ژنانی نیپاڵی بەهۆی کارکردنیانەوە ئاگاداری ٨ی مارس نین

هاوڵاتیانی نیپاڵ بەهۆی بێکارییەوە ڕوویان کردووەتە هەرێمی کوردستان، ڕۆژە پشووەکانیان لە باخی گشتی شاری سلێمانی پێکەوە بەسەردەبەن، بەهۆی جەنجاڵی و سەختی ژیانیشیانەوە ژنانی گەنجی نیپاڵی ئاگاداری ڕۆژی هەشتی مارس و تێکۆشانی ژنان نین.

 

شنیار بایز

سلێمانی- سەختی و قەیرانە ئابوورییەکان لە وڵاتە هەژارنشینەکاندا وایکردووە هاوڵاتییەکانی ناچار بە جێهێشتینی وڵات کردووە تا بتوانن ژیانێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، ژنایش دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دەبێت بەرامبەر بە کۆمەڵگە و ژیان بوەستنەوە و ببنە بەشێک لەو کۆچکردنە.

 

دانیشتوانی نیپاڵ بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیانەوە ڕوویان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیانیان، سلێمانیش یەکێکە لەو شارانەی ڕێژەیەکی بەرچاو نیپاڵی لێیە، کە بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی بڕێک پارە کە بتوانن خۆیان و خێزانەکانیانی پێ بژیەنن هاتوون، و لە کۆمپانیا ئەهلیەکان، ماڵ و مۆڵەکاندا کار دەکەن، ئەم ڕەوشەش تەواوی ڕۆژەکانیانی داگیکردووە، بۆ وەرگرتنی پشوویەکیش کە هەندێکیان تەنها ڕۆژانی هەینییان هەیە دەچنە باخی گشتی و شوێنە گشتییەکانی دیکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان لەگەڵ هاوزمانەکانی خۆیاندا.

 

ئەو پشووەی هەیانە تەرخانی دەکەن بۆ یەک بینین

بەشێک لە پەنابەرانی نیپاڵ لە ڕۆژی هەینیدا ڕوو لە باخی گشتی دەکەن، کاتی پشوویان لەو باخەدا بە گرتنی وێنە و گاڵتەکردن لەگەڵ یەکتر بەسەر دەبەن، هەندێکێشیان بۆ هێشتنەوەی کلتووری خۆیان، خواردنی نیپاڵی پێشکەش بە نیپاڵییەکان دەکەن، ئەم دیمەنەی باخی گشتی و شەقامی سالم، جوانییەکی بێ وێنە و واتای پێکەوە ژیان و مرۆڤدۆستی بەخشیوە بە شاری سلێمانی، هەروەها لە ڕۆژانی جەژنە تایبەتەکانی نیپاڵدا کۆدەبنەوە و ئاهەنگ دەگێرن، وەک جەژنی سۆنام لۆسەری کە ١٢ی شوباتی هەموو ساڵیێک یادی دەکەنەوە و ئەمساڵیش لە شاری سلێمانی ئاهەگێکیان لە نێوان خۆیاندا ڕێکخست.

 

لە ئێوارەیەکی ساردی مانگی شوبات مایکی ژنها دەچێتە لای هاوڵاتیانی نیپاڵ و چیرۆکی ژیانیان دەهێنێتە زمان

ئەوان جگە لەوەی دوور لە وڵاتی خۆیان کار دەکەن، ئومێدیان بە ژیان زۆرە، "لاکشمی" یەکێکە لەو ژنانە و ماوەی پێنج ساڵە لە کوردستانە و لە ماڵ و کۆمپانیاکاندا کاری کردووە.

 

لاکشیمی دەڵێت بۆ کارکردن هاتوومەتە کوردستان، چونکە لە نیپاڵ کار هەیە بەڵام بە پارەیەکی کەم، هەروەها دەشڵێت: "سەرەتا بۆ من قورس بوو لێرە کار بکەم و بژیم ڕانەهاتبووم بەڵام ئێستا کارکردنم لێرە پێخۆشە، لە کارکردندا مورتاحم و توشی کێشە نەبووم لە ماوەی ئەم پێنج ساڵی ئیشکردنەمدا"، ئەو پەنابەرە ئاماژە بەوەش دەکات هەندێک کات بەهۆی ئەوەی دوورن لە خێزانەکانیان بێزار دەبن وبڕیاری گەڕانەوە دەنەن، بەڵام چونکە پێویستیان بە کارە هەر دەمێننەوە.

 

ئەو ژنە ڕەنجکێشە باس لە مامەڵەکردنی خەڵکی کوردستان دەکات بەرامبەریان و دەڵێت "خەڵکی کوردستان باشن لەگەڵماندا و دڵخۆشین بە کارکردن لەگەڵیاندا هەروەها باشی خەڵکی ئێرە هۆکارێکە بۆی بمێنمەوە"، باس لەوەش دەکات سەردانیکردنیان بۆ نیپاڵ قورسە و لەلایەن حکومەتەوە ئاستەنگییان بۆ دروست دەکرێت و ناهێڵن زۆر سەردانی وڵاتی خۆیان بکەن.

لاکسمی باس لە ڕۆژی پشووەکەی دەکات کە سەردانی باخی گشتی دەکات و کاتەکانی لەگەڵ هاوڕێ و نیپاڵیەکانی تر بەسەر دەبات، دەڵێت "زۆر خۆشە پێکەوە هەموومان ڕەسم ئەگرین گاڵتە لەگەڵ یەکتر دەکەین و نان دەخۆین".

 

بەشێک لەو پەنابەرانە، لە وڵاتی خۆیاندا کاری باشتریان هەبووە بەڵام بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە لە وڵاتەکەیاندا، ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن و لە وڵاتانی دیکەی وەک هەرێمی کوردستان ژیانیان بنیادبنێن.

 

بی جەی تامن، هاوڵاتیەکی نیپاڵە و پێشتر لە وڵاتی خۆیدا ماوەی دوو ساڵ کاری خواردن دروستکردنی کردووە لە چێشتخانەکاندا، ئێستاش لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی لەگەڵ خێزانەکەیدا عەرەبانەیەکیان داناوە و خواردنە جیاوازەکانی نیپاڵی لەسەر دەفرۆشن، بی جەی دەڵێت: "ماوەی ٤ ساڵە لە کوردستانە و لە کۆمپانیا و بازارەکانی شاری سلێمانیدا کار دەکات، ڕۆژانی هەینی پشوویەتی و عارەبانەیەکی داناوە بۆ خواردن فرۆشتن".

باس لەوەش دەکات لێرەش ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرێت کەمە بە بەراورد بە کارەکانی، دەڵێت: "خەڵکی کوردستان خواردنەکانیان پێخۆشە و دەیخۆن".

 

ژنان پاڵپشتییەکی بەهێزی خێزانەکانیانن

ژنان لە هەر شوێنێکی دنیا بن، هاوکاری یەکەمی خێزانەکەیانن وەک قەڵغانێکن بۆ پشتیان، "نورگین لاما" یەکێکە لەو ژنانەی بووەتە پاڵپشتێک بۆ هاوژینەکەی و پێکەوە کار دەکەن تا ژیانێکی باش بۆ خێزانەکەیان دابین بکەن، لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها نورگین دەڵێت: "ئێمە لەبەر بێ کاری هاتووین بۆ کوردستان، ماوەی هەشت ساڵە لێرەین و بۆ سەردان دەڕۆینەوە بۆ نیپاڵ، من لە ماڵاندا کار دەکەم، هاوژینەکەشم کاری دارتاشی دەکات، رۆژانی هەینی خواردن دەفرۆشین بۆ باشتر کردنی بژێوی ژیانمان"، خواردنی نیپاڵی جیاوازی زۆرە لەگەڵ خواردنی کوردەواری، ناوی خواردنەکانیان بریتین لە مۆمۆ، تۆبین، سیابالێ، ماچا (ماسی)، هەروەها شیرینی ئاردی برنجیان هەیە کە هەریەکەو بە شێوازی تایبەت دروستدەکرێت.

 

کاتێک پرسیارمان لە ژنانی نیپاڵی کرد "ئایا ئاگاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر، ٨ی مارسیت؟"، نەمانتوانی هیچ وەڵامێکمان دەستبکەوێت، چونکە دەیانگوت ئەوان ئاگاداری ڕۆژێک نەبوون کە ڕۆژی جیهانی ژن بێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو ژنانە دوور لە وڵات و خێزانەکانی خۆیان سەرەڕای زەحمەتییەکان شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان.

 

لەکاتی گفتوگۆ کردنمان لەگەڵ هاوڵاتیانی نیپاڵ بەردەوام باسیان لەوە دەکرد خەڵکی کوردستان بە گشتی و خاوەن کارەکان بە تایبەت هاوکاریانن و باشن لەگەڵیاندا، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کوردستان وڵاتی پێکەوە ژیان و نەتەوە جیاوازەکانە.

 

ت.پ