ژنان و گەنجان؛ لە ژێر فشاری گرانی و بێکاریدا ژیان دەگوزەرێنن
لە گەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان، بێکاریش زیاد دەکات و هەلی کار یش ڕۆژ بە ڕۆژ کەمدەبێتەوە، هەروەها ژنان و گەنجان توشی زۆرترین فشارە ئابوورییەکان دەبنەوە، بۆیە ئەم بارودۆخە نەک تەنها ئاستی ژیانیانی گۆڕیوە بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبووە لەسەر داهاتوویان.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە گشتی بەرەو قورسی چووە، گرانی نرخی خۆراک،کرێی ماڵ، خوێندن و تەندروستی لەگەڵ بێکاری و کەمبوونەوەی موچە، بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ گۆڕانی شێوازی ژیانی ژنان و گەنجان، هەروەها ژنان زیاتر ڕووبەڕووی سنوورداربوونی هەلی کار بوونەتەوە، کە زۆر جار ناچار دەبن ئارەزووەکانیان دوا بخەن یاخود پشتگوێی بخەن،گەنجانیش بە هۆی بێکاری و نائاسایی داهاتوویان توشی نا ئومێدی و کێشەی دەروونی بوون، ئەم بارودۆخە پرسیارێکی گەورە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە دروست کردووە و پێویستی بە چارەسەرێکی خێراو پلاندار هەیە.
ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان ساڵانە خوێندن تەواو دەکەن و ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی کار دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەنجان خەون و پلانەکانیان دوا بخەن یاخود بیر لە کۆچ کردن بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەستی کار و گەنجەکانمان لە جێی خزمەتی گەل و خاکی خۆی خزمەت بە وڵاتی بێگانە بکات.
ئەم بارودۆخە تەنها کاریگەری ئابووری نییە، بەڵکو کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتیشی هەیە، چونکە نیگەرانی لە داهاتوو و فشارە دەروونییەکانی لە نێوان ژنان و گەنجاندا زیاد کردووە،کە ئەمەش دەتوانێت کاریگەری درێژخایەنی لەسەر تەندروستی دەروونی کۆمەڵگە هەبێت.
شارەزایان باوەڕیان وایە کە چارەسەری ئەم کێشانە پێویستی بە پلانی ئابووری درێژخایەنی وەک، دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و پشتگیری ڕاستەوخۆی ژنان لە بازاڕی کاردا هەیە، چونکە بەبێ ئەم هەنگاوانە، فشاری ئابووری لەسەر ئەم دوو گرووپە زیاتر دەبێت و کاریگەرییەکانیش لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە قوورستر دەبن.
''لە باشووری کوردستان ماوەی ١٢ ساڵە قەیرانی ئابووری بوونی هەیە''
سنوور کەریم، چالاکوان، وتی: بێگومان ئابووری پایەیەکی گرنگی کۆمەڵگەیە و کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر تاکەکان بە گشتی هەیە، هەروەها ئەگەر باس لە کۆمەڵگەی خۆمان بکەین بێگومان دەزانین کە لە باشووری کوردستان ماوەی ١٢ ساڵە قەیرانی ئابووری بوونی هەیە، بە ڕوونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگە بەدی دەکەین بەتایبەتی لەسەر گەنجان و ژنان، هەروەها دارای سەربەخۆ کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان لە دوای بابەتی خۆ ناسینی ژنەوە یەکێک لە پایە گرنگەکان کە ژن دەتوانێت لە ڕێگەیەوە سەربەخۆی و بوونی خۆی تێدا بپارێزێت، ئەگەر ئەم پێناسەیە ورد بکەینەوە ژنێک کە خاوەنی ئابووری و داهاتی سەربەخۆی خۆی بێت ئەوا لە ژێر کاریگەری پیاوسالاری و کۆمەڵگە دێتە دەرەوە، واتە باوەربە خۆبوون و لەسەر پێ وەستانی باشتر دەبێت، بۆیە زۆرجار لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەو ژنانەی کە دەکەونە ژێر بێڕەحمی بڕیارەکانی پیاوسالاری و زهنیەتی کۆمەڵگەیەکی کلاسیکی باو، ئەو ژنانەن کە خاوەن داهات و ئابووریەکەی سەربەخۆی خۆیان نین، بۆیە ژنێک کە خاوەن داهاتێکی سەربەخۆی خۆیەتی، زیاتر باوەری بە خۆیەتی، بە جۆرێک دەتوانێت خاوەن سەربەخۆی خۆی بێت لە ژیان و بڕیارەکانیدا، هەروەها وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ماوەی ١٢ ساڵە لە باشووری کوردستان قەیرانی دارای هەیە و کاریگەری ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ژیانی تاک، هەروەها بۆشاییەکی گەورەی ژیانی و فیکری بۆ گەنجانی باشووری کوردستان دروست کردووە، کە زۆر جار ئەمە دەبێتە هۆی بە لاڕێدابردنی گەنجان، دەبینین کە لە ئێستادا لە باشووری کوردستان ئیسلامی سیاسی ئەم بۆشاییەی قۆستۆتەوە بۆ خۆی، چونکە کاتێک گەنجەکانمان لە ڕووی ئابووریەوە نەیانتوانی لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆشای لە ژیانیاندا دروست ببێت، دروستبوونی ئەم بۆشاییەش دەبێتە هۆی بەکارهێنانی لە لایەن هێزە توندڕوەکانەوە، بەدەر لەوانەش زیاد بوونی کۆچی گەنجان و کاڵ بوونەوەی هەستی نیشتیمان پەروەری و خۆشەویستی نیشتیمان لە لای تاک، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێکاری گەنجان، بۆیە دروستبوونی ئەو بۆشاییە و نەبوونی کار وا دەکات کە مرۆڤ بەلاڕێدابڕوات، دەبینین ژمارەیەکی زۆر گەنجی کورد سەرگەردان دەبن و لە ڕێگە سەختەکانەوە دەچن بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر، ئەمە بۆ خۆی هۆکارێکە بۆ کاڵبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری لای تاکی کورد و لە هەمان کاتدا بە لاڕێدابردنی.
''زۆربوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ئەوەیە ژنان داهاتی سەربەخۆی خۆیان نییە''
وتیشی: زۆرجار لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەداخەوە دەبینین کە گەنجی کورد لە لایەن سیستەمەکانەوە دەچەوسەنرێنەوە و کەمترین متمانەیان پێدەکرێت لە کاتی کاردندا، چونکە لە وڵاتەکەی خۆیاندا زەلیل کراون، هەروەها لە ڕووی ئابووریەوە بەردەوام کێشەیان هەبووە، بۆیە کاتێک دەچنە وڵاتێکی بێگانە ئامادەن هەموو کارێک بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی بڕە پارەیەک، بەداخەوە پێم ناخۆشە کە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام بە پێی دواین داتاکان لە ئێستادا وڵاتانی ئەوروپا گەنجی کوردیان بە جۆرێک بە لاڕێدا بردووە، زۆربەی ئەو کارانەی کە بە نایاسای دەکرێت گەنجی کورد پشکی شێری بەرکەوتووە، لەبەر ئەوەی لە پێناو دەستکەوتنی پاروویەک نان دەست دەبات بۆ هەموو کارێک، بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێن بە نزیکەیی وێنەیەکی ناشرینیان بۆ گەنجی کورد لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە، هەموو هۆکاری ئەمانەش بۆ نەبوونی کار و نەڕەخساندنی هەلی کار و دانەمەزراندنیان لە ناو وڵاتەکەی خۆیان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر هەلی کار هەبێت گەنجانمان دەبەسترێنەوە بە خاک و نیشتیمان و وڵاتەکەی خۆیانەوە، هەروەها زۆربوونی ڕێژەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەرامبەر ژنان لە ڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە دووبارە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ژنان خاوەنی سەربەخۆی خۆیان نین و ئەو ژنانەشی کە خاوەن ئابووری خۆیان نین ناچارن ژیانێک قبووڵ بکەن لە ژێر ناوی هاوسەرگیری و خیزاندا، چونکە نەبوونی ئابووریەکە ناچاری دەکات درێژە بدات بە پەیوەندیەک کە ڕۆژانە تێیدا دەچەوسێنرێتەوە، ئەم چەوساندنەوەیەش بەردەوام دەبێت تادەگاتە منداڵەکانیشی، لە ئەنجامیشدا کۆمەڵگەیەکی کۆیلەی دەستەمۆ دروست دەبێت.
''پێویستە گەنجەکانمان پێداگربن لەسەر مانەوەیان لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا''
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە بەردەوام داوای ئەوە دەکەین کە پێویستە گەنجەکانمان پێداگربن لەسەر مانەوەیان لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، هەروەها باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، لانی کەم بەرگری بکەن لەم دۆخە خراپەی کە لە باشووری کوردستاندا هەیە، لە وانەیە هەندێک جار ئەم قسانەمان زۆر ریزلێگیراو نەبێت لەلایەن گەنجەکانمانەوە، چونکە کە گیرفانی بەتاڵ بێت تۆ ئامۆژگاری چی دەکەیت؟، لەبەر ئەوە دووبارە ناچار دەبین ڕوو بکەینە سیستەم و دەسەڵات داوا بکەین کە کەرتی تایبەت گرنگی پێبدرێت، ڕاستە ئێمە ناتوانین هەموو کەس بکەینە موچە خۆر، بەڵام لە ڕێگەی بە هێزکردنی بواری پیشەسازی و کشتوکاڵەوە دەتواندرێت هەلی کار بۆ گەنجەکان بڕەخسێنرێت و ڕێگری لە کۆچکردنیان بکرێت.