''لە پێناو هاوڵاتیان پێویستە بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەین''

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی بەشی زانستی خۆراک لە کۆلێژی تەکنیکی هەڵەبجە، لە ئێستادا خەریکی دروست کردنی بەرهەمی دەستی خۆیانن و لە فێستیڤاڵە پیشەییەکاندا بەشداری دەکەن.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە-ژنان هەمیشە هەوڵیانداوە بەرهەمی خۆماڵی بەرەوپێش ببەن و لە مێژە تا ئێستا پارێزەری بوون، لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت خاوەن کاری سەربەخۆ بن و داهاتیان هەبێت لە خەمی بەرهەمە خۆماڵییەکانیشدان و دەیانەوێت لەبری هاودەرکردنی بەرهەمی پڕ کیمیایی وڵاتانی دەرەوە پەرە بە بەرهەمی سروشتی ناوخۆ بدرێت، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی بەشی زانستی خۆراک لە کۆلێژی تەکنیکی هەڵەبجە، لە ئێستادا خەریکی دروست کردنی بەرهەمی دەستی خۆیانن و لە فێستیڤاڵە پیشەییەکاندا بەشداری دەکەن.

 

 ''ئێمە هەڵساین بە دروست کردنی چەند بەرهەمێک بۆ پێشانگای بەرهەمی خۆراک''

ژینکۆ ئەمین، خوێندکاری قۆناغی  چوار لە بەشی کوالێتی خۆراک و زانست، لەگەڵ سێ هاوڕێیدا لە سلێمانی بەشداری پێشانگایەکی بەرهەمی خۆراکیان کرد، کە بەهۆی سەرنج ڕاکێشانی کڕیارانەوە بڕیاریانداوە ئەگەر پاڵپشتی بکرێن بەردەوان بن، وتی: ئێمە هەڵساین بە دروست کردنی چەند بەرهەمێک بۆ پێشانگای بەرهەمی خۆراک، کە لەوێ توانیمان چەند بەرهەمێکی دەستی خۆمان نمایش بکەین، هەروەها ئێمە سێ خوێندکارین  و بە سابون بەشداربوین وچەندین سابونمان دروست کردووە، کە سەرجەمیان کوالێتییان زۆرباشە، بە جۆرێک دروستمان کردووە کە لەگەڵ پێستدا بگونجێت و هیچ زیانێک بە پێست نەگەیەنێت، هەروەها بۆ پاک ڕاگرتنی پێست و نەهێشتنی چەوری و دووڕەنگی پێست سابونی کونجی و شیری بزن و ڕەشکەمان هەیە کە سەرجەمیان ئەو ڤیتامینانەی تێدایە کە بۆ پێست گونجاوە.


         


        

''داواکاری هاوڵاتییان وایکرد پەرە بەکارەکەمان زیاتر بدەین''

وتی: ئێمە لە بەرهەمە خۆراکییەکاندا دروست کردنی سابوونمان خوێندوە، کە چۆن لە کونجی و ئەو بەرهەمانەی کە زەیتیان لی دەردەهێنریت، بتوانین سابوون دروست بکەین، ئەمانەش هەم لایەنی کۆزمەتیک هەم لایەنی تەندروستی خۆراک دەگرێتەوە، هەروەها بیرۆکەی بەشداریکردنمان دەگەڕێتەوە بۆئەوکاتەی کە بڕیاردرا وەکو کۆلیژەکە بەشداری پیشانگای زانستی خۆراک بکەین، ئێمەش وتمان ئێمە دروست کردنی سابوونمان خوێندووە و دەتوانین شتی جیاوازو جوان پیشکەش بکەین، بۆیە هەوڵماندا بەرهەمێک پێشکەش بکەین کە سوودی تەندروستی تیادابیت لەهەمان کاتیشدا کوالێتی بەرزبێت، هەروەها خواست لەسەر بەرهەمەکانیشمان زۆر بوو بەتایبەت سابوونی شیری بزن، بۆیە داواکاری هاوڵاتییان وایکرد پەرە بەکارەکەمان زیاتر بدەین، هەروەها ئێمە هێشتا دەرنەچووین و هێشتا لە قۆناغی خوێندنداین و قۆناغی کۆتاییمانە، بۆیە ئەگەر پشتگیری بکرێین و ئەزموونی ئیشەکەبکەین دەتوانین پەرەی پێبدەین، بەجۆرێک دەتوانین بیکەینە براندێکی بچووک بۆخۆمان و لەداهاتووشدا گەورەیی بکەین، هەروەها بێجگە لە سابوون بە بەرهەمی سروشتی وەکو مرەبای بەڕوو و سریلاکی منداڵان بەشداربووین.


         


        

''ئەگەر پشتگیری بکرێین ئەوا دەتوانین بەرهەمی باشتر و جوانتر بخەینە بازارەکانەوە''

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئیێمە خۆمان کوالێتی خۆراکمان خوێندووە، بۆیە باشترین خۆراک و بەرهەم پێشکەش دەکەین، چونکە لە توانا و زانییارییەکانی خۆمان ڕادەبینین، هەروەها ساردی وگەرمی تاقیگەکەیان تەواو نیە ئەمەش یەکێکە لو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە کاتی کارکردندا، هەروەها لەسەر ئەرکی خۆیان بەرهەم دروست دەکەن، ئەمەش وادەکات لە ڕوی ماددییەوە زۆریان لەسەر بکەوێت، چونکە بە نرخی تاک پێدایستییەکان لە بازاڕدا دەکڕن، بۆیە ئەگەر پشتگیری بکرێین ئەوا دەتوانین بەرهەمی باشتر و جوانتر بخەینە بازارەکانەوە.