سۆما لە ڕێگەی فرۆشگاکەیەوە هاوکاری ئابوریی ژنانە
سۆما حەمە سەعید لە ڕێگەی فرۆشگاکەیەوە هاوکاری ئابوریی ژنانە و توانیویەتی بازاڕی کار بۆ ژنانی دەستڕەنگین بڕەخسێنێت، دەشڵێت: ئەگەر ژنان خواستیان هەبێت دەتوانن لە ڕووی ئابورییەوە خۆیان پێشبخەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- خورماڵ یەکێکە لە شارەدێیەکانی سەر بە شاری هەڵەبجە، بەهۆی دابونەریت و کولتووری داخراوی ناوچەکەوە ژنان نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە بازاڕی کاردا ڕۆڵیان هەبێت
سۆما حەمە سەعید ژنێکی گەنجە و لە ڕێگەی ڕێکخراوی سۆما بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و هاوکاری کە لە ساڵی ٢٠١٩ دایمەزراندووە، توانیویەتی لە شارەدێی خورماڵ هاوکاری لایەنی ئابوری ژنان بکات و لە ڕێگەی تاکە فرۆشگاکەیەوە بازاڕی کار بۆ ژنان دابمەرزێنێت.
سۆما لە ژووری ڕێکخراوەکەیدا سەرجەم کارە دەستییەکانی ژنانی نمایشکردووە و بە نرخی خوار بازاڕ بە هاوڵاتیانی دەفرۆشێت، لە بارەی کارەکەیەوە دەڵێت: بیرۆکەی کارەکەم لە شوێنە بچوکەکانەوە وەرگرتووە کە زۆربەیان دەستیان کردووە بەکاری چنین و دروومان، ژنان لە ئێستادا کارە دەستییەکانیان دەبەنە فرۆشگاکان بۆ ئەوەی بۆیان بفرۆشن و فرۆشیارەکانیش قازانجی لێوەردەگرن، بۆیە من ئەم فرۆشگایەم کردەوە تا ژنان سوودی ئابوری لە فرۆشتنی کارە دەستییەکانیان ببینن.
سۆما باسیشی لەوەکرد، لەبەرئەوەی ڕێکخراوەکەی قازانج نەویستە ئەو کارانەی لە فرۆشگاکەدا بفرۆشرێت هیچ قازانجێكی ناخاتە سەر و تەنها مەبەستی پاڵپشتی ژنانە و کارەکەشی سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
لە فرۆشگاکەدا کارە دەستییەکانی وەک جلوبەرگی کوردی چنراو، کڵاو و کۆڵوانە و جوانکاری نمایش دەکەن و نرخەکەشیان لە خوار بازاڕەوەیە، چونکە بە هیچ شێوەیەک قازانج ناخاتە سەر بابەتەکان.
یوسرا ئەشرەف، دەستڕەنگینێکە و کارە دەستییەکانی لە فرۆشگاکەدا نمایشکردووە، دەڵێت: من بەشداری ئەو پرۆژەیەم کردووە و کارە دەستییەکانمان بە نرخێکی گونجاو دەفرۆشین، ئەمەش هاوکارێکی ئابوری ئێمەیە.