فشارە ئابوورییە خنکێنەرەکان دوای کۆچکردن کە هاوکاتە لەگەڵ داخستنی سنوورەکان بەردەوامە

لێشاوی هەزاران خێزانی کۆچبەرو توندکردنەوەی سنووردارکردنەکان لەسەر ڕێگا گرنگەکان زنجیرەکانی دابینکردن تێکدەدات و مەترسی لەسەر بژێوی ژیان دروست دەکات، هاوکات دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی و ئابووری بە پێشەنگایەتی ژنان بوونەتە تۆڕێکی پارێزراو.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- بە شەپۆلی بەرفراوانی کۆچکردن و فشاری ئابووری، ژنان لە دیمەنی کۆمەڵایەتی لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێکخستنی پەناگە و دەستەبەرکردنی پێداویستی ڕۆژانە تا پاڵپشتی ئابووری خۆجێی، ناوەندیان گرتووە، بەجۆرێک کە هێزیان بووەتە بزوێنەرێکی سەرەکی کە بەردەوامیی ژیان دەپارێزێت و کاریگەرییەکانی قەیرانەکان لەسەر شارەکە کەم دەکاتەوە.

 

لە هەموو شەپۆلێکی کۆچکردندا زیانەکان تەنها بە ژمارەی ماڵە چۆڵەکان ناپێورێت، بەڵکو بە ڕادەی تێکچوونی هاوسەنگی کۆمەڵگە و ئابوورییەکەی، بە هاتنی هەزاران خێزانی کۆچبەر لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەوە بۆ قامیشلۆ، شارەکە بووەتە شوێنی کراوەی فشاری ئابووری و ژنانیش لە پێشەنگی خەباتی ڕۆژانە بۆ پاراستنی ژیان و ڕێگریکردن لەو داڕمانەی سەریان هەڵداوە.

 

غالیە مەحمود نەجار، ئەندامی لیژنەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ، پشتڕاستی کردەوە کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شایەتی کۆچکردنی بەرفراوانی دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی عەفرین بووە لە ئەنجامی ئەو هەڵچوونە سەربازییەی چەتەکانی هەتەشە دەستیپێکردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بەرەو قامیشلۆ بڕۆن، کە بارگرانییەکی ناوازەی خستە سەر بارودۆخی ژیان و ئابووری ناوچەکە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەو لێشاوە زۆرەی خەڵک هاوکات بووە لەگەڵ داخستنی ڕێگا سەرەکییەکان و دەروازەکان، هەروەها زنجیرەکانی دابینکردن بە توندی پەککەوتن، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان هەبوو، بەتایبەتی نان و کەرەستەی گەرمکەرەوە و ڕۆنی چێشتلێنان، ئەمەش بازاڕی بێکارکرد و فشارە ئابوورییەکانی توندتر کرد، بە شێوەیەکی کاریگەر شارەکەی خستە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەرەوە.

 

دامەزراوەکانی دابینکردن و ئابووری و کشتوکاڵی بە هاوکاری کۆمەڵگەی ناوخۆیی هەوڵیاندا سەرچاوە سنووردارەکان بەڕێوەببەن و ڕێگری لە خراپتربوونی قەیرانەکە بکەن، بەڵام گەورەترین ئاڵەنگاری دەستەبەرکردنی شوێنی مانەوە و پێداویستییە سەرەکییەکان بوو بۆ ئاوارەکان، زۆرێکیان ناچار بوون پەنا بۆ خوێندنگەکان، شوێنەکانی پەرستن یان بینا تەواونەکراوەکان ببەن، لەناو سەرمایەکی سەخت و کەمی گەرمی.

 

وەک دەرکەوت ژنان ئەوانە بوون کە سەختی ئەو کۆچکردنەیان لە ئەستۆ گرت، چونکە بەرپرسیارێتیەکانیان لە چاودێریکردنی خێزان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی منداڵان لە بارودۆخێکی سەختی دەروونی و ئابووریدا دوو هێندە زیادی کرد کە ئامادە نەبوون بۆی، سەرەڕای ئەوەش ڕۆڵێکی سەرەکییان لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا هەبوو، بەشدارییان لە ڕێکخستنی کاروباری پەناگەکان و پاراستنی منداڵان و پشتگیریکردنی کۆمەڵگەدا کرد، تەنانەت بەشدارییان لە ئەرکی پاسەوانی و پشتیوانی لۆژستی بۆ شەڕڤانان و ئامادەکردنی خۆراکدا کردووە، ئەمە جگە لە ئامادەبوونی چالاکانەیان لە چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگەدا.

 

غالیە نەجار ئاماژەی بەوەدا، کە ئەزموونەکە توانای گۆڕانی ژنانی بۆ هێزێکی ئابووری چالاک ئاشکرا کرد، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان، بەتایبەتی ژنانی کۆچبەر، کە مسۆگەری داهاتێکی سەربەخۆیان بۆ دەکات و کاریگەرییەکانی کۆچکردن کەمدەکاتەوە، هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکییە ئابوورییە ناوخۆییەکان ئێستا لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێن، سەرەڕای کەمی سەرچاوەکان.

 

ڕوونیشکردەوە، هاودەنگی کۆمەڵگە بەشێکی توندی قەیرانەکەی کەمکردەوە، چونکە نانەواخانەکان لە کارکردندا ماونەتەوە و بازرگانەکان بەردەوام بوون لە پێشکەشکردنی هاوکاری تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن، لە هەوڵێکی بەکۆمەڵدا بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئاستی ژیان، قۆناغی ئێستا پێویستی بە هاوکاری گشتی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

 

غالیە نەجار، ئەندامی لیژنەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ لە کۆتای قسەکانیدا، وتی: ئامانجی سەرەکی گەڕانەوەی دانیشتووانە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، هەروەها زەوی تەنها شوێنێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو بناغەی سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتییە و بەرخۆدان و هاودەنگی کۆمەڵگە مسۆگەری ڕاستەقینەی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە کەمترین زیان پێکدەهێنێت.