پاراستنی ڕژێم بەکاردێت، هەروەها لە ئێراندا باڵاپۆشی تەنها جل و بەرگ نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، کە دەوڵەت بۆ پاراستنی پێکهاتە تاکڕەوەکەی بەکاری دەهێنێت.

 

هۆکاری تریش هەن کە سووتەمەنیان بەم شۆڕشە داوە، واتە تەنها لە باڵاپۆشیدا سنوردار نییە، هەروەها چەوسانەوەی ئابووری و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆنترۆڵکردنی سیستماتیکی کۆمەڵگە هەیە، دەوڵەت وەک ئینگڵس لە پەرتوکی (سەرچاوەی خێزان و موڵکایەتی تایبەت)دا، وتی: دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ژنانەوە بەکاردەهێنێت، کەئەم کۆنترۆڵە وەک بەشێک لە پێکهاتە سەرکوتکەرەکەی بەردەوام دەکات.

 

دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" لە دروشمێکی سەر شەقام تێپەڕیوە بۆ ئەوەی ببێتە فەلسەفەیەکی هەمەلایەنەی بەرخۆدان، کە ئەم دروشمە لە ڕوانگەی خۆتەوە وەک چالاکوانێکی عێراقی چۆن لێکدەدەیتەوە؟ چی لە دروشمەکانی ژنانی دیکەی ناوچەکە جیای دەکاتەوە؟ بۆچی لەم دروشمەدا ژنان بە چەمکەکانی ژیان و ئازادییەوە گرێدراون؟

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها نەبووەتە دروشمی ناوخۆیی، بەڵکو بووەتە بانگەوازێکی جیهانی، کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بە خێرای تەشەنەی کردووە بۆ عێراق و سووریا و تورکیا، دواتر سنوورەکانی بەزاندووە بۆ ئەوروپا و تەنانەت باکووری ئەفریقا، بۆ وڵاتانی دوور لە ناوەندی شۆڕش، کە ئەم بڵاوکردنەوە بەربڵاوە نەک هەر ڕەنگدانەوەی بەهێزی دروشمەکەیە، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە لەناوخۆیدا هەڵگری نوێبوونەوەی ڕیشەی بیری ژنانە لە ناوچەکەدا و زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرخۆدان لە ڕوانگەیەکی ژنان و ڕزگارکەرەوە.

 

من ئەم دروشمە لە ڕوانگەی چەپەوە دەخوێنمەوە، نەک لە ناو بازنە لیبراڵەکانی ڕۆژئاواوە، کە زۆرجار فێمینیزم بۆ بەهێزکردنی سیاسی یان بەشداری هێمای لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کورت دەکەنەوە، ئەویش "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە تەنها بە واتای نوێنەرایەتی ژن لە دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی گشتگیرە، کەجیاوازییەکی ڕیشەی لە دروشمەکانی ژنانی پێشووە کە سەرنجیان لەسەر یەکگرتن لەناو سیستەمی هەبوودا بوو.

 

هەروەها لە هزری مارکسیستیشدا، ڕزگاری ژن بە تەواوی حەقی خۆی نەدراوەتێ، چونکە زۆرێک لە مارکسیستە سەرەتاییەکان سەربەخۆی ئابوورییان بە بەس دەزانی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری چینایەتی و کۆمەڵایەتی، بەڵام چاوپۆشییان لەو ڕاستییە کرد کە ئازادی ڕاستەقینە ئازادییە لە گوێڕایەڵی و کۆیلایەتی نەک تەنها خۆشگوزەرانی ئابووری.

 

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، وەک هزرێکی ژنانی ڕزگاریخوازانە خوێندەوە نەک وەک هاوکێشەیەکی سیاسی یان داواکارییەکی یاسایی سنووردار، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە، کە لە ڕێگەی ژنەوەیە بۆ ژیان و بەرەو ئازادییەکی تەواو.

 

پەیوەندی نێوان بەئامانجکردنی جەستەی ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە چۆن دەبینیت؟ بە واتایەکی تر بۆچی دەسەڵات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر جەستەی ژناندا دەسەپێنێت و ئەم کۆنتڕۆڵە چۆن لە عێراقدا ئەزموون دەکرێت؟ چ لێکچوونێک هەیە لە نێوان ئەوەی لە ئێران ڕوویدا و ڕوودەدات و ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنانەوە؟

بە درێژایی مێژوو جەستەی ژنان بەشێک بووە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و بونیادنانی ڕێکخراوی پیاوسالاری، کە ئەم ئەندامە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ تەماشا نەکراوە، بەڵکو وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵ و زاڵبوون، بەکاردێت بۆ ترساندن و چەوساندنەوەی ژنان، بەتایبەتی کاتێک دەست دەکەن بە داوای بەشداریکردن یان شۆڕش، لە هەموو ڕاپەڕین یان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا ژنان لە پێشەوەن، هەر بۆیەش لە هەوڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەکەدا یەکەمجار دەکرێنە ئامانج.

 

ئەم بەکارهێنانە ستەمکارانەی جەستەی ژنان پێشهاتێکی ئەم دواییە نییە، بەڵکو درێژکراوەیەکی مێژووییە، ئەگەر سەیری عێراق و ئێران بکەین، لێکچوونێکی ڕوون لە سروشتی باڵادەستیدا دەبینین، بەتایبەتی لەڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە، کە لە ئێراندا ئایین وەک ئامرازێکی ناوەندی لە بونیادنانی ڕێکخراوی بەکاردێت، لە کاتێکدا لە عێراق سەرەڕای بوونی چەند نەتەوەیەک، ڕژێم تەنها لە ڕووی ئایینییەوە بونیاد نەنراوە، بەڵکو دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەپاندووە کە لە یاسا ستەمکارانە کەمتر نین.

 

لە عێراق یاساکان ژنان لە ئارەزوومەندانی داب و نەریتی ناپارێزن، لە کاتێکدا لە ئێراندا ستەم لە ڕێگەی هەمان یاساوە پراکتیزە دەکرێت، هەروەها یاسای باری کەسی عێراق بە تایبەتی مادەی ١٨٨ و هەموارەکانی دواتر بۆتە ئامرازێک بۆ بەردەوامکردنی ژێردەستەی ژنان و بێدەنگکردنیان لەناو ماڵدا، کە ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەکانی وەک هاوسەرگیری منداڵ و دابەزینی هۆشیاری ژنان.

 

سەرەڕای ئەمەش لێکچوونێک لە نێوان شۆڕشی ژنان لە ئێران و بزووتنەوەی ژنان لە عێراقدا دەبینم، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ بێدەنگکردن، ژنانی عێراق بەردەوامن لە بەرخۆدان، هەروەک چۆن ژنانی ئێرانیش بەردەوامن، چونکە  خۆبەدەستەوەدان واتە ڕێگەدان بە ڕژێم بۆ ئەوەی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە، بە هەمان کەرەستەی چەوساندنەوە و هەمان پێکهاتە، کە زۆر لە ڕژێمی ئێران دەچێت.

 

لە ئێرانەوە بۆ عێراق، لە کوردستانەوە بۆ لوبنان، زۆرێک لە ژنان خۆیان لەگەڵ چیرۆکەکەی ژینا ئەمینیدا ناساندووە، وەک ئەوەی چیرۆکێکی هاوبەش بێت، چی وایکرد ئەم شۆڕشي بتوانێت ئەم جۆرە هاوپشتییە ژنانە دروست بکات؟

سڵاو لە ژنانی ئێران بە تایبەتی، چونکە ئەوانەن کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان گەیاندە جیهان و جارێکی دیکە ئاڵای بیری ژنانیان لە ناوچەکەدا بەرزکردەوە، هەروەها ئەم دروشمە تەنها دەربڕینێکی ‌یمای نەبوو، بەڵکو ساتێک بوو کە بەڕاستی پێکهاتەی دەسەڵاتی لە ئێراندا هەژاند و پەیامی قوڵی بۆ بزووتنەوەکانی ژنان لە هەموو شوێنێکدا نارد، کە کردەوەیەکی هێمای هاودەنگی نەبوو، بەڵکو لە ئازاری هاوبەشەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەموومان لەم ناوچەیەدا ئەزمونی دەکەین.

 

لە عێراق، کوردستان، سووریا، لوبنان، ژنان تووشی هەمان ستەم و هەمان چەوساندنەوە تاکڕەوانەی جەستە دەبن، کە هێرش دەکرێتە سەر شەرەفی ژنان و بوونی ئەوان بە ئەخلاقی سەپێنراو دەپێورێت، بۆیە ئەم شێوازانە تازە نین، بەڵکو ئەوان ئامرازی دووبارەبووەوەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان، کە بە ئامانجی ژێردەستەکردن و بێدەنگکردنیانە.

 

بەڵام خۆڕاگری ژنانی ئێران بەربەستی ترس و دوودڵی شکاند و سەلماندی کە خەبات دڵنیایە، تەنانەت لە بەرامبەر ستەمکارترین ڕژێمەکانیشدا، چونکە ئەم خۆڕاگرییە پەیامێکی بوێرانەی هەڵگرتبوو کە هانی ئەوانی دیکەی عێراق و لوبنان و سووریای دا بۆ زاڵبوون بەسەر ترس و شەڕی هۆشیاری و ڕزگاری.

 

سەرەڕای سەرکوتی دڕندانە، شۆڕش نەمرد، بەڵکو گۆڕا بۆ شێوازەکای بەرخۆدانی ڕۆژانە، جا چ لە ڕێگەی هونەرەوە، پەروەردە، یان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، بەردەوامی ئەم شۆڕشەی ئەمڕۆ چۆن دەبینن و دەرفەتی ئەوە چییە کە دیسانەوە بە هەمان چڕی بۆ پاراستنی ڕۆحی شۆڕش بە ڕۆشنای فشارە بەردەوامەکانی ئێراندا گڕ بگرێت؟

ژنانی ئێران لە ڕێگەی ئەم کردەوانەوە بەردەوامن لە ئاڵەنگاری دەسەڵاتداران و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە شۆڕش ساتێکی تێپەڕ نەبووە، هەروەها ئەمڕۆ دەبینین کۆنگرەکان بە بەشداری ژنانی ئێران و سەرتاسەری ناوچەکە و جیهان بەڕێوەدەچن، کە ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی سنوور بەزاندنە، بە تایبەت لە یادکردنەوەی سێهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا.

 

لە نێو قەیرانی ناوخۆی ئێران و پەرەسەندنی ململانێی ناوچەی، پێدەچێت ڕژێمی ئێران هەست بە دڵەڕاوکێ بکات، چونکە لەم دواییانەدا ڕاگەیاندراوێکی سەرۆک کۆماری ئێرانم خوێندەوە کە تیایدا وتی: مەرج نییە باڵاپۆشی سەپێندرێت، وەک ئەوەی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان یان ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ بێت، ئەم لێدوانە نەک هەر گوزارشت لە دژایەتییەک دەکات، بەڵکو نیگەرانییەکی ڕاستەقینە لە ناسەقامگیری سیستەم و ئەگەری شۆڕشێکی نوێ ئاشکرا دەکات.

 

شۆڕش تەنها دژی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو دژی گێڕانەوەیەکی مێژووی بوو کە ژنان پەراوێز دەخات و ڕۆڵەکانیان تەمومژاوی دەکات... ئایا دەکرێت شۆڕش بە ساتێکی دامەزرێنەر بۆ گێڕانەوەی ژنانی نوێ لە ناوچەکەدا هەژمار بکرێت؟

ئەم ڕۆڵە لە لایەن ژنانی ئێرانی، ژنانی کورد لە کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەروەها ژنانی لوبنان و عێراق بەدیهاتووە کە چەندین شێوەی ئەم تێکۆشانە دیارە، ئەوەی ڕوودەدات گۆشەگیر نییە، بەڵکو درێژکراوەی بزووتنەوەیەکی چینایەتی و ئازادیخوازانە و کۆمەڵایەتی و ژنای کۆمەڵگەیە کە سەر بە لیبرالیزمی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو لە خاک و ئازار و لە ئیرادەی ڕزگاری بەکۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

لەم ڕۆژەدا سڵاو لە هەموو ژنانی تێکۆشەرانی جیهان و سڵاو لە هەموو ژنێک کە تێکۆشانی کردووە، بۆ هەموو ڕۆحێکی شەهید، بۆ هەموو زیندانییەکی ژن، چ سیاسی بێت یان بیروڕای، سڵاو بۆ هەموو ئەو خەباتانەی کە ئەم مێژووە دوور و درێژەیان دیاری کردووە، کە ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکدا ژنان دەبینین لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکان، و لە پێشەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێکان،لەگەڵ پێشەنگی بەرگریکردن لە ژیان و گەلان و کۆمەڵگەکان تەنها بە بوونی ژن ئازاد دەبن.