ژنان.. هێزی پشتیوانی و نمونەی تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی

 

گەلی کوردی زاگرۆسیی لە مێژووی دێرینەوە تا ئەمرۆ، هەڵگری رەسەنایەتیی و ناسنامەی میزۆپۆتامیای دێرین بووە، پارێزەری کولتوور و مێژووی خۆی بووە، لە ٥٠ ساڵی رابردوودا و دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردییش، پانتایی هێزی کوردی ئازاد، جیهان بەگشتیی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتایبەتی گرتووەتەوە.

 

لەو مێژووەشدا ژنانی کورد خاوەن پێگە و رۆڵی سەرەکیی بوون، چونکە هەمیشە کولتووری زاگرۆسیی درێژکراوە و تەواوکەری کولتووری دایک-ژن بووە، ئەمەش وایکردووە ژنان مۆرک و جێپەنجەی خۆیان بەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازیی و دیموکراسیخوازیی گەلی کوردەوە بەجێ بهێڵن.

 

لە زۆر قۆناغیشدا ژنانی وەک لەیلا قاسم، حەپسە خانی نەقیب، مەستوورەی ئەردەڵان، ساکینە جانسز، زەکییە ئەلکان، ڤیان سۆران، بارین کۆبانێ و شیرین عەلەمهولی بوونەتە پێشەنگ و سەرمەشقی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و جەستە و خوێنی خۆشیان لەپێناویدا بەخشیوە، بوونەتە ناسنامە و رەمزی یەکپارچەیی کوردستان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەی ئازاد.

 

لێرەوە دەکرێت بڵێین، خەمەکانی نیشتمان هەمیشە لە هەناوی ژناندا خۆی مەڵاسداوە و وایکردووە، پاراستنی کولتووری کوردیی و زمان و ناسنامەی گەلی کورد بکەوێتە ئەستۆی ژنان و لەو پێناوەدا هەمیشە پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشان بکەن.

 

بۆیەش لە سەردەمی ئەمڕۆشدا کە گەلی کورد لە باکوری کوردستانەوە لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە و لە باشووری کوردستانیش ململانێ ناوخۆییەکان پەرەیان سەندووە، ژنان وەک هەمیشە پەیامی یەکڕیزییمان بەگویدا دەدەنەوە و دەڵێن، با هەوڵ و تێکۆشان و بیرکردنەوەمان کوردایەتیی بێت نەک حزبایەتیی.

 

ئەوەش ژنانی کردووەتە خاوەن سەنگ و قورسایی و رۆڵی کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی کوردستاندا و ئەمرۆ لە باکوور ژنانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز و لە رۆژئاوا شەڕڤانانی یەپەژە و لە باشوور و رۆژهەڵات ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، ئاراستەی سیاسەتی کوردیی دیاری دەکەن.