مافوری كۆیە؛ شوێنێک بۆ بژێوی ژنان مەترسی داخستنی لەسەرە
هەر كە دەچیتە ناو كارگەی مافوری کۆیە چاوت بە ژنانی دەسترەنگین و لێهاتوو دەكەوێت كە چەندین مافورو وەرتەیان لەبەردەستە سەرقاڵی كارن، هەندێكیان هەموو ژیانیان لەو كارگەیە بەڕێكردووە.
شیا كۆیی
کۆیە-كارگەی مافووری دەستكردی كۆیە لە ١ی ئایاری ١٩٧١دامەزراوە ، كە ئێستا دەكەوێتە ناو سەنتەری شاری كۆیە، تا ئێستاش كارگەكە كراوەیە و ژنان كاری تێدا دەكەن، ئەوەی ئێستا هەیە كارگەكە هەروەك خۆیەتی و تەنیا چەند هۆڵێكی بۆ زیاد كراوە، كارگەی مافووری كۆیە لەكۆندا نزیكەی ٣٠٠ ژن كاریان تێدا دەكردو بەرهەمی یەك مانگی نزیكەی ١٠٠ مەتر دەبوو بەڵام ئێستا ٩٠٪ كارەكان كەمی كردووە.
چنین و نەخشاندنی مافوور بەدەستی ژنانی كۆیە نیوسەدەیە بەردەوامە لەكارەكانی كارگەی مافوری كۆیە شوێنێک بۆ پشوودان و بژێوی سەدان ژن بووە كە ٥٥ ساڵە لەكاركردن نەوەستاوە، ئیستا نزیكەی ٣٠ ژن كاری تێدادەكەن، بەڵام بەهۆی خانەنشین بوونیان و دانەمەزارندنی فەرمانبەر كارگە وا چۆڵ دەبێت، بۆیە پێویستە گرنگی بەو شوێنانە بدرێت و وەك جاران ژنان هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت.
"گەر کەس دانەمەزرێنن کارگەکە دادەخرێت"
بەهار شێخەعوسمان، ١٣ ساڵە كارمەندی كارگەی مافورە بەشێوەی گرێبەست كاردەكات، سەبارەت بە كارەكەی لە كارگەكە وتی: كارگەكە لە ساڵە ١٩٧١ دامەزراوە ئەوكات لەتەمەنی ٩ بۆ ١٠ ساڵی ژنانی گەنجیان وەرگرتووە، تا ئیستاش كاركردن لێرە بەردەوامە، هەرچەندە زۆربەی كۆنەكان خانەنشین بوون، و لە ٢٠١٣وە هیچ كەس دانەمەزراوەتەوە بۆیە ئیستا كارمەندمان زۆركەمترە بەراورد بە جاران، گەر بەو شێوەیە هەركەس دانەمەزرێنن ئەوكارگەش دادەخرێت چونكە زۆربەی گەورە بوونە، لەكاتێكدا ئەوكارگەیە زۆر گرنگە بۆژنان جگە لە سوودی ماندی لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونیشەوە هەست بە ئارامی وخۆشی دەكەی تێكەڵ بەژنانی دیكە دەبیت، ئێستا زۆر ژنی دیكە دەیانەوێت دابمەزرێن بەڵام دامەزراندن نییە.
بەهار وتیشی: ڕۆژانە لەكاتژمێر ٨:٠٠ بەیانیەوە دێین تا كاتژمێر ١:٠٠ی نیوەڕۆ، هەموو ڕۆژانی هەفتە دەوام دەكەین، كارەكە قورسە بەڵام تا رادێی و فێر دەبیت، من سەرەتا زۆرم لا ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا زۆر لام خۆشە وكارەكەم خۆشدەویت، تا ئیستا كارگەی مافور لەهەندێک شارەكان ماون وەك(سلێمانی، هەریر ،كەسنەزان ، شەقلاوە، سۆران)، لەهەرێمی كوردستان وەك وڵاتانی دیکە ژنانیش بتوانن لەماڵەوە كاری چنینی مافور بكەن زۆرباش دەبوو، بەڵام لای ئیمە شتی وانییە.
"زۆربەی شوێنەوارەکانی کۆیەمان چنیوە"
دەربارەی پێویستی کات بۆ تەواوکردنی مافرێک وتی: هەندێك وەرتەی گەورە هەن بەساڵ ئینجا تەواو دەبێت، بەڵام بچوكەكان بە مانگێك تەواو دەبن، لەكارەكانمان زۆربەی شوێنەوارەكانی كۆیە وەك قشڵەو چوارتاقان وئەوشوێنانەمان چنیوە، وهەركەس بێت داوای وێنەیەك بكات دەتوانین بۆی بكەینەوە خۆی بەسمەكەمان بۆدێنێت، سەرەتا كەزیەكەی واتە رایەڵەكان دەكەین پاشان دەست بەنەخشەكان دەكەین و بەپێی خواستەكان چیان بوێت دروستی دەكەین، جیاوازی ئەوچنینە لەگەڵ ئەو مافورو پاراچانەی دیكە لەبازاڕ دەكرێن زۆرن ئەوانە كاری دەستن و رایەڵەیان ئەستورە هیچیان لێ نایەت، بەڵام ئەوانەی لەبازار هەیە هەمووی بە ئامێر كراون.
"شوێنێکی مێژوویی و کولتوورییە"
گوڵاڵە عوسمان ١٨ ساڵە لەكارگەی مافور کار دەكات وتی: سەرەتا ئیشەكە زۆرگران بوو، پێم وابوو فێرنابم، بەڵام ئیستا زۆر شارەزام لەكارەكەم و زۆریش خۆشحاڵم بەكارەكەم، كارەكانمان باس لە كولتووری رەسەنی كوردی دەكەن و زۆر خەڵك دێن بۆ بینینیان، زۆربەی كات لەزانكۆ و قوتابخانەكانیش قوتابیان دەهێنن تا ئەو شوێنە میژووی وكولتووریە ببینن تا بوانن چۆن ماری چنین دەكرێت، لە كۆندا كە ئەو كارگەیە دامەزراوە هەلی كاری زۆر رەخساندووە بۆ ژنان هەمانە لەتەمەنی نۆ ساڵیەوە لێرە كاردەكات وبەشێكی زۆریان لێ خانەنشین بوون، زۆر حەزیان لەكارەكە بووە چونكە لە ڕووی ئابووری بۆیان باشبووە هاوكات كەهاتۆتە دەر لەگەڵ ژنان تێكەڵ بووە، بۆ ئەو جێی خۆشی بووە.
نەمام لەتەمەنی نۆ ساڵییەوە لە كارگەی مافوری كۆیە كاردەكات
نەمام حەمەد مستەفا یەكێک لە فەرمانبەرەكانی كارگەی مافوری كۆیە، لە شاری كۆیە لە دایكبووە و ساڵی ١٩٧٩ لە كارگەی مافووری كۆیە دەست بەكاربووە وتی: لەتەمەنی نۆ ساڵیەوە من لەوكارگەیە كاردەكەم، سەرەتا كەهاتم خوشكێكم لێرەبوو یەك كاتژمێر لای دەبووم تا فێری كردم، كەهاتم چونكە ئیشەكەم دەزانی وەریان گرتم، لەوكاتەوە بەردەوامم لە چنینی مافور، كارەكەم زۆر لا خۆشەویستە كەبەدەست و پەنجەی خۆم كاردەكەم زۆرخۆشە كە چاوت لەدەستی كەس نییە ماڵ و منداڵی پێ دەژێنیت وخۆتی پێ بەڕێوەدەبەی.
"ئامێرەکان زیانی هەیە بۆمان و بریندار دەبین بەڵام کارکردن شانازییە بۆ ژن"
سەبارەت بەجیاوازی جاران وئیستا لەكارەكەیان نەمام وتی: جاران كارەكەمان خۆشتر بوو ٢٠٠ تا ٣٠٠ ژن لێرە كاری دەكرد، راستە ئەوكات موچەكەمان كەم بوو بەڵام بەبەركەت بوو بەشی دەكردین، لەكاتژمێر ٨:٠٠ بەیانیەوە دەهاتین تا كاتژمێر ٣:٠٠ دوانیوەڕۆ و نیوەروان لێرە خوارنگەمان هەبوو. نانمان دەخوارد زۆر دڵخۆشبوین، پاداشتمان هەبوو كەكاری زیادەمان دەكرد، كاركردن زۆرخۆشە جێی شانازیە بۆژن كە كاری خۆی هەبێت، هەرچەندە كاری مافوور چنین زۆر قورسە، بەو ئامێرانەی بەكاری دێنین وەك (مقەس و راستەو مەزرەب وختافە..)وئەوانە زۆرجار دەبێتە هۆی برینداربون وبرینی دەستمان، چاوت توشی كەم بینی دەبێت ونەخۆشی پشت هێشەو هەستیاریمان بۆدرووست دەبێت بەهۆی ئەو داوو خوریانەی بەكاری دێنین.