لە بێستانەکانەوە بۆ سەر سفرەکان... ژنانی ماردین پارێزگاری لە نەریتی دروستکردنی ڕوبەهەنار دەکەن

ژنانی گوندی خۆرس لە شارۆچکەی قزل تەپە دەستیان بە وەرزی ڕنینی هەنار و گۆڕینی بۆ شەربەت و ڕوبە بە ڕێگەی نەریتیی بۆماوەیی کردووە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی زستان، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی دەستگرتنیان بە خاک و میرسەوە نیشان دەدات.

ئاکین ستێرک

 

ماردین ـ لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا، ژنان لە گوندی خۆرسی سەر بە ناوچەشاری قزل تەپە لە ماردین، دەستیان بە وەرزی ڕنینی هەنار کرد، دوای ڕنینی دەنکە هەنارەکان بە ووردیی لە لقی دارەکان، ژنان ئەم بەرهەمە بە هەوڵ و دەستی خۆیان و بەپێی ڕێگە نەریتییە بۆماوەییەکان، دەگۆڕن بۆ شەربەت و ڕوبە هەنار.

 

ئەم بەرهەمهێنانە، کە لەم وەرزەی سەرجەم ساڵێکدا نوێ دەبێتەوە، تەنها وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان نامێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی بۆماوەییشی پێوەیە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرێتەوە، لە کێڵگەکانەوە کە پرۆسەی ڕنینەکەی لێوە دەست پێ دەکات، بۆ حەوشەی ماڵەکان کە شایەتحاڵی کاری بەکۆمەڵ و هەوڵی بەردەوامن، ئەم بەرهەمانە ڕێگەی خۆیان دەکەنە سەر مێزەکان، لە کاتێکدا ژنان بەردەوامن لە پاراستن و زیندووکردنەوەی نەریتەکانیان، پشت بە بەخشندەیی سروشت و کاری دەستەکانیان دەبەستن.

 

"بە خۆشەویستی و شادییەوە کار دەکەین"

فاتمە ئایدەمیر، کە لە ساڵی ١٩٧٧ەوە لە گوندی خۆرس دەژێت، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ڕووی لە ئیستەمبوڵ کرد، ١٨ ساڵی لەوێ بەسەر برد، پێش ئەوەی لەبەر بیرکردنی گوندەکەی بگەڕێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بایەخ بە خاک و باخچەکەی دەدات، کە تێیدا تووتن و داری میوە و سەوزەوات دەچێنێت، وتی: وەرزی پایز شایەتحاڵی وەرزی کۆکردنەوەی چەندین بەرهەمە، کە هەنار یەکێکە لەوان.

 

ڕوونیکردەوە، کە چەندین داری هەناری لە باخچەی ماڵەکەیدا هەیە، شەربەت و ڕوبە هەنار ئامادە دەکات بۆ ئەوەی پێشکەشی میوانەکانی بکات، وتی: شەربەتی هەنار و ڕوبەکەه ئامادە دەکەم، پێشکەشی خزم و منداڵەکانم و میوانەکانمی دەکەم، کاتەکانمان بە ئەنجامدانی ئەم کارانە بەسەر دەبەین، بە خۆشەویستی و شادییەوە ئەنجامی دەدەین".

 

تامێک کە دەگاتە سەر سفرەکان

فاتمە ئایدەمیر ئاماژەی بە قۆناغەکانی ئامادەکردنی ڕوبە هەنار کرد، وتی: هەنار لە دارەکان کۆدەکەینەوە، پاشان دەیهێنینەوە بۆ ماڵەوە و دەیشۆین، دوای ئەوە دەیانکەین بە دوو کەرتەوە و دەنکەکانی لێکۆدەکەینەوە، پاشان دەست دەکەین بە پانکردنەوەی دەنکە هەنارەکان، ئامێر بەکاردەهێنین لە پرۆسەی پانکردنەوەکەدا، دواتر بەدەست دەست دەکەم بە گوشینی بۆ دەرهێنانی شەربەتەکەی، لە قۆناغی کۆتاییدا، شەربەتەکە دەخەینە سەر ئاگر و دەهێڵینەوە بۆ چەندین کاتژمێر بکوڵێت، کە دەگاتە خەستی خوازراو، دەیخەینە ناو شوشەکانەوە.

 

جگە لە هەنار، فاتمە ئایدەمیر ڕوونیکردەوە، کە میوەکان وشک دەکەنەوە و تۆشەی جیاوازی بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکەن، وتی: هەروەها سەوزەی قوتوو ئامادە دەکەین و بەرهەمی وەک پاستیل دروست دەکەین، کاتێک میوانەکان سەردانمان دەکەن، هەندێکیان بۆ ئەوانیش دەهێڵینەوە، ئێمە هەموو ئەو شتانە ئامادە دەکەین کە دەتوانرێت بۆ وەرزی زستان ئامادە بکرێت، کاتێک ئێمە ئەم بەرهەمانە خۆمان بە شێوەیەکی سروشتی دروست دەکەین، تامیان خۆشتر دەبێت.

 

لە قسەکانیدا سەبارەت بە ژیان لە گوندەکەدا، وتی: ژیان تێیدا زۆر جوانە، بەڵام لە وەرزی زستاندا سەختر دەبێت، هەروەها لە زستاندا، کارەبامان بەبەردەوامی دەپچڕێت بەهۆی بەفربارینەوە، ژیان سەختر دەبێت، بەڵام لە هاویندا ژیان زۆر جوانە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، هەوای گوندەکە زۆر خۆشە.

 

ژیان لە گونددا باشترە لە شارەکان

لە لایەکی ترەوە، موعەزەز جاجان، کە هاوسەرگیری کردووە و لە گوندی خۆرس ژیاوە پێش ئەوەی دواتر ڕوو لە ئەستەمبوڵ بکات، گوتی کە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی بەهۆی بیرکردنی نیشتمانەکەی.

 

گوتیشی: "دوای گەڕانەوەم بۆ گوندەکە، دەستم کرد بە بایەخدان بە ماڵ و باخچەکەم. من حەزم لە گوندەکەمە، هەموو خزمەکانم لێرەن. هیچ ژیانێک لە ئەستەمبوڵ نەبوو. هەرکەسێک بڵێت ژیان لە ئەستەمبوڵ جوانە، بەدڵنیاییەوە هەڵەیە. ژیانی سەخت بە هەموو وردەکارییەکانییەوە لە شارە گەورەکاندایە. ئێمە گەڕاینەوە، بەڵام منداڵەکانم هێشتا لەوێن، و خۆزگە بتوانیبایە ئەوانیشم بگەڕاندایەتەوە. ژیان لێرە هەزار جار باشترە لە ژیانی ئەوێ".

 

موازەز جاجان ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا، دەستی بە ئامادەکاری و تۆشەکانی بۆ وەرزی زستان کردووە، وتی: ئامادەکردنی هەنار کارێکی سەخت و ماندووکەرە، بەڵام بە خۆشەویستییەوە بەردەوامین لەسەری، کاتێک مرۆڤ کارێک بە خۆشەویستییەوە ئەنجام دەکات، تامەکەی تەواو جیاواز دەبێت. بەدڵنیاییەوە، ئێمەی ژنان زۆر ماندوو دەبین، ئامادەکارییەکانی زستان و کاری ماڵەوەش هەیە، هەموو مرۆڤێک ماندوو دەبێت کاتێک کار دەکات، بەڵام بەرپرسیارێتی ژنان گەورەترە، ئێمە ئێستا، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەنارەدا، سەرجەم قۆناغەکان بە دەستی خۆمان ئەنجام دەدەین و چارەسەری یەک بە یەکی دەنکەکان دەکەین، لە قۆناغەکانی سەرەتاوە تا کۆتایی.