ئەژین ناوەندێکی گەشتیاری کولتووری لە هەورامان کردووەتەوە

ئەژین کاوە، ژنێکی ڕەنجکێشە و لە هەورامان پڕۆژەی گەشتیاری کردووەتەوە، دەڵێت: چاوەڕێی کەرتی تایبەت و حکومەتم نەکرد و بوومەتە سەرچاوەی هەلی کار بۆ گەنجان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەژین کاوە ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانییە، خواستی بۆ کارکردن و لەسەر پێ بوونی خۆی هەیە، بۆیە پرۆژەیەکی گەشتیاری لە بەڵخەی هەورامان کردووەتەوە و لە بواری بڕوانامەی زانکۆیدا کە وەریگرتووە، کار دەکات و هەلیکاریشی بۆ گەنجانی دیکە ڕەخساندووە.

 

ئەژین کاوە دوای ئەوەی لە زانکۆ تەواو بووە، حەزی بەوە بووە دوور لە کەرتی تایبەت و حکومی کارێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات، بۆیە داوای لە باوکی کردووە کە هاوکاری بکات و دەڵێت: هەوڵمدا جیاواز بین لە لە سەرجەم خواردنگە و چێشتخانەکان بۆ ئەوەی خزمەتێکی باش بە میوانەکانمان بکەین.

 

لە شوێنە گەشتیارییەکەیدا کلتوری کوردی پاراستووە

 لە هۆتیل و خواردنگە و ژەمەکاندا هەوڵیانداوە سەرجەم خواردنە کوردەوارییەکان کوردی بن، ئەژین کاوە، خاوەنی ڕێستۆرانت و ئۆتێل میریان وتی: ئێمە تەنها خواردنگەکەمان نییە، بەڵکو ژوورەکانی هۆتێلەکەشدا ژوورەکانمان کلتوری و بە جەوج و جاجم و سنوقی بۆراقی کۆن ڕازاندوومانەتەوە بۆ میوانەکانمان بۆ ئەوەی کولتوور و ڕەسەنایەتی خۆمان بیرنەچێتەوە، ئەو نەوەیەی ئێستا کە باوباپیرانیان بیرچووەتەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بیریان بخەینەوە و زیندووی بکەینەوە.

 

"سەرجەم کارەکانی هۆتێل و ڕیستۆرانتەکە خۆم دەیکەم"

ئەژین بە خۆشەویستییەوە لە کارەکەی دەڕوانێت و ئەو تەنها کاری سەرپەرشتیاری ناکات، بەڵکو وەک خۆی باسی دەکات خۆشەویستی بۆ کارەکەی وایلێکردووە ئەرکی پاکوخاوێنی و خواردن دروستکردن و پلاندانان و داواکاری تایبەت بەڕێوەبەرێت و کارەکانی ڕاپەڕێنێت، ئەگەرچی ئەمە ئەرکی ئەژینی قورس کردووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەپەڕێنێت.

 

پێویستە ژنان خۆیان بدۆزنەوە بەهرەیان لە چیدا هەیە

ئەژین کاوە داوا لە ژنان دەکات کە بێنە دەرەوە چاوەڕێی دەستی کەسوکار و حکومەت و کەرتی تایبەت نەبن، دەڵێت: وەرن داهێنان لە بڕوانامە و بەهرەکانیاندا بکەن، چونکە ژنانی ئێمە ئازا و بوێرن و هیچ کارێک زەحمەت نییە، تەنها بڕوا بەخۆبوون و لەسەر پێ وەستانی خودی پێویستە.

 

هۆتێل میریان دەکەوێتە ناوچەی هەورامان و ناوەندی گوندی وەزەنێ و بەڵخە کە بەهۆی پاکوخاوێنی و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن ژنێکەوە گەشتیاران بەردەوام سەردانی دەکەن.