لەیلا سارۆخان: ئامانج لە بە بڕینی ئاو زیادکردنی هەژارییە
لەیلا سارۆخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاوەدانی ڕایگەیاند، ئامانج لە بڕینی ئاو زیادکردنی هەژارییە، ئێمە ئامانجمان پەرەپێدانی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی ئابووری کۆمەڵایەتییە.
ڕۆناهی نودا
حەسەکە- لە سووریا دوو بەشی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەیە، یەکێکیان نەوتە و ئەوی تریان کشتوکاڵە، ئێستا دۆخی کشتوکاڵی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی بڕینی ئاوەوە خەریکە مەترسیدار دەبێت، هەروەها دۆخی نەوت خراپە، چونکە دەوڵەتی تورکیا بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ناوچەکە زۆرێک لە بیرە نەوتییەکانی کردە ئامانج.
لەیلا سارۆخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاوەدانی، تیشکی خستەسەر بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی بەشە سەرەکییەکانی ئابووری ناوچەکە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هەژارییەو وتی: لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ هێرشی توند بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا. ئامانج لەم هێرشانە ئاوارەبوونی خەڵک و گۆڕینی دیمۆگرافیاو و بڵاوکردنەوەی هەژاری بوو، هەموو شوێن و کارگە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کرانە ئامانج و وێران کران، جگە لەوەش لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئاوی ناوچەکەی بڕیوە، ئەم ئاوەی کە دەبڕێت هی سووریایە، بۆیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە هەیە.
"بونیادنانی سیستمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری زۆر پێویستە"
لەیلا سارۆخان وتیشی: هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەی دوو ساڵەی خۆمان ئەنجامدا، بەو ئامانجەی ئێمە وەک دەستەی کشتوکاڵ و ئاودەرانی بتوانین وەڵامی ئەم قۆناغە بدەینەوە کە هەرێمەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری جووتیاران بکەین، جێگای سەرنجی ئەم دیدارە ئەوە بوو کە ژمارەیەکی باش لە جووتیارانمان لەخۆ گرتبوو بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەختی و داواکارییەکانیان بزانین و یارمەتیان بدەین، ویستمان پێکەوە هێڵێکی ستراتیژی دابڕێژین بۆ بونیادنانی سیستمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریمان و هەمووان ئاگاداری کاری یەکتر بن.
"ئامانجمان پاراستنی هەرێمە لە قەیرانی ئابووری"
لەیلا سارۆخان سەرنجی بۆ ئەو ئەنجامانە ڕاکێشا کە لە کۆبوونەوەی دوو ساڵەدا بەدەست هاتوون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێناو وتی: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێکی زۆر درا، هەموویان خزمەت بە جووتیاران دەکەن و هاوکاریان دەکەن، بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان، چونکە کاتی ئەوە هاتووە جووتیاران پەتاتە بچێنن, پێویستە لە هەموو ناوچەکانمان چالاکی نەمام چاندن هەبێت، هاوکاری ئەو جووتیارانە دەکەین کە زەویەکانیان سووتاوە و پشتگیریان دەکەین بۆ هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان، وەک دەستەی کشتوکاڵ و ئاوەدانی کاردەکەین بۆ یارمەتیدانی جووتیاران و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمەکەمان لە قەیرانی ئابووری ڕزگار بکەین، چونکە هەمووان دەزانن کە هێرش دەکرێتە سەرمان، ناوچەکەمان گەمارۆدراوە، هەر بۆیە دەستمان دەخەینە دەستی جووتیاران و پێکەوە کاردەکەین.