سەرەڕای هێرشەکانی تورکیا، بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوامە

هەرچەندە هاوڵاتیان لەپێناو بەرەوپێشچوونی بەرهەمی خۆماڵی و دەوڵەمەندکرنی ژێرخانی ئابووری هاوڵدەدەن، بەڵام هێرشی داگیرکەران مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاوڵاتیان نەوەستاون لە هەوڵەکانیان و داوا دەکەن حکومەت و دەسەڵات ڕێگە بە داگیرکەران نەدات بەرهەمی خۆماڵی لاواز بکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی - سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیان بە گشتی و هەنگەوانان بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی بەرووبوومی خۆماڵی نەوەستاون، هەنگەوانان بە مەبەستى بەخێوکردنی هەنگەکانیان ساڵانە لە وەرزى هاویندا ڕوودەکەنە چیا و ناوچە کوێستانییەکان، بەڵام بە هۆی ئەوەی کارەکانیان لەناوچە شاخاوییەکاندایە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەسەر ئەو ناوچانە هەیە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

 

ژنان کاری هەنگەوانی دەکەن

ساکار حەمە کەریمی ٢٨ ساڵ کە دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵە، ماوەی شەش ساڵە کاری هەنگەوانی دەکات و یەکێکە لە ژنە هەنگەوانەکانی کوردستان کە بەشداری لە فێستیڤاڵی هەنگەوانانی سلێمانیدا کردبوو تایبەت بە کارەکەی و مەترسییەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ژنها وتی: "بەر لە خوێندن لە کۆلێژی کشتوکاڵ خولیام بۆ بەخێوکردنی هەنگ هەبوو، کۆتا ساڵی خوێندن بە هاوکاری مامۆستایەکی خۆم توانیم دەست بکەم بە کاری بەخێوکردنی هەنگ، سەرەتا دوو سندوق هەنگم هەبوو بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە سەد سندوق هەنگم هەیە"،

باسی لەوەشکرد لە ناوچەی شارباژێڕ لە گوندی بێورێ هەنگ بەخێو دەکات جیا لە هەنگەڵانەکانی خۆی سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی هەنگەڵانی هاوڕێکانی دەکات لە دێیەک بە ناوی قزلەر لە بناری پیرەمەگرون هەروەها لە بناری قەندیل.

ساکار باسی جۆرە جیاوازەکانی هەنگوینی کردوو ئاماژەی بەوەدا، بە پێی جۆری گوڵەکە هەنگوینەکە دەگۆڕێت هەیە مزر دەبێت یاخود جیڕ دەبێت بەهۆی گوڵێکەوە کە پێی دەوترێ گوێنی، ئاماژەی بەوەدا باشی و سروشتی بوونی هەنگوینەکان دەکەوێتەوە سەر ئەو ناوچەیەی لێی بەرهەم دێت بۆ نمونە ناوچە شاخاوییەکان باشترە لە ناوچەی دەشتاییەکان و ناوشار.

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسییە بۆ لەناوچوونی بەرهەمی خۆماڵی و سستبوونی ژێرخانی ئابووری

لە درێژەی قسەکانیدا ساکار ڕایگەیاند، ژن و پیاو لە کارکردندا پێویستە هەست بە جیاوازی نەکەن هەروەها دەڵێت: "زۆرکات پێم دەڵێن ناترسی لەو هەنگانە بەڵام لە وەڵامدا پێیان دەڵێم پێویست بە بوونی هیچ ترسێک ناکات چونکە بە خۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم و پێویست ناکات لێیان بترسین".

دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ساکار ئەوەی ڕوونکردەوە کە بەردەوام هەبوونی ئەو تۆپبارانکردنانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کاری کردووەتە سەر کاری هەنگەوانەکان وتی: "زۆرکات گوێبیستی هاوڕێکانم دەبم کە باسی لێوەدەکەن هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەنگەکان هەروەها مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست دەکات و وایان لێدەکات بترسن و بکشێنەوە لە کاری هەنگەوانی ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ و سستبوونی ژێرخانی ئابووری وڵات، هەر بۆیە پێویستە حکومەت و دەسەڵات ڕێگری بکات لەو هێرشانە لە پێناو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ".

 

"هاوڵاتیانی قەندیل بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی هەنگوین"

عەبدوڵا ئیبراهیم و منداڵەکانی وەک خێزانێک کە لە ناوچەکانی بناری قەندیل دەژین سەرقاڵی کاری بەخێوکردنی هەنگن، لەگەڵ ئەوەی کاری هەنگەوانی کارێکی قورسە و لەگەڵیشیدا بەردەوام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان لەسەرە بەڵام ئەم خێزانە نەوەستاون لە هەوڵدان، بەردەوام هەوڵدەدەن بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینی سروشتی لە شاخەکانی قەندیل، تا بیگەیەننە هاوڵاتیانی ناوچەکانی دیکە و سود بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن.

ئەو هەنگەوانە دەڵێت: "تۆپ بارانکردنەکانی دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها مەترسی بۆ کارەکانمان هەیە بەڵکو مەترسی بۆسەر ژیانیشمان هەیە، و منداڵەکانمان هەمیشە لە ترسدان"، ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار هەنگەکانیان بە هۆی تۆپبارانکردنەوە لەناوچوون، هاوڵاتیان مەڕوماڵاتیان لەناو چووەو تا ئێستا هیچ لایەنێکیش نەهاتووەتە دەنگ، بۆیە ئەرکی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر هاوڵاتیانی بێتە دەنگ.