ژنێکى ئەفغانستان لە کۆیە تام و چێژی شیرینی و خواردنی کوردی و ئەفغانی تێکەڵ کردووە
ژنێکى ئەفغانستان کە لە شارى کۆیە نیشتەجێن، لە دوکانێکدا کاری سەربەخۆی دامەزراندووەوتێیدا شیرینی ئامادە دەکات و دەفرۆشێت، دەڵێت: لە ئەفغانستان ژنان ناتوانن زۆر کار بکەن، بەڵام لێرە ژنان بە هەوڵدان دەرفەت زیاترە.
شیا کۆیی
کۆیە- ژنان بۆ کاری سەربەخۆی خۆیان و دەسکەوتنی داهات و بوونە خاوەن ئابووری سەربەخۆ، هیچ سنوورێک ناناسان و ئەگەر لەخاکەکەی خۆشیاندا نەبێت، ئەوا لەو خاکەی لەباوەشیان دەگرێت، هەوڵی خۆگونجاندن و کار کردن دەدەن، ساڤیا فەرهاد کە ژنێکی خەڵکی ئەفغانستانەو لە کۆیەی سنووری هەولێر دەژی، فێری زمانى کوردى بووەو نزیکە ببێتە ساڵێک دوکانێکى بچووکى شیرینی کردۆتەوە تا بتوانێت بژێوی ژیانى خێزانەکەى پێ پەیدا بکات، پێش ئەوەی لە کۆیە نیستەجی ببێت، لە ئێرانیش توانیویەتی بە دروست کردنی شیرینی بژێوی دابین بکات و پێویستی بە کەسی دەوروبەر نەبێت.
ساڤین فەرهاد، خاوەنى دوکانی ساڤین، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان وتى: خۆم کە لە ئەفغانستان بووم کەم شیرنیم دروست دەکرد دوایی کە چووینە وڵاتى ئێران لەوێش هەر دەستم بەو کارە کرد، ئێستاش کە لەکۆیە دانیشتووین هیچ ئیشێکى تر نەبوو بیکەم جگە لە شیرینى دروست کردن، زۆر خۆشحاڵم کە فێری زمانى کوردی بووم و بوومەتە خاوەن دوکان لێرە.
تام و چێژی خواردنی کوردی و ئەفغانی تێکەڵ کردووە
ساڤین فەرهاد وتیشى: شیرینییەکانم هەندێک ئەفغانین هەندێکیش وەک شیرینیەکانى کوردستانن، ئەوانەى دروستى دەکەم وەک کولیچە، زلۆبیا، بامیاو وپاقلاوەو نانى خامە، شەکرلەمە، جگە لە شیرینى دروست کردن خواردنیش دروست دەکەم کە پێکهاتوون لە خواردنى ئەفغانى و لەوناوە تاموچێژى خواردنى ئەفغانى و کوردیم تێکەڵ کردووە، هەرکەسێک تامى خواردنەکانمان بکات بەدڵیانە و دووبارە بۆى دێنەوە، سەەرتا کەهاتمە کۆیە کاتێک دۆڵمەم خوارد زۆرم بەدڵ بوو خواردنێکى زۆر خۆشبوو، بۆیە زوو فێرى بووم ئیستا خۆم دروستى دەکەم، لەخواردنە ئەفغانیەکان کە کەس نەى خواردووە "منتوە"و بیتزاش دروست دەکەم.
ئاماژەی بەوەکرد، جیاوازیەکى وانیە لەنیوان خواردنەکانی ئێرەو ئەإگانستان، بۆنموونە لاى ئێمە کولیچە بە گوێزهەیە لێرەش هەمان شتە و خواردنەکانیش زۆر جیاوازى نیە، وتی: من هەوڵمدا شیرینییەکان هەمەجۆر بن تاموچێژی کوردی و ئەفغانی هەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە جیاوازییەکان بەتایبەت بە کارى ژن لە ئەفغانستان و باشووری کوردستان ساڤین فەرهاد وتی: لە ئەفغانستان ژنان ناتوانن زۆر ئیش بکەن بەڵام لێرە زۆرباشە ژنان هەوڵ دەدەن و کار دەکەن، لێرە پالپشتى ژنان دەکەن ئەوەش زۆرپێى خۆشحاڵم.