ئەو کۆڵانەی هەموو ڕۆژێک بۆنی نانی لێ بڵاودەبێتەوە؛ شوێنی هیواو متمانە بە توانای ژنان

لە پشت هەر کولێرەیەکی گەرم و نوێ، چیرۆکی ژنێک هەیە کە بە ماندووبوون و ئیرادە، ژیانێکی نوێیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دروست کردووە، دایکێک لەگەڵ کچە هونەرمەندەکەی، لە بەردەم ماڵەکەیان بوونەتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ژنانی ناو خێزانەکەیان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ناو کۆڵانێکی سادە، بۆنی نانی گەرم و کولێرەی نوێ پێش لە هەر شتێک سەرنجت بۆلای دەچێت، ئەو بۆنە تەنها بۆنی خواردن نییە، بەڵکو بۆنی ڕەنج، هیواو ژیانە، ژیانێک کە چەند ژنێک بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە، لەبەردەم ماڵێکی سادە، دایکێک لەگەڵ ژنانی ناو خێزانەکەی، هەموو ڕۆژێک پێش هەڵهاتنی خۆر دەست بە کار دەکەن، لە نێوان هەویرکردن، برژاندنی نان، دروستکردنی کولێرە و کەلانە و ئامادەکردنی خواردنی کوردەواری، تەنها داواکاری هاوڵاتیان جێبەجێ ناکەن، بەڵکو بۆ خۆیان و ژنانی دیکەش هیوای ژیان دەخوڵقێنن، ئەم دەستپێشخەرییە ماوەی یەک ساڵە بەردەوامە و ئێستا بووەتە شوێنێک بۆ کاری پێکەوەیی ژنان، لەژێر سەرپەرشتی ئەم دایکە و کچەکەی، پێکەوە کە شەش ژن دەبن، هەلی کاریان دەستکەوتووە و هەر یەکەیان بە بەشداری خۆی بەرهەمێک ئامادە دەکات کە بە دەستی خۆیان بۆ هاوڵاتیانی دەنێرن، بۆ ئەم دایکە، کار تەنها بژێوی ژیان نییە، زیاتر لە ١٠ ساڵە بۆتە دایک و بە ماندووبوونی ڕۆژانە هەوڵی پاراستنی داهاتووی منداڵەکانی داوە، ئەمڕۆ، ئەو ڕێگایە لەگەڵ کچەکەی بەردەوامی پێدەدات، ژنێکی سەرکەوتوو کە لە جیهانی هونەردا ناسراوە، سینەماکارە و خاوەنی چەندین بەرهەمی فیلمییە، بەڵام سەرکەوتنەکانی هونەر وای لێنەکردووە لە ڕەگی بنەماڵە و کاری ڕۆژانەی دایکی دوور بکەوێتەوە، ئەو دووانە بەیەکەوە نیشانیان داوە کە هونەر، کار و ژیان دەتوانن لە یەک شوێندا کۆببنەوە، لە نێوان کامێرای فیلمسازی و تەنووری نان، پەیامێکی هاوبەشیان هەیە، کە هیچ کارێک بچووک نییە ئەگەر بە دڵسۆزی و ئیرادەوە ئەنجامبدرێت.

 

"ئێمە هاتووین ببینە هیوایەک بۆ ژنانی دیکە"

شنۆ بەکر، خاوەنکار ئاماژەی بەوەکرد، چەندین ساڵە لە ماڵەکەی خۆیاندا کاری هەویر و خواردنی کوردەواری دەکەن، بەڵام ساڵێک بەر لە ئێستا دێنە دەرەوەی ماڵەکەیان و پێکەوە کاردەکەن، وتی: زیاتر لە ١٠ ساڵ من کاردەکەم و منداڵەکانم بەخێودەکەم، سەرەتا لە ماڵەکەی خۆماندا خواردن و کاری هەویرم بۆ ماڵان کردووە، پاشان لە ڕێگەی گەیاندنەوە ناردومە بۆ کەسەکان، ساڵێک بەر لە ئێستا لەگەڵ منداڵەکانم و ژنەکانی ناو خێزانەکەم وتم کە کارەکەمان دەبەینە کۆڵانەوە و تا هەموو کەسێک بزانێت ئێمە کار دەکەین، بۆ پەیداکردنی بژێویمان، لەگەڵ کچەکەم و چەند ژنێک کارمان کردو هاتینە کۆڵان، لە ئێستادا مشتەرییەکانامن زۆر بە باشی پێشوازیمان لێدەکەن و کڕیارمان زیاتربووە، ئامانجمانە لە داهاتودا بتوانین پڕۆژەکەمان گەورەبکەین و چەندین ژنی دیکە بخەینە سەرکار، لە ئێستادا خواردنە کوردەوارییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە ئامادەدەکەین، پاشان کاری هەویریشی لەگەڵدا ئەنجامدەدەین، پێویستە هەموو ژنێک سەربەستانە و پێکەوەیی کارەکانیان ئەنجامبدەن و لە ماڵەکان بێنە دەرەوە، بە سەربەرزی و بەبێ بوونی دوودڵی کار بۆ دابینکردن و سەربەخۆی خۆیان بکەن و لەبەردەم بەربەستەکاندا بوەستنەوە، بە ئامانجی ئەوەی ژنان لە ماڵەکانیان بینەدەرەوە ئێمە هاتوین وببینە هیوایەک بۆ ژنانی دیکە.

 

بەشداری دوو فیلمی کردووەو لەگەل دایکی کار دەکات

شانیا ساڵح وتی: دانیشتووی شاری سلێمانیم دەرچووی بەشی زمانم بڕوانامەی ''بزنزگایی نێودەوڵەتی بۆ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی'' کاری شانۆیش دەکەم لەزۆربەی فلیمە سینەمایەکاندا ڕۆڵی سەرەکیم هەبووە،لەفلیمی ''کفن،شین'' بەشداری چەندین دراما و بەرنامەم کردووە بەردەوام هەوڵمداوە خاوەنی کارێکی سەربەخۆیی خۆم بم، شانازی بەکارەمەوە دەکەم، ماوەی ساڵێکە لەگەڵ دایکم کاری هەویر دەکەین، بیرۆکەی کارەکەمان ئەوە بوو کەکاری هەویرو خواردن دروست کردن بکەین، هەلی کار بۆ چەندین ژنی تر بڕەخسێنین، شەش ژن لامان کاردەکات ئەگەر ئەوان نەبن ناتوانین کارەکەمان بکەین بەوانەوە جوانین کاری هەویرەکانمان بریتیە لە''کەلانە و کولێرە و کولێرە بەکونجی و کولێرە بەگوێز و کولێرەی بەجۆ و کولێرەی بەڕۆن و کولیرە پەنجە کێشی''خواستێکی زۆری لەسەرە بەتایبەت کەلانەکەمان، بن و کولیرە پەنجە کێشی''خواستێکی زۆری لەسەرە بەتایبەت کەلانەکەمان، بێجگە لەئیشی هەویر خواردنە کوردەوارییەکان وەک''کفتە و کوبە و سەروپێ'' و ئیشی هەویر وەک کولیجە بەگوێزو کولیچەی خورماو شیرینی  دروست دەکەین، خواردنەکانمان خواستێکی زۆری لەسەرە گەیاندنمان بۆ ناو شاری سلێمانی هەیە.

 

''بەهۆی کەم دەستیەوە کارەکەمان لەبەردەم مالی خۆمانە''

ئەوەشی خستەڕوو،شوێنی کارەکەیان لەگەڕەکی مەجیدبەگ لەبەردەرگای ماڵی خۆمینە دوکانیان نیە چادرێکمان هەڵداوە، وتی: ئەو کەسانەیی موشتەرین ڕێگەیان دوورە بۆیان دەگەیەنین، هەندێکی تریان خۆیان دێن دەیکڕن، ڕۆژانە لەکاتژمێر٤:٠٠ی ئێوارە تاکاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارە، لەوەرزی زستاندا زووتر دەستپێدەکەین بەکارەکەمان لەوەرزی زستاندا ڕێگری باو و بۆران زۆرە بۆ ئێمە ناتوانین بەتەواوی کارەکانمان بکەین کاری کەلانەکە زۆرکات لەماڵەوە دەکەین ئەمەش بارگرانی زۆری دروست کردووە بۆ سەرمان، هاوڵاتیانی گەڕەکەکەمان و هاوڵاتیانی تریش بەردەوام پشتگیریمان دەکەن و پاڵپشتمانن ئەگەر ئەوان نەبێت ئێمە ناتوانین کارەکانمان بکەین، خۆشەویستمان بۆ کارەکەمان وایکردوە بەرگەیی سەرما و گەرمایی تاقەت پڕوکێنی هاوین بکەین.

 

شانیا ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە پاڵپشتی و توانای دارایمان نییە لە بتوانین دوکانێک دابنێن بۆیە کارەکانمان بەتەواوی بکەین و ڕزگارمان بێت لەگەرماو سەرما کەڕێگریەکی زۆرە بەهۆی باران و بەفرەوە، لەداهاتوودا بەتەماین پڕۆژەکەمان گەورە بکەین و نانی بەیانیان و نیوەڕان پێشکەش بکەین و خواردنە کوردەواریەکانیش پێشکەشی هاولاتیان ، لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەگەر بۆمان بگونجێت لەبەرنامەمەدایە چەندین هەلی کار بۆ ژنانی دیکە بڕەخسێنن، شەوانە من و دایکم لەماڵەوە شیرینی و خواردن دروست دەکەین بەڕۆژ کاری کولێرە دەکەین، پەیامی کۆتایی من بۆ ژنان کەدەڵێن ئیش نیە نەخێر ئیش هەیە ئێمە لە بیرۆکەیەکی بچوکەوە دەستمانپێکرد ،حەزدەکەم هەلی کارێکی زۆر بۆ ژنان بڕەخسێنن ببنە خاوەنی دارایی خۆیان.