ژنان بە بەرهەمە کوردەوارییەکانیان فێستیڤاڵی هەنار دەڕازێننەوە

لە نێو کۆشکەکانی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، بەرهەمە کوردەوارییەکانی نیگار سەرنجت بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، ئەو زۆرنەی بەرهەمە نمایشکراوەکانی بەدەستی خۆی ئامادەکردووە و پێشکەشی سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکەی دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لەکۆی ٤٠٠ شوێنکار و فرۆشگای بەشدار لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، زیاتر لە ٥٠٪یان ژنن، ئەوان توانیویانە بە بەرهەمە کوردەوارییە دەستییەکانی خۆیان، ڕەنگێکی سەرنجڕاکێشتر ببەخشنە فێستیڤاڵەکە.

 

نیگار عومەر یەکێکە لەو ژنانەی خاوەنی فڕۆشگای نافع هەرورامییە و بەشداریی لە فێستیڤاڵی هەناری ئەمساڵدا کردووە، لە کۆشکەکەیدا چەندین بەرهەمی کوردەواریی داناوە بۆ کڕیاران و سەردانیکەران، لەوانەش؛ دۆینە، ڕووبەهەنار، بادەم، برنجی کوردیی، ترشەمەنیی، شێلم، مورەبا، توو و گوێز و چەندین بەرهەمی دیکە.

 

نیگاە بۆ نوژنها دەڵێت: دە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بەرهەمەکانم ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی بتوانم بەروبومێکی تەواو فرێش و نوێ پێشکەش بە میوانەکان بکەم، بەرهەمەکانیشم هی هەورامان و هەڵەبجەن و سەرجەمیان خۆماڵین.

 

ئەو لەبارەی بەشداریی ژنان لە فێستیڤاڵەکەدا دەڵێت: ژنان ئێستا لە هەڵەبجە تەنها بۆ چوونەدەرە و سەردانیکردن نایەن بۆ فێستیڤاڵەکە، بەڵکو مەبەستیانە کاربکەن و ببنە خاوە داهاتی خۆیان، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان خاوەنکارن لە فێستیڤاڵەکەدا.