ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کارە دەستییەکانیان پشت بە خۆیان دەبەستن

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان بەردەوامن لە هەوڵدان و کۆشش کردن، هەروەها سەرەڕای ئەو زەحمەتییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە پێکەوە کاردەکەن لە پێناو بەدیهێنانی خولیاکانیان و باشترکردنی ژیانیان.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- ئەوەی ژیان جوانتر دەکات کۆڵنەدانە و هەوڵدانە بۆ خەون و خولیاکان، هەر وەک هاجەر کاکە حەمە و نەجیبە جەلال، کە سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوام تێدەکۆشن و بە تواناکانیان بەهرەکانیان پیشانی ژنان دەدەن.

 

''من جانتایی جیاواز دروست دەکەم و لە هەموو کارەکانی تریشدا بەشداری دەکەم''

هاجەر کاکە حەمە، لێپرسراوی بەشی ژنان و ئەندامی دەستەی باڵا لە ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، وتی: ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ ١١ ژنی ناو ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان دەستمان کردووە بە کارەکانمان، کە من جانتای جیاواز دروست دەکەم و لە هەموو کارەکانی تریشدا بەشداری دەکەم، بۆنموونە کڵاو دروست دەکەم و پولەکەی لێدەدەم لە کاتێکدا پولەکەکە ژنێکی تردەیچنێت و منیش بۆ کڵاوەکە بەکاریدەهێنم، کە بۆ سەر جلی کوردی منداڵان و گەورەش بە کاردێت، هەروەها کۆڵوانەی جۆراو جۆر دروست دەکەین و گوڵی رەنگاو ڕەنگی لێدەدەین بۆئەوەی لەگەڵ هەموو جل وبەرگێکدا بگونجێت، جگە لەوە من ئیشی سیرامیکیش دەکەم، کە گوڵ دروست دەکەم و دەیکەمە ئینجانەوە، هەروەها بە پێی ئیشەکان کە دابەشی دەکەین ڕۆژانە کارەکانم دەکەم، هەموومان هەم کاری ماڵەوە دەکەین و هەم ئیشی دەرەوەش دەکەین.

 

وتیشی: یەکێتی کەمئەندامان وەک ماڵی یەکەمی ئێمە وایە، بۆیە ناڵێم ماڵی دووەمانە لەبەرئەوەی کە هاتینە ئێرە خولمان بینی و لە دوای خولەکەشەوە وردە وردە فێری کار و ئیشەکانمان بووین، لە ڕووی دەروونیشەوە زۆر سودمان لێبینیوە، هەروەها ئێمە بەردەوام لە چالاکی و فێستیڤاڵی جۆراو جۆردا کە ئەنجام دەدرێت بەشداری دەکەین و کارەکانمان نمایش دەکەین، هیچ کاتێکیش کەمئەندامیمان نەبۆتە ڕێگر بۆ کردنی کارەکانمان.

 

''پێویستە ژنان گوێ بە قسەی چواردەور و کەس نەیەن بەتایبەت ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت''

هاجەر کاکە حەمە، لێپرسراوی بەشی ژنان و ئەندامی دەستەی باڵا لە ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، وتی: لە ئێستادا پێویستە ژنان گوێ بە قسەی چواردەور و کەس نەیەن بەتایبەت ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆنموونە هەندێکجار خەڵک دەڵێن ئەو کارەت پێ ناکرێت یاخود ئەو کارە قورسە و بۆتۆ نابێت، بۆیە دەبێت ئەو قسانە ئیهمال بکرێت و ژنان خۆیان گەشبین وبەتوانابن و گوێ بە قسەی خەڵک نەدەن، چونکە ئەگەر گوێ بە قسەی خەڵکی بدەن ئەوا دەبێت بۆ خەڵكی بژین نەک خۆیان، لە بەرامبەر ئەوەشدا کۆمەڵێک خەڵک هەیە کە هاوکار و پشتیوانمانن و زۆرهانمان دەدەن کە لە کارەکانمان بەردەوام بین، هەروەها لە پێشانگاکاندا کاڵاکانمان دەکڕن بەتایبەت کاتێک لۆگۆکەمان دەبینن و دەزانن کە ژنانی دەستڕەنگینی یەکێتی کەمئەندامانین، هەروەها سەرسامی کارەکانمان دەبن کاتێک دەبینن ئەو کارانە هی کۆمەڵێک ژنن کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بۆیە زۆر سەرسامی کارەکانمان دەبن و پاڵپشتیمان دەکەن و دەستخۆشیمان لێ دەکەن.

 

''ژنان نابێت گوێ بەو قسانە بدەن کە دەڵێن تۆ چۆن ئەو کارانەت بۆ دەکرێت تۆ ژنیت و ژن و ماڵەوەیان وتوە''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە هیچ کاتێک چاوەڕێی دەستی کەس نەبن، چونکە هەموو کەسێک بەهرە و توانایەکی هەیە کە پێویستە کاری لەسەر بکات، بۆئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەن کاری خۆی، هەروەها چەندەها ژنمان هەیە کە توانیویانە کاری بازرگانی بکەن و کارگەی تایبەت بە خۆیان دابنێن و هەلی کار بۆ چەندین ژنی دیکە بڕەخسێنن، وەک کردنەوەی خواردنگە و شوێنی کاری دەستی، بۆیە هیوادارم هەموو ژنێک بتوانێت کاری خۆی بکات و تواناکانی پیشانبدات و لەسەر پێیەکانی بوەستێت، هەروەها پێویستە ژنان بتوانن کار و چالاکییەکانی خۆیان دابەش بکەن گوێی بەو قسانە نەدەن کە دەڵێن تۆ چۆن ئەو کارانەت بۆ دەکرێت تۆ ژنیت و ژن و ماڵەوەیان وتوە، بۆیە من دەڵێم بەڵی ژن و ماڵ و ژن و دەرەوەشیان وتوە، بۆیە من دەمەوێت هەموو ژنێک سەرکەوتووبێت.

 

''لە سەرەتایی کارەکانم زەحمەتی و ناڕەحەتی  زۆرم بینی، چونکە خۆم خۆمم فێرکرد و خۆم کارەکانم دەکرد''

نەجیبە جەلال، خاوەن پێداویستی تایبەت وتی: نزیکەی سێ ساڵە خەریکی کاری دەستیم و سەرەتا لە ماڵەوە کارم دەکرد و دواتر بەم ڕێکخراوە ئاشنا بووم، کە تا ڕادەیەکی باش دڵخۆشین لەم کارە، هەروەها من زۆربەی کارە دەستییەکان دەکەم، وەک دروستکردنی بازن و تەسریحە و ملوانکە، هەروەها چنینی سەرشان و هێلەک و هەدێکجاریش جلی کوردی و کۆڵوانەش دەدورم، لە سەرەتایی کارەکانم زەحمەتی و ناڕەحەتی  زۆرم بینی، چونکە خۆم خۆمم فێرکرد و خۆم کارەکانم دەکرد، هیچ کەسێکیش نەبوو کە هاوکاربێت و بابەتەکانم فێربکات، هەربۆیە سەرەتا هەڵە لە کارەکانت دەکەیت، بەڵام بەو هەڵانە فێردەبین و دواتر کارەکانم بە بەرەو باشی ڕۆشت و ئێستا هەموو کارێک دەکەین و پلانیشمانە کە جانتای جیاواز دروست بکەین.

 

''پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە لە ماڵەوە دانەنیشن بەڵکو دەبێت کار بکەن''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: لە زۆرینەی چالاکییەکاندا بەشداریم کردووە و گوڵم بە شیلە دروست کردوە کە بۆ جوانی بەکاردەهێنرێت، ئەم کارانەش جگە لە لایەنی ماددی لە لایەنی دەروونیشەوە زۆرسودم لێبینیوە و زۆر دڵخۆشیشم بە کارەکانم، بە جۆرێک کاتێک دێمە ژوورەوە و کارەکانم دەبینم هەرخەمێکم هەبێت هەمووی دەڕەوێتەوە، بۆیە پێویستە ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن، هەروەها  پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە لە ماڵەوە دانەنیشن بەڵکو دەبێت کاربکەن، چونکە کاتێک ژنان دەست دەکەن بە کارکردن ئیتر خەمەکانیان لە بیردەکەن، ئێمە ژنانێکمان هەیە دەستێکی نییە و خەریکی کارە، بەڵام ئەگەر لە ماڵەوە بوایە توشی گۆشەگیری دەبوو.