ژنانی گوندەکانی دربەسی ئابووریی خێزان بە کولتووری کۆن دەپارێزن
ژنانی شاری دربەسپی لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا لە کێبڕکێدان، لە دژی گرانبوونی ههموو شتێک بۆ ئەوەی برسی نەبن، رێوشوێنەکانی خۆیان دەگرنەبەر و لە لایەکی ترەوە بەم کارە هەوڵ دەدەن کولتووری کۆنی خۆیان زیندوو ڕاگرن و بیپارێزن.
سۆرگوڵ شێخۆ
دربەسی- لە رۆژئاوای کوردستان سەرەڕای قەیرانەکانی ئابووری، کەمیی سووتەمەنی و گرانبوونی کەلوپەلی خۆراک، ژنانی گوندەکان بۆ پاراستنی ئابووریی خێزانەکانیان دەستیان بە ئامادەکارییەکانی زستان کردووە، ژنان بە دروستکردنی چیچال”جۆرێکی پەنیر” و سەوزە وشککراوەکان، هەوڵ دەدەن لە دژی گرانبوونی ههموو شتێک بۆ ژیان بەرگری بکەن.
ساڵ دوای ساڵ قەیرانەکانی ئابووری و گرانبوونی کەلوپەل کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی گەل دروست دەکەن، لەگەڵ کێشەکانی وەکوو قەیرانی نان، کەمیی سووتەمەنی و گرانبوونی بەرهەمەکانی خۆراک، هاوڵاتییان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیاندا تووشی سەختی دەبن، لەم پرۆسەیەدا، نموونەی ئابووریی کۆمیناڵ و نەریتی کە بە دەستی ژنان و دایپیرە کوردەکان بەڕێوە دەچێت، جارێکی تر دێتە پێشەوە.
ژنانی دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری دربەسی، وەک هەمیشە ئەمساڵیش بۆ ئەوەی لە دژی قەیرانی ئابووری ڕێوشوێنی پێویست بگرن، دەستیان بە ئامادەکارییەکانی زستان کردووە.
”ئیتر ئێمە ناچارین لە بازاڕ بکڕین”
بەشیرا حسێن، خەڵکی گوندی چەتەلەی دربەسی، باس لە ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ زستان دەکات و ڕوونیکردەوە، کە ئەو هەوڵ دەدات بە دەرفەتە سنووردارەکانی خۆی پاشەکەوتی زستان ئامادە بکات، بەشیرا حەسەن وتی: من مورەبای ترێ، هەنجیر و قەیسییم دروستکردووە، لە پاڵ ئەوەشدا باینجان و بیبەری سوور وشک دەکەمەوە، مورەبای هەنجیرم لە دارەکانی باخچەی ماڵەکەی خۆم دروستکردووە.
ئاماژەی بە کاریگەری نەخۆشی و گۆڕانکارییەکانی سەردەمیش کرد، کە ئەو ئیتر ناتوانێت وەک جاران ههموو شتێک لە باخچەکەی خۆیدا بچێنێت و وتی: لەمەش زیاتر لەبەر ئەوەی مرۆڤ ساڵ دوای ساڵ پیر دەبێت و نەخۆشییەکان زیاد دەکەن، من ئیتر ناتوانم باینجان و بیبەر لەو باخچەیەی کە پێشتر دروستمکەرد کۆبکەمەوە، ئێستا ئیتر ئێمە زۆرێک لە شتەکانمان لە شار دەكڕین.
هەروەھا لە هەمان کاتدا وەسیە سولەیمانی ٧٠ ساڵە باسی لە بیرەوەری و برینەکانی خۆی کرد و جیاوازیی سەردەمی جاران و ئێستای خستە بەرامبەر یەک کە ئەمەش ئەوە دەردەخات بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی چۆن گۆڕاوە.
لە نێوان نرخەکانی بازاڕ و خۆشیی ماڵدا ژنان هەمیشە بەرهەمهێنانی بە دەستی خۆیان هەڵدەبژێرن
بەشیرا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان چەندین ساڵە لە گوند دەژین، ههموو ساڵێک ساوەرەکەی خۆیان بە دەستی خۆیان ئامادە دەکەن و لە بازاڕ نایکڕن و وتی: ئێمە فێر نەبووین ساوەر لە بازاڕ بکڕین، ههموو ساڵێک دانووک دەکوڵێنین و ساوەری خۆمان بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ دروست دەکەین، بەرەکەتی ئەو شتانەی لە ماڵدا دروست دەکرێن لە هی بازاڕ زیاترە و تامەکەشیان خۆشترە، ئەو بەرهەمانەی کە لە بازاڕەکان دەیکڕین، هەم نرخەکەیان زۆرە هەمیش تامەکەیان خۆشنییە، لەبەر ئەوەش دەبێت مرۆڤ پێداویستییەکانی ماڵەکەی لە ماڵدا دروست بکات.
هەروەھا بەشیرا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان نەک تەنها بۆ ئاژەڵان، بەڵکو بۆ ههموو دۆخێکی لەناکاو و ئەگەری قەیرانەکانیش نان وشک دەکەنەوە، ئارد هەڵدەگرن و وتی: ئەو نانەی لای ئێمە زیاد دەکات ئەگەر دراوسێیەک پێویستی پێ هەبێت دەیدەمێ بەڵام ئەگەر نا بۆ ئاژەڵەکانمان وشکی دەکەینەوە. نەک تەنها ئەمە، بەو ئەگەرەی نانەوای شار کار نەكات یان نان نەبێت، دەست بە دروستکردنی نانی تەنوور دەکەین، ئێمە بۆ ئەوەش ئاردمان هەڵگرتووە، ئەگەر ڕۆژێکی قورس بەسەر ماندا بێت و بێ ئارد بمێنینەوە جێگرەوەی ئێمە نانی وشککراوەکەمانە، کاتێک ناچار بوبین ئاو بە نانی وشکدا دەکەین و دەیخۆین.
بیری رۆژانی جاران سیاسەت و پارتایەتی

وەسیلە بەم وتانە بیرەوەری خۆی بۆ ساڵانی جاران دەردەخات وتی: جاران خۆراکیش نەبووایە، جیهانمان خۆش بوو، ڕۆژێکیش مردن نەدەهاتە بیرمان، بەڵام ئێستا ئێمە لە نێو زریان و مەترسیی ترس و مردندا دەژین، مرۆڤ ڕوو لە هەر شوێنێک بکات، لەوێ باسی سیاسەت دەکرێت، ههموو کەسێک بوونەتە سیاسەتمەدار و پارتایەتی زۆر پەرەی سەندووە، جاران ساڵێک ژنێک یان پیاوێک نەدەمراد بەڵام ئێستاش ژێر خاک پڕە لە گەنج و شەهید.
وەسیلە باسی لە قەیرانی سووتەمەنی کرد و نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بەو سەردەمە بەم شێوەیە دەربڕی: لەوانەیە ئەمساڵ سۆباش نەبێت، ههموو شتێکیان لەسەر بڕیوینەتەوە، گیانمان کەوتووەتە دەست دەوڵەتەکان، لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
وەسیلە بە هێنانەوەی هەر دانەیەکی مەرجان، ئەو بیرەوەرییانەی لە عەقڵیدا شاردووەتەوە، دێنێتە بەر چاو و هەناسەی سارد هەڵدەکێشێت.
کۆبوونەوەی منداڵان و ژنان لە دەوری مەنجەڵی دانووکدا
ئایشێ ئۆسی، لەم پاییزەدا دەست بە دروستکردنی دانووک کردووە و باسی ئەو بەرهەمانە دەکات کە لێی دەردەچن: ئەمساڵ بۆ خۆم و هاوژینکەم تەنها حەوت تەنەکە گەنەممان کوڵاند، ئێمە دانووکەکەی دەدەین بە منداڵان و ئەوی تریش دەکەینە ساوەر، خۆشییەکەی لەوەدایە کە منداڵان و ژنان ههموویان لە دەوری مەنجەڵی دانووک کۆدەبنەوە و لە داگیرسانی ئاگرەوە تا خواردنی دانووک ههموو شتێک بەدواداچوونی بۆ دەکەن،چجاران دایک و دایپیرم دروستیان دەکرد بەڵام ئێستا چەندین ساڵە خۆم دروستیان دەکەم.
چاوی ههموو کەسێک لە چاوەڕوانیی چارەسەردایە
ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی ژنان کولتووری دایپیرانی خۆیان زیندوو ڕادەگرن و بۆ زستان جێگرەوەکانی خۆیان دەخەنە ژێر مسۆگەرییەوە، بەڵام گرانبوونی کەلوپەلی خۆراک، قەیرانەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەو شەڕەی ڕوودەدات، بارودۆخیان قورس کردووە و ئەوان بە چاوێکی هیوابەخشەوە لە چاوەڕوانیی چارەسەردان.