لەنیا گەنجێکە و خاوەن فرۆشگای خۆیەتی

هەرچەندە بەربەست و ڕێگری بۆ ژنان هەن بەتایبەت لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، بەڵام ژنانی گەنج خۆیان پەروەردە کردووە، لە ڕێی تواناکانیانەوە خۆیان بۆ کۆمەڵگە سەلماندووە و بوونەتە خاوەن کار و پیشەی خۆیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئەو هێزەی لە ژندا هەیە هێزێکی شاراوەیە، تەنها پێویستی بە هەوڵدانە بۆ دەرخستنی، ژنان بێ جیاوازی تەمەن، ئاین و نەتەوە هەوڵ و هێزی شاراوەیان هەیە،  بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمەشە وایکردووە کۆمەڵگە و ڕەگەزی بەرامبەر لە تواناکانی ژنان سڵ دەکەنەوە، لە باشووری کوردستان چەندین ژنی گەنجی چالاک هەن کار دەکەن و پەرەیان بە تواناکانی خۆیان داوە، تەنها بەو هیوایەی بگەنە ئەو ئامانجەی هەیانە.

 

ژنێک تواناکانی لە منداڵییەوە لەگەڵیدان

لەنیا کامەران، تەمەنی ٢٢ ساڵە و  یەکێکە لەو گەنجانەی لە تەمەنێکی کەمدا بووەتە خاوەن فرۆشگای تایبەت بە خۆی، مێژووی دەست بە کاربوونی لە زاری خۆیەوە دەگێڕێتەوە و تایبەت بە نوژنها ڕوونیکردەوە، لە خوێندندا پەیمانگای دەرمانسازی تەواو کردووە، بەڵام کاری ڕاگەیاندن دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی فرۆشگای تایبەت بە خۆیەتی بە ناوی "بۆن فرۆشی جودی".

 

لەنیا لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستی کردووە بە کاری ڕاگەیاندن و پێشکەشکار و ئامادەکاری بەرنامەی منداڵان بووە، پاشان بەهۆی خوێندنەوە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی وازی لێهێناوە، لە دووەم ساڵی پەیمانگاوە دەستی کردووە بە کارکردن و لە بازاڕی سلێمانیدا بووە.

 

جگە لە خوێندن کارکردن بووەتە بەشێک لە ژیانی لەنیا

دەربارەی خولیای بۆ کاری ڕاگەیاندن وتی: لە منداڵییەوە حەزم لە کاری ڕاگەیاندنە، هەمیشە هەستم کردووە دەتوانم لەو ڕێیەوە کەسانی بە ئەزموون بناسم و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەم".

 

لە دووەم ساڵی پەیمانگاکەی دەستی کردووە بە کاری فرۆشتنی بۆن، لەگەڵ ئەوەشدا کاری ڕاگەیاندن و خوێندنیشی ئەکرد، بێگوومان ئەرکێکی قورسە کە لەسەر شانی بووە بەڵام توانیویەتی کاتەکانی دابەش بکات بۆ خوێندن و کارەکانیشی، دەڵێت: خوێندن و کارکردن قورسە پێکەوە، ئەگەر دوو کاریش بکەیت قورسترە، بەڵام بە ڕێکخستنی کاتەکانم توانیومە سەر بکەوم بەسەر زەحمەتییەکاندا".

 

"کارەکانم تێکەڵاو بە خووێنم بوون"

هەرچەندە لەنیا تەمەنێکی کەمی هەبووە بەڵام درکی بەوە کردووە، کە دەبێت هاوکاری خێزانەکەی بێت ئەمەش وایکردووە دەست بکات بە گەڕان بە دوای کارێک کە لەگەڵ خوێندنەکەیدا بگونجێت، بۆیە کاری بۆن فرۆشی دەستکەوت، بەردەوامبوونی لە کارەکەی و خولیای بۆی، وایکرد لەنیا بۆچوونی دانانی فرۆشگای تایبەت بە هۆی بۆ بێت، دواتر هەوڵی بۆ دا ببێتە خاوەن فرۆشگایەکی تایبەت بە خۆی کە تیایدا بۆن بفرۆشێت.

 

بە پاڵپشتی خێزانەکەی توانی فرۆشگایەک بگرێت و تایبەت بە خۆی کاری بۆ فرۆشتن ئەنجام بدات، بۆیە ئەو فرۆشگایەی هەڵبژارد، چونکە سەرەتای کارکردنی لەو بوارەدا بووە و توانیویەتی فکرەی کارەکە وەربگرێت و تیایدا سەرکەتوو بێت، دەشڵێت: کاری خۆبەخشی لە نەخۆشخانە، ڕاگەیاندن و فرۆشگاکەی خۆشم دەکەم، هەموویان تێکەڵ بە خوێنم بوون، لەو پێناوەی سەرکەتوو بم هەموو کاتەکانم ڕێکخستووە".

 

لەنیا کامەران لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان نابێت واز لە خەون و هیواکانیان بهێنن، نابێت ڕێگە بدەن قسەی خەڵک و  هەندێک ڕێگری ببێتە هۆی وەستاندنیان، داواکارم لە ژنان هیچ کات نەوەستن لە هەوڵەکانیان، هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیان بدەن، چونکە بە پێشکەوتنی ژن کۆمەڵگە پێشدەکەوێت.