کازیوە یەکەمین ژنە لە خورماڵ کافێیەک بکاتەوە

کازیوە لە خورماڵدا کافێیەکی کردووەتەوە و گەنجان و بە تایبەت ژنانی گەنج ڕووی تێدەکەن، دەشڵێت: بۆ گەشتن بە هەر ئاستێک لە ژیاندا پێویستە قوربانی بدەیت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە ئێستادا ژنان بە دوای کارە جیاوازەکاندا دەگەڕین و هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە لە کۆمەڵگەکەیاندا بوونی هەیە، شارەدێی خورماڵ ناوچەیەکی تا ڕادەیەک داخراوی باشووری کوردستانە، کە ژنان کەمتر دەرفەتیان بۆ دەگونجێت هەنگاو بۆ بەشداربوون لە لایەنی کار و لایەنەکانی دیکەی ژیان بکەن، لە ناوچەکەدا تا ئێستا کافێیەک نەبووە کە گەنجان و بە تایبەت ژنانی گەنج ڕووی تێبکەن و بتوانن کاتەکانیان تیایدا بەسەر ببەن.

 

کازیوە شاهۆ بۆ یەکەمجار ئەو هەنگاوە دەنێت و لە شارەدێیەکەدا "کازی کافی" دەکاتەوە تا گەنجان بتوانن ڕووی تێبکەن و ژنانی گەنج بە ئاسوودەیی کاتەکانیان بەسەر ببەن،

 

کازیوە شاهۆ، خاوەنی کافێیەکە، خەڵکی هەورامانە و دانیشتووی خورماڵە، باسی لەوەکرد، کە بیرۆکەی کافێیەکەی لەو کاتەدا بۆ هاتووە، کە لە زانکۆ بووە شوێنێک نەبووە ژنانی گەنج تیایدا بتوانن بە ئاسوودەیی دابنیشن، بۆیە بڕیاریداوە کە جێگەیەک بکاتەوە بۆ گەنجان.

 

پاش ئەوەی کازیوە پرۆژەکەی لەلا گەڵاڵە دەبێت هاوکاری بۆ کۆدەکاتەوە و تێچووی پڕۆژەکەی لەلایەن دەزگایەکەوە دەگیرێتە ئەستۆ، لە بارەی سەرەتای کارەکەیەوە دەڵێت: سەرەتا کە کارەکەم کرد وابیرم دەکردەوە کە بۆ خورماڵ دەبێتە جێگەی سەرنج، بەڵام پاشتر خەڵک پشتگیریان کردم، ڕۆژانە بە بەردەوامی خەڵک ڕوو لە شوێنەکە دەکەن، ئەمەش وام لێدەکات کە بەردەوام بم، چونکە لە مێژووی خورماڵدا یەکەم ژنم کە کافێیەک بکەمەوە.

 

کۆڵنەدان کلیلی سەرکەوتنە

کازیوە شاهۆ باس لەوە دەکات، کە بۆ گەشتن بە هەر ئاستێک لە ژیاندا پێویستە قوربانی بدەیت، وتیشی: من هەمیشە ماندوو دەبم بۆ ئەو کارەی هەوڵی بۆ دەدەم، بۆ ئەم کافێیەش زۆر هەوڵم دا و زۆر ماندوو بووم، تا بە ئامانجەکانم گەشتم.