ژنێک لە پێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی لەناو خەڵوزە سووتاوەکاندا وەستاوە

ئامینە حەسەن ڕووبەڕووی سەختی کار و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بووەتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کارکردن شەرمەزاری نییە، بەڵکو هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئیرادەوە سەکەوتووبێت، ئەو ڕۆژانە لە پێناو بژێوی خێزانەکەی لەناو بڵێسەی خەڵوزدا وەستاوە.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر- لە یەکێک لە شەقامەکانی میسری سەرەوە، ئامینە حەسەن، ناسراو بە ''ئوم شەریف''، لەناو بڵێسەی خەڵوزدا وەستاوە کە لەناو دوکانێکی بچووکدا سەرقاڵی کەبابی مریشکە، ئەو بەربەستەکانی کۆمەڵگە دەشکێنێت و ڕووبەڕووی سەختییەکانی کارکردن دەبێتەوە، بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی جێگیری داهات بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی دوای مردنی هاوژینەکەی دابین بکات.

 

کاتێک هاوژینەکەی چوار ساڵ لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد، کچەکانی لە قۆناغی ئامادەیی بوون و کوڕەکەی لە پۆلی شەشی سەرەتایی بوو، کەس نەبوو یارمەتی بدات، جگە لە دوکانی کەبابی مریشکی هاوژینەکەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەدۆزیەوە، بۆیە بینی کە ناچارە بەرپرسیارێتی هەموو شتێکی پەیوەست بە منداڵەکانی و ماڵەکەی و خەرجییەکان لە ئەستۆ بگرێت و بڕیاریدا دوکانەکە بکاتەوە.

 

ئامینە حەسەن، وتی: سەرەتا کوڕەکەم بیرۆکەکەی ڕەتکردەوە و پێی وتم: ''دروست نییە تۆ بچیتە خوارەوە و لە کەبابخانەیەکدا بوەستیت، بەو پێیەی ئەمە پیشەیەکی تایبەتە بە پیاوان و خەڵک قسە دەکەن، کارەکەش قورسە و بەرگەی گەرمی خەڵوزەکان ناگریت، بەڵام هەوڵمدا قەناعەتی پێبکەم کە کارکردن شەرمەزاری نییە، وە دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خوێندن و ماڵەکە و لە کۆتاییدا قەناعەتی پێکرا''.

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک لە دوکانەکەدا دەستی بە کارکردن کردووە، سەرەتا کڕیارەکان سەریان سوڕماوە کە ژنێکیان بینیوە لە دوکانێکی کەبابی مریشکدا کاردەکات، بۆیە بە سەرسوڕمانەوە سەیریان کردوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کڕیارەکان لەگەڵ بوونی ئەودا ڕاهاتوون، وە دەستیان کرد بە پشتگیریکردنی، ئەویش متمانەیی کڕیارانی بەدەستهێنا.

 

سەبارەت بە سروشتی کارەکانی ڕۆژانەی، هەموو ڕۆژێک لە ١٠ی بەیانیەوە تا ١٠ی ئێوارە شوێنەکەی کراوەیە، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەیانیان دەست بە کارەکانی دەکات کاتێک کوڕەکەی دەچێتە خوێندنگە، وە کاتێکیش کوڕەکەی دەوامی خوێندنگەی تەواو دەبێت دێتە دوکانەکە، بۆیە لەوکاتەدا ئەمیش دەچێتەوە ماڵەوە بۆ پشوودان، دواتر دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

 

ئامینە حەسەن، لە شوێنی کارەکەیدا ڕووبەڕووی هەندێک سەختی بووەتەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد: "سەرەتا زۆر قورس بوو، دەستەکانم بریندار بوون بەهۆی بڕینی گۆشتی مریشکەکەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ڕاهاتم، وە لە کاتی کارکردندا دەستم کرد بە بەستنی دەستکێش، سەبارەت بە دوکەڵی خەڵوزەکە، هەوڵدەدەم بەسەریدا زاڵ بم بە بەکارهێنانی پانکەی دەرهێنەر"، هەروەها قورسترین کاتەکانی ماوەی هاوینە، بەو پێیەی لەکاتەدا پلەی گەرمی زۆر بەرزە لەگەڵ گەرمای کەبابکردن، لە هاویندا هەوڵیدا هەندێک کرێکار دابمەزرێنێت، بەڵام بەرگەی گەرمایان نەدەگرت، بۆیە ناچار بوو خۆی کار بکات.

 

ئامینە حەسەن خەونی ئەوە دەبینێت کە دوکانەکە فراوانتر بکات و لە هەمان کاتدا بیکات بە دوکان و خواردنگە، هەروەها دەست بکات بە پێشکەشکردنی داواکاری خواردن بۆ دەرەوە، چونکە قەبارەی بچووکی دوکانەکە ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی کرێکار.