گروپی هاوڕێی کشتوکاڵ بۆ پەرەدان بە بەرهەمە خۆماڵییەکان
سێ ژنی گەنج دوای تەواوکردنی کۆلێژی کشتوکاڵی توانیویانە لە بوارەکەی خۆیاندا هەلیکار بۆخۆیان دابین بکەن و پەرە بە بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆماڵی بدەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- خوێندکاران و گەنجان لە دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتەوە دوای تەواوکردنی خوێندنیان نائومێد بوون، بۆیە هەوڵدەدەن ئەو بوارەی کە تیایدا دەخوێنن، بەکاربهێنن بۆ دەستکەوتنی کار و داهات، سێ ژنی گەنج بە ناوەکانی بوشرا ئیبراهیم، تافان حسێن و ئایندە کەمال، توانیویانە یەکێک بن لەو نموونانەی کە بڕوانامەکانیان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بەکارهێناوە.
ئەو سێ هاوڕێیە لە پێشەنگا و هەفتە بازاڕەکانی کوردستاندا چەندین جار بەشدارییان کردووە، ناوی خۆیان ناوە "هاوڕێی کشتوکاڵ" کە سەرجەمیان دەرچووی بەشی کشتوکاڵن و بەرهەمەکانیشیان سروشتی و خۆماڵییە، وک، دۆشاوی گەزۆ، تووی سپی و ڕەش، سرکە و بەرهەمی دیکەی گیایی و چەندانی دیکە.
تافان حسێن لەبارەی کارەکانیان و بەشدارییان لە پێشەنگاکاندا ئاماژەی بەوەدا کە پێشەنگاکان سوودی زۆریان هەیە و توانیویانە وەک ژنان بیکەنە هەلیکار و توانا و کاری خۆیان پەرە پێبدەن.
ئایندە کەمال، ئەندامێکی دیکەی هاوڕێی کشتوکاڵە، بەرهەمە دەستییەکانی خۆیان کە لە ماڵەوە دروستیکردووە، سەرەتای دەستپێکردنی کارەکانی بووە، وتی: پێویستە گرنگی بە بەشی کشتوکاڵی بدەین، چونکە هەموو خواردنێک پشت بە بەرهەمی کشتوکاڵی دەبەستێت.
ئایندە هیواخوازە ژنان کار و تواناکانیان پەرەپێبدەن "ئێمە سەرەتا لە ماڵەوە دەستمان پێکرد، دواتر کارەکانمان فراوان کرد، پێشەنگاکانیش سودی زۆریان هەیە و بەروبوومی خۆماڵی زیاتر دەخریتە بەرچاوی کڕیاران و بەرووبومی خۆماڵیش خالیە لە ماددەی پاراستن و زیانبەخش، چونکە بە دڵسۆزانە کاری بۆ دەکرێت.