"ژنان بوونەتە قوربانی دەستی قەیرانی ئابووری"
هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی ئابووری سەختدایە بەهۆی ئەو قۆرخکاریەی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە موچەدا دەکرێت، ئابووریناسێکیش دەڵێت: ژنان زەرەرمەندی یەکەمن لە قەیرانی ئابووریدا.
شیرین ساڵح
سلێمانی- لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس خەڵکی باشووری کوردستان ئومێدێکیان بە دەسەڵاتی کوردی و حزبەکان هەبوو، کە چیتر لە نەهامەتیدا ناژین و باری گوزەرانیان باش دەبێت، بەڵام بەهۆی باش بەڕێوەنەبردنی ئابووری لەلایەن حزبەکانەوە خەڵکی دووچاری قەیرانێکی ئابووری سەخت بوون، لەناویشیاندا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن، چونکە بەشێکیان دەبێت بژێوی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دابین بکەن.
"ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی هەرێم و تورکیا زەرەرێکی گەورەی لە ئابووری دا"
گوڵاڵە سدیق شارەزا لە بواری ئابووری ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕاستیدا دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان دوای ئەو ڕێکەوتنە ٥٠ ساڵەی لە نێوان هەرێم و تورکیادا کرا خراپتر بووە، چونکە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە بەشی زۆری پارەی نەوت دەدرا بە کۆمپانیاکان و بەشێکی کەمی بۆ حکومەتی هەرێم دەگەڕایەوە، هەروەها فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە وای کرد عێراق شایستە داراییەکانی نەنێرێت، ئەمەش قەیرانی دارایی دروستکرد و دواتر بووە قەیرانی ئابووری، کە دوای ١١ ساڵ لەو قەیرانە هێشتا بازاڕەکان لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدان.
"ئەو بەشە بودجەی عێراق دابینی کردووە موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین دەکرێت"
گوڵاڵە سدیق ڕوونی کردەوە، هەموو ساڵێک لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا بەشە بودجەیەکی باش بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە ١٢،٦٪، مانگانە دەکاتە ترلیۆنێک و ٥٢٦ ملیار دینار، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەند نییە بە ڕێکەوتنی نەوت عێراقیش بودجەکە نانێرێت، ئەو بودجەیەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی داناوە جگە لە دابین کردنی موچە دەتوانێت پلە بەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران و پاشەکەوتیش بکات.
وتیشی: ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی عێراق بکات لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە، لایەنە ئەرێنییەکەی ئەوەیە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەم بڕیارە دەکەن، چونکە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆی زیانێکی ئابوری گەورەی هەبوو، بێ کاری زیاتر کرد و وایکرد ژمارەی خێزان سنوردار بێت، لایەنی نەرێنیشی هەیە بۆ ئەوانەی کە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن، چونکە پێشتر بە دڵی خۆیان پارەی نەوتیان دەبرد چیتر ناتوانن ئەوە بکەن.
"لە هەرێمی کوردستان چینی مامناوەند کەم بووەتەوە"
گوڵاڵە سدیق ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان خاوەنی ئابوورییەکی زۆر باشە چی بە فرۆشتنی نەوت یان داهاتی خاڵە سنورییەکان، باج، پارەی کارەبا و فڕۆکەخانەکان بێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نادادپەروەری لە دابەشکردن و گەندەڵی و قۆرخکارییەوە، حکومەتی هەرێم فەرمانبەرانی چەوساندووەتەوە، هەروەها چینی مامناوەند کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا چینی مامناوەند بناغەی پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگەیەکە.
دەشڵێت: خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری کوردستان وای لە خەڵکی کردووە حەز بکەن بچنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، ئەو لایەنە سیاسییەی کە فرۆشتنی نەوتی لە ژێر دەستدایە و کوردستانی تووشی قەیران کرد، زیانێکی زۆری گەیاند و یەکەم شت دەستی برد بۆ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵکی بژێویان تەنها لەسەر ئەو موچەیەیە، بەم شێوەیە قەبارەی پارەی لە گیرفانی خەڵكدا کەمی کرد و بووە هۆی لاوازی لە بازاڕەکاندا.
"قەیرانی ئابووری بۆ ژنان دوو هێندە کاریگەری هەیە"
گوڵاڵە سدیق جەختی کردەوە، ئەگەر موچە بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا بدرێت، سوودیشی بۆ ئەوانە دەبێت کە موچە خۆر نین، چونکە بازاڕ دەبوژێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەبەر بێ موچەیی خەڵکی تەنها پێداویستییە گرنگەکان دەکڕن، ژنانیش لەبەر ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا قوربانی یەکەمن، بۆیە لە قەیرانی ئابووریشدا ژنان بوونەتە قوربانی، بە تایبەتی ئەو ژنانەی خۆیان بژێوی ژیان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکەن، بارگرانییەک دروست دەکات، لە کاتێکدا ئەو موچەیەی حکومەت دەیدات بە هاوڵاتیان بەشی کەسێکی ئاسایش ناکات، چی بگات بەوەی بژێوی ژیانی لەسەر بێت، واتە ئەگەر قەیرانی ئابووری بۆ کەسی ئاسایی چەنێک قورس بێت، بۆ ژنان دوو ئەوەندە.
"هیچ پێشکەوتنێکی ئابووری نەبووە لە دوای ڕووخاندنی ڕژیمی بەعسەوە"
گوڵاڵە سدیق لە کۆتایدا وتی: قۆرخکارییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە، هەرچەندە لە عێراقیش هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە دەست ببەن بۆ موچەی خەڵکی، لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ پێشکەوتنێکیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، تا ئەم قۆرخکاریەش هەبێت، هیچ پێشکەوتنێک نابینرێت و ژیان بۆ دواوە دەگەڕێنەوە.