میللەتێکی برسیکراو بە کەمە هاوکارییەک نابوژێتەوە

دۆخی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان تا دێت خراپتر دەبێت و بەرەو هەژاری دەڕوات، حکومەت بە مەبەست خەڵکەکەی برسی دەکات، ڕێگە خۆشکردنی سنورەکان بۆ هێرشکردن، دواتر وەک نمایش هاوکاری هاوڵاتیان دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەژاری جیاوازی چینایەتی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بە شێوەیەکی گشتی بەشی زۆرینەش هەژارن، هاوڵاتیان بێ کار و بێ خزمەتگوزارین، ڕۆژانی ژیانیان بە هیوای دەستکەوتنی کار و باشترکردنی دۆخی هەرێمەکەیان بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا بەشێکی دیاریکراو لە ئاستیکی باڵادا ژیان بەسەردەبەن.

 

هەژاری تاک بە تاکی هەرێمی کوردستانی گرتووەوە تا ئەو ڕادەیەی خێزانەکان منداڵەکانیان دەنێرنە سەر شەقامەکان و کاریان پێدەکەن، نەک تەنها منداڵ بەڵکو ژنان و پیاوانی بەتەمەن لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، هەوڵدەدەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، ئەم دۆخەی هاوڵاتیان تێی کەوتوون لە دەرەنجامی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی هەرێم سی ساڵە لەسەر میللەتەکەی بەڕێوەی دەبات، بە مەبەست خەڵکەکەی برسی دەکات و ڕێگە بە داگیرکاران دەدات هێرش بکات و سنور ببەزێنێت، خەڵکی لەو دۆخەی تیایدایە زیاتر بەرەو خراپی ببات تا ڕادەی ئاوارەبوون.

 

هەژاری لە دەرەنجامی ئاوارەبوون و بوونی بەڕێوەبردنێکی خراپی حکومەت سەرهەڵدەدات، بێگومان هەر ناوچەیەک هێرش و داگیرکاری تێدابێت هەژاری تێدایە، هەر ناوچەیەک دەستی دەرەکی، گەندەڵی و ڕێکنەخستنی ئابووری وڵاتی تێدابێت، هەژاری تێدادەبێت، لە ئەنجامدا حکومەت خەڵکەکەی هەژار دەکات، لە پاشان وەک نمایشکردن هاوکاری بەشێک لە هەژاران دەدات.

 

"ئەگەر خۆیان بە باوکی میللەت بزانیایە دەبوایا ئاگاداری دۆخیان بن، بەڵام تێر ئاگای لە برسی نییە"

بەناز خەسرەو، هاوڵاتییەکی باشووری کوردستانە، دەربارەی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و ئەو هەژارییەی تێی کەتوون ئاماژەی بەوەدا، خەڵکی لە دۆخێکی سەختی ژیاندان، بژێوی ژیان نەماوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، غاز و نەوت نین، دەڵێت: حکومەت ئاگای لە ژینی خەڵکی نییە، بێ ئاگایە چونکە هەر ئەوەندە تەماشای ماڵی خۆی و منداڵەکانی خۆی بکات کە چۆن دەژین و بەراوردی بکات بە منداڵی میللەتەکەی، دەزانێت خەڵکی لە چ دۆخێکدایە، حاڵی هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە بەڵام حکومەتی بێ ئاگایە لێیان، خۆیان بە خاوەنی نازانن.

 

ڕوونیکردەوە ئەوانەی موچەخۆرن بە چەندین مانگ و موچەیەک وەردەگرن، بەردەوام ترسیان لە نەمانی موچەکەیان هەیە، هەروەها چەندین کەسی دیکە هەن موچەخۆر نین، بژێوی ژیانیان نییە و نەخۆشن، لەبەر بێ پارەیی ناتوانن چارەسەری خۆیان بکەن، دەڵێت: حکومەت هۆکارە بۆ هەژاربوونی خەڵکەکەی، ئەمەش وایکردووە گەنجان ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن و بێ ئومێد بن، بۆیە ئەگەر بۆیان بەڕێوە ناچێت با وازی لێبێنن، چونکە کورد توانا و ئیرادەی هەیە، بەڵام حکومەت ڕێگرە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان بە یەک دەنگ داوای باشبوونی دۆخی ژیانیان بکەن چیتر چەوساندنەوە قبوڵ نەکەن.

 

"داهاتی هەرێم کەس نازانێت لە قازانجی کێدا بەکاردێت و میلەت نایبینێت"

لەتیفە محەمەدئەمین، وەک ژنێک دۆخی هاوڵاتیانی ڕوونیکردەوە و باسی لەوەکرد، دۆخی هاوڵاتیان تا بێت خراپتر دەبێت بەتایبەت ئەو خێزانانەی پیاوەکانیان مردوون و منداڵی بێ باوکیان هەیە، چونکە دەرفەتی کار بۆ ژنان دابین نەکراوە و دۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە، وتی "من لە خۆمەوە سەیر دەکەم و دەزانم خەڵکی چەند هەژارن، سەرتاپای هۆکارەکەی حکومەتە، چونکە داهاتەکان نابینین و نازانین بە کوێدا دەڕوات و بۆ کیی بەکاردەهێننەوە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا لەتیفە داوای لە هاولاتیان کرد بە یەک دەنگ بڕژێنە سەر شەقام و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، پێیوایە ژیان بەو شێوەیە ناڕوات هاوڵاتیان ئەوپەڕی بەرگە بگرن چەند ساڵێکی دیکەیە و توانایان نامێنێت.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر هۆکارێکی هەژاربوونە"

پەشێو خدر، دەربارەی دۆخی هاوڵاتیان و گەنجان ئاماژەی بەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر خەڵک هەژارە، گرانی و بێ کاری پێکەوە ژیانی هاوڵاتیانی خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە، دۆخی خراپی هاوڵاتیانی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ژنان و پیاوانی بەتەمەن یاخود منداڵان لەسەر شەقامەکان کار دەکەن، هۆکاری سەرەکیش حکومەتە دواتر هاوڵاتیان کە ئەم دۆخەیان قبوڵ کردووە، "منداڵ پێویستە بخوێنێت و داهاتوو بۆ خۆی بنیاد بنێت، بەڵام حکومەت ئەو منداڵانەی ناچار کردووە واز لە خوێندن بهێنن و کار بکەن، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم پێویستە بە جۆرێک میلەتەکەی بەڕێوەببات، منداڵان ناچار بە کارکردن نەبن، نەک ناچاریان بکات کار بکەن و دواتر بیانهێنێتە سەر شاشەکان و هاوکاریان بکات.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەشێو باسی لەوەکرد کردنەوەی سنورەکان و ڕێگەخۆشکردن بۆ هێرشکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر هۆکارێکی دیکەیە بۆ هەژاربوون و ئاوارەبوونی هاوڵاتیان، داگیرکاران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچە سنورییەکان ئەمەش بەشێک لە گرانی و هەژاری دروست کردووە.  

 

"هاوڵاتیان بوونەتە دوو چینی جیاواز، هەژار و دەوڵەمەند"

خۆشی عوسمان، دەربارەی چینایەتی لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد هەژاری و بەڕێوەبردنی حکومەتێکی بێ پلان کۆمەڵگەی کردووەتە دوو چین، هەژار و دەوڵەمەند، ڕێژەی هەژارەکان زیاترن، چونکە پێیوایە هاوڵاتیان هەژار کراون، حکومەت بە مەبەست بەو جۆرە هەرێم بەڕێوە دەبات، داهاتەکان بۆ میلەت بەکارناهێنێتەوە و بە پێچەوانەوە خزمەتگوزارییەکانیشی ڕاگرتووە.

 

پەشێو لە کۆتاییدا وتی: گرانبوونی بەهای دۆلار یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی هاوڵاتیان بەهۆیەوە هەژار دەبن و دەکەونە دۆخێکی سەختەوە، ئەم بەهایەش لە دەرەنجامی سیاسەتی حکومەتەکانەوە وایلێدەکرێت، یاخود ئەو داگیرکاری و هێرشانەی ڕوودەدەن دەبنە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر کورد و گرانبوونی شتومەک و دواجار هەژاربوونی هاوڵاتیان.