قەیرانی دارایی لە سودان خراپتر دەبێت

لەگەڵ بەردەوامی ململانێکان لە سودان، قەیرانی ئابووری بەرەو خراپتر دەچێت و توانای کڕینی هاوڵاتیانیش لە کەمبوونەوەدایە.

میرفەت عەبدول قادر

 

سودان ـ قەیرانی ئابووری لە سودان ئیتر تەنها ژمارە نەبوو لە بارەی هەڵاوسان یان نرخی ئاڵوگۆڕ لە بولیتینەکانی هەواڵدا نییە، بەڵکو گۆڕا بۆ وردەکاریی ڕۆژانەی سەخت. دایکێک کە بە مانگەکان گۆشت لە لیستی کڕین دەردەکات، خوێندکارێکی زانکۆ کە خوێندنەکەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە بازاڕەکاندا کار بکات ئەگەر کارێکی دەستکەوت، جوتیارێک کە سەیری ئەو زەوییەی دەکات کە کشتوکاڵەکەی پەککەوتووە دوای ئەوەی ئامێرەکانی دزراون و بەرهەمەکەی سووتاوە، ئەمە شەڕی مانەوەیە بە هەموو ئەو واتایانەی کە وشەکەی هەڵیدەگرێت، ملیۆنان سودانی لە سایەی جەنگێکدا ئەنجامی دەدەن کە وڵاتەکەشی ماندوو کردووە و ئابوورییەکەی خستووەتە ناو یەکێک لە سەختترین قەیرانەکانی مێژووی هاوچەرخەوە.

 

لە خەرتوومەوە کە دڵی لێدەری ئابووری بوو، بۆ دارفور و کۆردۆفان و جەزیرە، کە دیارترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵین، تا دەگاتە بورتسودان کە لە کاتی ململانێکاندا گۆڕا بۆ ناوەندێکی کارگێڕی و ئابووریی گرنگ، هەمان چیرۆک دوبارە دەبێتەوە، دراوێک بەهای کەم دەبێتەوە، نرخەکان بەردەوام بەرز دەبنەوە، هاوڵاتییەک بە تەنها لە بەرامبەر قەیرانێکدا وەستاوە کە خۆی دروستی نەکردووە.

 

کەواتە چۆن سێیەم گەورەترین وڵات لە ئەفریقا لە ڕووی ڕووبەرەوە، دەوڵەمەند بە سامانە کشتوکاڵی و کانزاییەکانی، گەیشتە ئەم لێوارە؟ چۆن ئابوورییەک کە وەک یەکێک لە ئابوورییە بەسودەکان لە ڕووی کشتوکاڵییەوە لە ناوچەکەدا سەیر دەکرا، گۆڕا بۆ ئابوورییەک کە ململانێ ماندووی کردووە و زۆرێک لە هاوڵاتییەکانی پشتیان بە هاوکاری و حەواڵەی نامۆ دەبەستن؟ باجی ڕاستەقینەی ئەو هاوڵاتییە چییە کاتێک توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دابینکردنی خۆراک و دەرمانی لە سایەی پێداویستییەکانی ململانێدا کەم دەبێتەوە؟

 

دکتۆرە هیبە محەمەد نور، بەرپرسی ئابووری وەڵامی ئەم پرسیارانەی بۆ ئاژانسەکەمان دایەوە، سروشتی قەیرانەکەی روونکردەوە، ئاشکرای کرد، کە چۆن ناڕێکییە ئابوورییە کۆنەکان لەگەڵ ململانێ وێرانکەرەکەدا کۆبوونەوە بۆ بەرهەمهێنانی یەکێک لە خراپترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخی سودان.

 

وتیشی: ئابووری سودان لە ماوەی درێژخایەندا بە چەندین قۆناغ و قەیراندا تێپەڕی، بەڵام قورسترین قۆناغ ئەوەیە کە ئێستا پێی دەڵێین ئابووریی جەنگ، چونکە هەمیشە نەبوونی سەقامگیری هەیە، چونکە نە سەقامگیری سیاسی هەیە و نە ئەمنی، لە ئەنجامدا سەقامگیری ئابووری نییە، چونکە بنەمای سەقامگیری ئابووری هەمیشە لەسەر سەقامگیری ئەمنی و سیاسی بونیاد دەنرێت.

 

ڕیشەی داڕمان... هاوردەکردن لە سەرووی هەناردەکردنەوە

هێبە محەمەد نور دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەی قەیرانەکە بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە لەگەڵ هەڵگیرسانی ململانێکاندا دەستی پێنەکرد، بەڵکو پێشتر ناڕێکی هەیكەلی پێشوەختە هەبوون کە ئابووری سودانی کردبووە لاواز لە بەرامبەر شۆکەکاندا، لە دیارترینیشیان لاوازی بەرهەمهینان و دابەزینی هەناردەکردنەکان بەراورد بە هاوردەکردنەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە سودان زیاتر لەوەی هەناردەی دەکات هاوردە دەکات، هەناردەکانی بە شێوەیەکی گەورە پاشەکشەیان کردووە، لە ئەنجامدا داهاتەکان کەم دەبنەوە، چونکە بەرهەمهێنانی تەواوی نییە کە پێداویستییەکانی دابپۆشێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەو ژمارانەی ئێستا لە ئارادان لەوانەیە بە تەواوی ورد نەبن بەهۆی دەرچوونی ناوچەیەکی بەربڵاو لە ژێر کۆنترۆڵ و پەککەوتنی دامەزراوە ئامارییەکان و سەختی کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بەڵام قەبارەی قەیرانەکە دەنوێنن، کە ڕێژەی هەژاری بە شێوەیەکی گەورە بەرزبووەتەوە، داهاتە گشتییەکان کەمی کردووە، لە کاتێکدا هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرز و ناڕێکدا ماوەتەوە، ئەو بابەتەی کە ڕاستەوخۆ ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ژیانی هاوڵاتییان.

 

هەروەها مەترسیدارترین دیاردەکانی داڕمانی گەڕاندیەوە بۆ تێکچوونی نرخی ئاڵوگۆڕ، کە هیبە محەمەد نور بە "شێواندنی هەیكەلی" پێناسەی دەکات، وتی: کێشەکە ئەوەیە کە بانکی ناوەندیی سودان پێویست بوو کۆنترۆڵکەری بازاڕی دراو بێت، بەڵام بەهۆی ململانێ و نەبوونی بەبەرهەمهێنان کێشەی بازاڕی هاوتەریب دەرکەوت و کاریگەر بووە بە شێوەیەکی گەورە لە دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕدا.

 

جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی هاوتەریب

ڕوونیکردەوە، کە جونیەی سودانی دابەزینێکی توندی بەخۆیەوە بینی لە بەرامبەر دۆلاردا، لەگەڵ بەرفراوانبوونی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی هاوتەریبدا، هەروەها نرخەکانی ئاڵوگۆڕ کە پێش ململانێکان لە دەوری سەدان جونیە دەخولانەوە بۆ دۆلار، لە قۆناغەکانی دواتردا گەیشتنە هەزاران جونیە، لەگەڵ جیاوازی نرخەکان بەپێی ماوەکە و سەرچاوەی مامەڵەکە.

 

وتیشی: ئێمە پێویستیمان بە دراو هەیە بۆ هاوردەکردنی گەنم و سووتەمەنی، کە دوانن لە زیاترین پێداویستییەکانی هاوڵاتی بەدەست بەرزبوونەوەی تێچوویانەوە دەناڵێنێت، کەواتە بانک لە کوێوە دراو دێنێت لە سایەی دابەزینی داهاتەکان و لاواز٠ی هەناردەکردندا؟ لەبەر ئەوە ناچار دەبێت پشت بە بەردەستبووەکانی باج و گومرک ببەستێت، لە کاتێکدا کەمی دراوی بیانی دەبێتە هۆی زیاتربوونی فشار لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە سودان بەشێکی گەورەی لە تواناکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لەدەستدا بەهۆی ململانێکانەوە، چونکە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی لە دارفور و کورده‌فان و جەزیرە، تووشی زیانی بەربڵاو بوونەوە لە ئەنجامی شەرەکان و ئاوارەیی و ڕووتکردنەوەی داراییەکان و پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن، هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵییەکانیش کاریگەر بوون بە سەختی گواستنەوە و بازارکردنیان، کرداری قاچاغچێتی و گۆڕانکاری لە ڕێڕەوەکانی بازرگانیی سنووردا دەرکەوتن، کە وڵاتەکەی بێبەش کرد لە بەشێک لە داهاتی هەناردەکردنی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە جامی عەرەبی، کە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە داراوییەکانی سودانی و داواکراوەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئەژمار دەکرێت، بەرهەمهێنان و بازارکردنی کاریگەر بوو بەهۆی ململانێکانەوە، چونکە پشتێنەی بەرهەمهێنانی بەسەر چەندین ناوچەی سوداندا درێژ دەبێتەوە، کە بەشێکیان تووشی تێکچوونی ئەمنی و پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی بوونەتەوە،  هەروەها ژێرخانی پلانی جەزیرە کە یەکێکە لە پڕۆژە کشتوکاڵییە گرنگەکانی وڵات زیانی بەرکەوتووە و بەرهەمی پەتاتە و بەرهەمی دیکەی بەروبووم کەمیکردووە، جگە لەوەش ناوچەکانی کانگاکردنی زێڕ کاریگەرییان لەسەر بووە و هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکە هەبووە.

 

بودجەی چەک دژی بودجەی نان

هیبە محەمەد نور هۆکاری دڕێیانی خەرجیی گشتی لەم قۆناغەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەختی هاوسەنگکردن لە نێوان پێداویستییەکانی ململانێ و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتییان، لە سایەی دابەزینی داهاتە گشتییەکان و بەرزبوونەوەی خەرجییە ئەمنی و سەربازییەکاندا، ئەو بابەتەی کە فشارەکان دوو بەرامبەر دەکات لەسەر خزمەتگوزارییەکان و کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، وتی: ئەگەر هەر هاوڵاتییەک سەرپشک بکرێت لە نێوان ئازادکردنی شارەکەی یان دابینکردنی خواردن و خوارنەوە بۆی، ئازادکردنی شارەکەی هەڵدەبژێرێت، چونکە زۆربەی دانیشتوانی خەرتووم و وود  مدنی پێویستیان بە ئازادکردنی ناوچەکانیان بوو بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە دوای ئەوەی ماڵەکانیان لەدەستدا، هەروەها هاوسەنگی ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە دەبێتەوە چونکە پێداویستییەکانی ململانێ کێبڕکێ دەکەن لەگەڵ پێداویستییەکانی خۆراک و تەندروستی و پەروەردە و دووبارە ڕێکخستنەوەی ژێرخان.

 

ئایا سودان برسی دەبێت؟

ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی سودان خاوەنی سامانە سروشتییە زۆرەکانە، بەڵام ئەوە ڕێگری نەکرد لە ڕوودانی برسیەتی لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی پۆلێنکردنی قۆناغ بە قۆناغی ئاسایشی خۆراک، کە ئاستی کارەساتباری لە نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە بەشێک لە ناوچەکاندا تۆمار کردووە، بەتایبەتی لە دارفور و بەشێک لە کۆدۆفان.

 

سەرەڕای تاریکی دیمەنەکە، هیبە محەمەد نور پێی وایە کە سودان خاوەنی پێکهاتەی کشتوکاڵی و ئاوی خۆیەتی کە دەتوانێت یارمەتی بدات لە تێپەڕاندنی قەیرانی خۆراکدا، بەڵام سوودوەرگرتن لەم سامانانە پێویستی بە دابینکردنی ئەمنییەت و سووتەمەنی و ئامێر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان هەیە، لەگەڵ ئاسانکاریی لە جووڵەی بەرهەمهێنان و بازرگانیدا.

 

ئابووریی سودان بە خێرایی چاک نابێتەوە

هیبە محەمەد نور ڕوونیکردەوە، کە چارەسەری ئابووریی سودانی درێژخایەن دەبێت، ناتوانرێت بە شێوەیەکی خێرا بەدی بێت، چونکە ئابووریی دوای ململانێ پێویستی بە دووبارە دروستکردنەوەی دامەزراوەکان و ژێرخان و گەڕاندنەوەی چالاکیی بەرهەمهێنان و بازرگانی هەیە، سەرباری چاکسازیی لە سیستەمی دارایی و بانکیدا.

 

ئیرادەی سیاسی و بەڕێوەبردنی ئابووری

جەختی لەوە کردەوە، کە کێشەکە لەو حکومەتەدا نییە کە دێت یان دەڕوات، بەڵکو کێشەکە لەو سیاسەتانەدایە کە حکومەتەکان پەیڕەوی دەکەن، چونکە چاکسازیی ئابووری پێویستی بە ورە و ئیرادە و ڕوون و دیدگایەکی لۆژیکی ڕوون هەیە، نەک تەنها قسەی سەر پەڕە.

 

هیبە محەمەد نور، بەرپرسی ئابووری ئاخاوتنەکەی کۆتایی پێدەهێنێت بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێگای بەرەو چاکبوونەوە سەخت و درێژخایەن دەبێت، بەڵام ئەستەم نییە ئەگەر ئیرادەی سیاسی و سەقامگیری ئەمنی و بەڕێوەبردنی ئابووریی ژیرانە بەردەست بێت، وتی: گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی دەرفەتی کار و چاكکردنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتییان بنەما ڕاستەقینەکانن بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی سودانی کە بتوانێت شوێنەوارەکانی ململانێکە تێپەڕێنێت.